ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی پێشکەوتووەکان، سوود لە بوارە جیاجیاکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا وەردەگیرێ بۆ سوودی مرۆڤ و کامێرای چاودێریی وردبین لە زۆر شوێن و کات بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی هەیە، بۆ نموونە لە یارییەکانی تۆپی پێ.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە دادگە، کەیسی شۆفێری پاسێک کە کاری گواستنەوەی قوتابیانی ناوەندی و ئامادەییی دەکرد، خەڵک و دادوەرانی تووشی شۆک کرد. کاتێ ئەو شۆفێرە دەروون نەخۆشە بەئاشکرا دانی بەتاوانی هەڵخەڵەتاندن و دەستدرێژیکردنە سەر دەیان قوتابیی کچی هەرزەکار و گەنج دانا لەوانەی ڕۆژانە هاتوچۆی پێ دەکردن.
هەرچەندە سزایەکی زۆر قورس درا، بەڵام ئەم حاڵەتە بووە جێی پرسیار ئاخۆ چەندان حاڵەتی دیکە و شۆفێری نەفسنزمی دیکەی لەم شێوەیە هەن، کە ڕۆژانە ئێمەی باوک و دایک متمانەیان پێ دەکەین و ڕۆڵەکانی خۆمانیان پێ دەسپێرین، کەچی وەک گورگ وان لە پێستی مرۆڤ و خیانەتمان لێ دەکەن.
حاڵەتی دیکەمان هەبوو کارمەندێکی تەندروستی دوو منداڵی بەخزمێکی خۆی دەسپارد کە شۆفێری تەکسی بوو، تا بیانباتە قوتابخانەی سەرەتایی، کەچی دەستدرێژیی کردبووە سەر هەردووکیان و ئەویش ئاشکرا بوو و سزا درا.
دوکاندارێکیش نیوەڕۆیان بەتایبەتی لە هاوینان تاوانی زۆر قێزەونی لەگەڵ منداڵانی گەڕەک ئەنجام دەدا.
ئەو جۆرە تاوان و حاڵەتانە کە دەگەنە دادگە، تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن. بۆ ڕێگری لەم جۆرە تاوانانە و پاراستنی دەنگ و ناو و ئاکاری بەرزی شۆفێران و دوکانداران و هەر کاسبکارێک کە خەڵک هاموشۆیان دەکەن کە زۆربەیان کەسانی ڕەوشت بەرز و بە ئەخلاقن، پێویستە کامێرای چاودێری لەناو پاس و تەکسی و مۆڵ و کۆگە و چێشتخانە و کافتریا و شوێنە گشتییەکان دابنرێ، بە مەرجێك لەسەر دەرگەی دوکان و مۆڵ و پاس و تەکسی و شوێنەکانی دی، ئاگەداری و هێمای بوونی کامێرا دابندرێ تا کەسەکان و سەرنشینەکان ئاگەداری ڕەفتار و گوفتاری خۆیان بن کاتێك سواری تەکسی و پاس دەبن یا سەردانی شوێنە گشتییەکان دەکەن. پێویستیشە کۆنترۆڵ و چاودێریی ئەو کامێرایانەش لە دەستێکی ئەمین بێ، بۆ نموونە بەشێک لە ئاسایش هەبێ بە ناوی ئاسایشی کامێراکانی چاودێری و لە کاتی ڕوودانی هەر سەرپێچی و تاوانێک، دوای زانینی شوێن و کاتەکە، سوودی لێ وەربگیرێ.
یاساکانی هەرێمی کوردستان پێویستە گرینگی بەکامێراکانی چاودێری بدەن و یاسایەکی تایبەتی بۆ داڕێژن، چونکە تا ئێستە یاسا نییە.