گەورەترین ئاڵا بەردینەکە
گەورەترین ئاڵا بەردینەکە
October 01, 2025


ئەوەی بەئاسمانی هەولێردا تێپەڕێت، گەورەترین ئاڵای لە بەرد دروستکراوی كوردستان دەبینێت، كە ڕووبەری ٤٠٠٠ مەتر دووجای داپۆشیوە، ئاڵایەکی دیكەی کوردستانیشی بە بەرزیی ٥٠ مەتر لە تەنیشت هەڵكراوە.
ئەم ئاڵا بەرزە بەشێوەیەکی بەرچاو دیارە و گەشتیاران کاتێک بە ڕێگەی ئاسمانیدا دێنە هەولێرێ، بەر لەوەی لە فڕۆکەخانە دابەزن، دەتوانن دیمەنی ئەم ئاڵا بەرزە لەناو پاڕکێكدا لە ئاسمانەوە ببینن. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا وەک هێمایەکی نیشتمانی و گەشتیاری، بەڵکو وەک کارێکی هونەریی گەورە و سەرنجڕاکێشیش سەیر دەکرێت.
ئاڵایەكە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە، بەدیاریکراوی لە یەکتربڕی شەقامی سەرەکیی هەولێر – مووسڵ، لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری دروست كراوە، ئەنوەر مەجید سەرپەرشتیاری ئەو پڕۆژەیە، لە بارەی وردەکارییەکانەوە بۆ (گڵکەند) ئاماژەی بەوە دا کە لە ١٨/٥/٢٠٢٤ەوە لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران دروست کراوە.
ئاڵایەكە لەناو پاڕکێكە كە لەسەر ڕووبەری ٢٠٥ هەزار مەتر چوارگۆشە دروست کراوە لە یەکتربڕی شەقامی هەولێر - مووسڵ لەگەڵ شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر. وەك سەرپەرشتیار باسی دەكات “دیزاینی پاڕکەکە لەلایەن تیمێکی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دانراوە، کارەکانیشی لەلایەن تیمێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە جێبەجێ کراون”.
سەبارەت بەسەوزایی و پێکهاتەکانی ناو پاڕکەکە، ئەنوەر مەجید ڕوونی کردەوە كە ڕووبەری ئەو سەوزایییە زیاتر لە ١٠ هەزار داری جۆراوجۆر و ٢٢ هەزار گوڵ و دەوەن و دوو بیری ئاو و دوو عەمباری گەورەی ئاو و ئاڵایەکی سەرکەشی کوردستانی بە بەرزیی ٥٠ مەتر تێدایە. بۆ یەکەم جاریشە ئاڵایەک بە ڕووبەری ٤ هەزار و ١٢ مەتر بە بەرد دروست کراوە و بە بۆیاغی ئیپۆکسی ڕەنگ کراوە.
پڕۆژەی پاڕكەكە بەشێكە لە پڕۆژەی سەوزکردنی یەکتربڕی ڕێگەی (هەولێر - مووسڵ) لەگەڵ شەقامی خێرای (١٢٠)م. گوژمەی پڕۆژەکە گەیشتووەتە سێ ملیار و ٤٢٢ ملیۆن و ٣٠٨ هەزار دینار. ڕووبەری پڕۆژەکە ٢٠٥,٠٠٠ مەتر دووجایە. نزیکەی ١٠ هەزار داری جۆراجۆر و ٢٢ هەزار گوڵی جۆراوجۆر و دەوەن لەخۆ دەگرێت.
لە پڕۆژەکەدا دوو بیری ئاو بە قووڵیی ٥٠٠م و دوو عەمباری ئاو بە قەبارەی ٣٠٠م سێجا دروست کراون. هەروەها ئاڵای کوردستان بە بەرزیی ٥٠م و بەپێوانەی (١٠*١٥)م دانراوە. لە سنووری پڕۆژەکە، ڕێگەی (هەولێر - مووسڵ) بەهەردوو ئاراستە پیادەڕۆ دروست کراوە بە (stamp concrete) بە پانیی ٢م بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان.
ئەم پڕۆژەیە لە شێوەی تابلۆیەکی هونەریی زیندوو کە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان و سەوزاییی سروشت تێکەڵ دەکات، سیمای دەروازەی باکوری شاری گۆڕیوە، لەمەودوا هەر گەشتیارێک کە بەئاسمان یان لەم دەروازەیەوە بەوشكانیدا ڕوو لە پایتەخت دەکات، یەکەم دیمەن کە پێشوازیی لێ بکات، ئاڵایەکی سەربەرز و پاڕکێکی سەوزە، کە چیڕۆکی ئاوەدانی و خۆشەویستیی كوردستان دەگێڕنەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved