ناوی منداڵەکانم
ناوی منداڵەکانم
September 02, 2025

لەگەڵ بزاڤ و هەستی کوردایەتی ناوی کوردی لەناو منداڵان زۆرتر دەبێت، دایک و باوکە دڵسۆزەکانی کوردایەتی، وڵاتپارێز بوون، ناوی جوانیان بە زۆر مەبەست، لە منداڵەکانیان دەنا.
ئەوەی لێرە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ساڵانی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ ناوی کوردیی منداڵان زۆرتر بووبوو، ئەوەش مانای ئەوە نییە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، ناوی کوردی نەبووە، بەڵام لەو ساڵانە زۆرتر بووبوو. لەبەر ناوە جوانەکان، هەندێ جار خێزانە عەرەبەکانیش، ناوی کوردییان لە منداڵەکانیان دەنا.
ناوی منداڵانی خێزانەکانی هەولێر؛ خوێندەوار، ئەرستوکرات، گوندی، شارستانەکان، ناوەکانیان کوردی بوون. زۆریش بەدوای ناوی نوێدا دەگەڕان، دەیانپرسی ناوێکمان دەوێ کەس نەیبێت. بۆ ناوەکان ناوی؛ دار، بەرد، کانی، جۆخین، ڕێگە، شاخەکانیان بەکار دەهێنا! بۆ کچانیش ناوی گوڵ، دیمەنە سیحراوییەکان، سۆزە شیرینەکان بەکار دەهات.
من یەکێک بووم لەوانەی ناوی ناوازەی کوردیی زۆرم لە منداڵان ناوە، لە خێزانەکەمان، خزم و کەسەکانم، هاوسێ، هاوکارەکانم، دوایی منداڵەکانی خۆم!
بەڵام ئێستە ناو لە منداڵان نانێم، چونکە بە ناوەکان ڕازی نابن، بەقسەشم ناکەن.
لە ساڵی ١٩٨٠، لەو دەمانەی شەڕی خوێناویی ئێران - عێراق گەرم و دژوار بوو، نۆبەرەکەم ناو نا کاژڤان.
زۆر دەیانپرسی مانای چییە، ئەو ناوەت لە کوێ دۆزیوەتەوە؟ بەناوی کێت کردووە؟ منیش جاروبار وەڵامم دەدانەوە، دەمگوت کاژڤانم، بە یادی دار کاژەکانی سوارەتووکەی بادینان کردووە! هەروەها ناوەکەم لە وشەی ‹›کاژ››، داری کاژی ناو ڕۆمانی ‹›ئەفسانەی چیای ئاگری››ی یەشار کەمال، لە وەرگێڕانی ڕەوانشاد ‹›شوکور مەستەفا›› دۆزیوەتەوە.
لەوێ وەک دارێکی پیرۆز باس کراوە. دارەکە هەمیشە کەسکە، بەرگریی سەرما، گۆڕانکارییەکانی سروشتی گرتووە.
دوای چەند ساڵ هاوڕێیەکم لە دائیرە بەڕەزامەندیی من، ناوی لە نۆبەرەکەی نا کاژڤان. ئەویشم چەند جار لە هەولێر دیوە. تەمەنی هەمووتان، هەموو ‹›کاژڤان››ەکان؛ وەک کاژ كەسک و زۆر بێت!
لە ساڵی ١٩٨٢ کچێکمان بوو ناوم نا کەڤان. بەو مەبەستەی ناوێکی ناوازی دەگمەنە لەو شارە! بەڵام پاش چەند ڕۆژێک چووم نفوسەکەی وەربگرمەوە، کابرا گوتی فەرموو کەڤان شێرزاد، منیش وەرم گرت، نفوسەکەم لە گیرفانم دانا، دوایی گوتم با بزانم ناوەکەیان جوان نووسیوە، بینیم نووسرابوو، کەڤان شێرزاد تەیب، گەڕامەوە گوتم؛ کاکە ناوی باپیرتان هەڵە نووسیوە، گوتیان موستەحیلە! دوایی دەرکەوت لە هەمان ڕۆژ، هەر لەو شارە ئەو ناوە بۆ منداڵێکی تر بەکار هاتووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved