خواردنگەكانی تا بەیانی جمەیان دێت
خواردنگەكانی تا بەیانی جمەیان دێت
September 02, 2025

کات لە دووی شەو نزیک دەبێتەوە، بێدەنگی باڵی بەسەر زۆربەی گەڕەكەكانی هەولێردا کێشاوە، شار خۆی بۆ خەوێکی قووڵ ئامادە دەکات، بەڵام دۆخەكە لە شەقامی ئیسکان، شتێكی دیكەیە، لێرە وا هەست دەكەیت ژیان تازە دەست پێ دەکات.
دووکەڵی سپیی کەبابی سەر خەڵووز و بۆنی فەلافلی گەرم و چێشتە کوردییەکان، تێکەڵ بە دەنگ و قاقای پێکەنینی گەنجان و قسەی فرۆشیارە ماندوونەناسەکان دەبێت.
نانخواردنی درەنگانی شەو و بەرەبەیانیان لە هەولێر تەنیا بۆ تێرکردنی سکی برسی نییە، بەڵکو بووەتە کولتوور و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، گەنج و گەشتیار و کرێکارانی شەوانە بۆ خواردن و خواردنەوەی چا لەو جادەیە كۆ دەبنەوە.
سەمیر مزەفەر (تەمەن ٣٧ ساڵ) ماوەی ١١ ساڵە لە خواردنگەیەكی ئیسکان کار دەکات، هەزاران شەوی بێخەویی لەم جادەیە بەسەر بردووە، دەڵێت «لێرە نۆکاو و مەخلەمە و قیمە دەفرۆشین، شەو و ڕۆژ خواردنمان هەیە و دوكان داناخەین”. دەڵێت زۆربەی ئەو كەسانەی شەوان ڕوویان تێ دەکەن، گەنجانی هەولێر و گەشتیارانی عەرەبن، چونکە ئیسکان تاکە بازاڕە لە هەولێر تا بەرەبەیان کراوەیە.
بە قسەی ئەو، قەرەباڵغیی ڕاستینە لە کاتژمێر دوازدەی شەوەوە دەست پێ دەکات و تا دووی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت، دواتر لە بەرەبەیانەوە قەرەباڵغی دروست دەبێتەوە.
کڕیارە سەرەکییەکانی شەوان گەنجانن، یان ئەو کەسانەن کە بەتەنیا دەژین و کارەکانیان تا درەنگانی شەو دەخایەنێت. بەیانیانیش چیڕۆکێکی دیکەی هەیە؛ فەرمانبەران پێش دەوام ڕوو لە خواردنگەكان دەکەن بۆ خواردنی ماست و قەیماغ و نانی بەیانی. سەمیر جەخت لەوە دەکاتەوە یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی ئیسکان، هەرزانییەكەیتی، کە وای کردووە هەر کەسێک دەچێتە ئەوێ، بە دوو سێ هەزار دینار تێر دەخوات.
سووچێکی دیکەی جادەكە، ژێدەر فەرامۆشی تەمەن ٢٢ ساڵی لێیە، كە لەگەڵ باوکی خەریکی برژاندنی گۆشت و کەبابە. خواردنگەكەیان لە کاتژمێر چواری ئێوارەوە تا چواری بەیانی كراوەیە. ژێدەر دەڵێت کە ئەوانەی درەنگانی شەو دێن، بە زۆری گەشتیارن، باڵی مریشك و سنگی مریشک و تکەی گۆشت دەخۆن. دەشڵێت لە ئێوارانەوە تا ١٢ی شەو بەشی زۆری میوانەکانیان خێزانن. لە دوای ١٢ی شەوەوە تەنها گەنج دەچن.
لەناو ئەم قەرەباڵغییەدا، سەربوردەی ئەنجام عەزیزی تەمەن ٢٩ ساڵ، وێنەیەکی دیکەی کولتووری ئیسكان دەخاتە ڕوو، ئەو گەنجە دوای پێنج ساڵ ژیان لە دانیمارک، شەوێك گەڕاوەتەوە هەولێر و دەڵێت “سەعات یەک و نیوی شەو لە مەتاڕی هەولێرێ دابەزیم، برام هاتبووە دووم، گۆتم كوڕە زۆرم برسییە، شتەكم لۆ پەیدا كە، لێی پرسیم حەزم لە چییە؟ گۆتم دەمرم لۆ لەفەكی فەلافلی”.
ئەنجام بەدەم خواردنی فەلافلەکەیەوە درێژە بەباسەكەی دەدات و دەڵێت “بەڕاستی زۆر جیاواز و بەتامە، لە ئەوروپا بیری خواردنەكانی هەولێرێم دەکرد. هەر ئەو شەوی لە تەیارەی دابەزیم پێش ئەوەی بچمەوە مارێ، هاتمە ئیسكان و فەلافم خوارد، ئێستەش زۆربەی شەوەكان دێینە ئێرە نانی دەخۆین”.
كات لە چواری بەرەبەیان نزیك دەبێتەوە، هێشتا بۆنی نۆكاوی كوڵاو و گۆشتی برژاو دێت، گەرمایییەك بەگیانی ڕێبواران دەبەخشێت، كە ئەوەی جارێكیش بەوێدا تێپەڕی بێت، هەتا دنیا ماوە تینەكەی لە یاد ناچێت. لەودیوی ئیسكانیشەوە، تەواوی شار بەئارامی نووستووە، كەچی ئێرە جمەی دێت، دەڵێی دڵی هەولێرە، نەك هەر لە لێدان ناكەوێت، بەڵكو هەوێنی هەستانەوەی گەڕەكەكانی دیكەی شاریشە لە بەرەبەیانێكی نوێدا.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved