کوردستان پڕە لە ڕێخوار
حەقە وەزارەتی ڕێخوارانی کوردستان هەبێت. ئەرێ ڕێخوار چییە، کێیە؟
بنۆڕە دەوروبەرت، شۆفێری پاس دایمە مۆبایلی لە بن گێیتی، زبڵڕێژەکان هەفتەی جارێک دێن، ئەویش زبڵدانەکەت دەشکێنن، چونکە توند بە عاردیدا دەدەن، گەنجە کۆنکانچییەکان قەت بیر لەوە ناکەنەوە فێرە پیشەیەک بن، بابت هەموو قەلبی کلاواتە، داکت هەتا دیلیڤەری هەبێت، یەک خواردن لێ نانێت، مێوان سەعات دەی شەوێ دێت، یەکی شەو دەڕوات و خۆشی پێ موسەقەفە، مودیر عام ڕۆژێ سەعاتەک دەوام دەکات و نەسریەش لێ دەدات، یەک وەزیرم پێ بڵێ سەڵاحیەت یان پلانێکی هەبێت، بەرپرسێکم پێ بڵێ منداڵەکانی شەق لە پارە هەڵنەدەن.
یەک مامۆستا بەدڵسۆزی کارەکەی خۆی ناکات، مووچەت نییە؟ دەتوانی ئیستیقالە بكەی، دکتۆرەکان خۆیان پێویستیان بەدکتۆرە، ئەندازیار لە تاقیکردنەوەی جەبر دەرناچن، پارێزەر عەرەبی نازانێت، خەیات و بۆڕیچی و کارەباچی و سەرتاش هەتا درۆ هەبێت، ڕاستی نازانن، مەلا زۆربەی ئەو قسانەی دەیکات، خۆی جێبەجێی ناکات، نووسەر لە بنەوە پارە لە حیزب وەردەگرێت، بازرگان فێڵبازە، لیستەکە درێژە.
بنۆڕە ناخی خۆت، خۆت ناناسی، ژنت هینایە، دوای دوو مانگ لێی بێزار دەبی، سەقافەی گەشت و سینەمات نییە، نازانی سێكس بکەی، نازانی چت دەوێت لەو ژیانە، بێ ئیشی و مەجالی هیچت نییە، خۆت پێ خەبیرە و پێت وایە لە هەموو شتێک لەوسەری هاتیەوە، هیچیش نازانی، ئینتیمات لۆ هیچ شتێک نییە، تەنانەت لۆ خودی خۆشت. قەدری خۆت و خاک و خوا نازانی، دەتەوێ زوو دەوڵەمەند بی بەس هیچ ئیش نەکەی، حەز دەکەی مووچە مەزبوت بی، بەس دەوام نەکەی، حەز دەکەی سواری هەموو شتێک بی، قسە لەسەر ژینگەپارێزی دەکەی، هەر بەخۆت سەیرانگەکان پیس دەکەی، لیستەکە درێژە، وەکی ئەو بۆڕیی نێرگەلەیەی بەردەوام دەیخەیە دەمتەوە و قومی لێ دەدەی.
ڕێکخراوێکم پێ بڵێ، ئیشەکەی بەباشی بکات. چما ڕێکخراو ئیشیان هەیە؟ هەی ڕێخوارینە. ئەدی چ بکەین لەگەڵ ئەو هەموو ڕێخوارانە؟
ڕاستەڕێکردنی ئەوانە زۆر ئاسانە. بە غەڕامە. هەموو بەشەرێک، چ لێرە چ لە دەرێ، بە غەڕامە عاقڵ دەبی. قسەی خۆش و ڕێز نایخوات. ئێستە دەسەڵات لە هەموو وڵاتان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە، بەڵام دیکتاتۆرێکی نەرم و ناسک و دیموکرات، تەنیا لە ڕێی غەڕامەوە مێگەل داژۆن.