چیڕۆکی کۆکاکۆلا
چیڕۆکی کۆکاکۆلا
October 01, 2025

بەعس لەبەر ئیسرائیل قەدەغەی کرد
ساڵی ١٩٦٠ە، چەند سەت مەترێک لە تەنیشت منارەوە، بۆ یەكەم جار زرینگەی داگرتنی شووشەی كۆكا كۆلا لەناو سندووقی داردا دێتە گوێی خەڵكی هەولێرێ. ئەو سەردەمە، كۆلا خواردنەوەیەکی نوێ بوو، خەڵکی هەولێر نەک هەر پێی ئاشنا نەبوون، بەڵکو بە گومانەوە لێیان دەڕوانی.
سامی حاجی تەحسین (٦٨ ساڵ)، کوڕی یەکەم بریکاری کۆکا کۆلایە لە کوردستان، ئەوها دەست بەگێڕانەوەی باسی هاوردنی كۆلا بۆ هەولێر دەکات ”بەهۆی ئەوەی باپیرم زوو کۆچی دواییی کردبوو، باوكم هەر لە گەنجییەوە دەستی دابووە کاسبی، ساڵی ١٩٦٠ وەکالەتی کۆکا کۆلای لە شاری مووسڵ وەرگرتبوو، کارگە لەوێ بوو. باوكم یەکەم کەس بوو لە هەرێمی کوردستان ئەو وەکالەتەی وەرگرت و دوایێش وەكالەتمان دایە ڕواندز، چونکە ئەو کات ڕواندز خەڵکی زۆری لێ بوو و شارێکی گەورە بوو“.
هێنانی ئەم خواردنەوە جیاوازە بۆ هەولێر ئاسان نەبوو. حاجی سامی دەڵێت ”وەكی یەکەم جار کۆکا کۆلامان هینا، خەرک وەیان دەزانی شەراب و کحولە، لۆیێ لێی دوور دەکەتنەوە. ئەودەمی خەرک فەقیر بوون، شتی ئەوهایان نەدیتبوو، ماوەکی پێ چوو هەتا وردە وردە لێی ڕاهاتن و كۆكا كۆلا ڕەواجی پەیدا کرد“.
ئەو سەردەمە، بازاڕ و مارکێتی هاوچەرخ نەبوون. ژمارەی دوکانەکان کەم بوون، دابەشکردن بە شێوازێکی سادە بە ڕێوە دەچوو. حاجی سامی باس لەو ڕۆژانە دەکات و دەڵێت “دوو پیکابمان هەبوو، لۆگۆی کۆکا کۆلایان لەسەر بوو، شاگردمان هەبوو، كۆكا كۆلامان بەسەر چایخانە و گازینۆیەکان دابەش دەکرد. خەرکیش لە مارێ وەكی مێوانەكیان دەهات، بە تەلەفۆن داوایان دەکرد و ئەمەش لۆمان دەناردن”.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە، سندووقە دارەکان و سیستەمی گەڕاندنەوەیان بوو، سندووقی کۆکا کۆلا لە دار دروست کرابوو. دوو قەبارەی هەبوو یەکێکیان کورت و ئەوی دیکە درێژ. هەردووک شووشە بوون، هەر چایخانەیەک دە سندووقی بویستبا، دەبوایە دە سندووقی بەتاڵ بگەڕێنێتەوە. ئەگەر بوتڵێک شکابا، بەڵام قەپاغەکەی ساغ بوایە، پێیان دەگوت مەفلوق و لێیان وەردەگرتنەوە و یەکەكی ساغیان پێ دەدان. دوایێ ئەوەی مەفلوق بوایە، بۆ کارگەی مووسڵیان دەناردەوە. حاجی سامی لە بیری ماوە كە نرخی هەر سندووقێک كۆكا كۆلا ٢٤٠ فلس بوو، واتە هەر بوتڵێک ٥ فلس دەكەوت، بەڵام فرۆشیارەکان بە ١٠ فلسیان دەداوە.
پاش ماوەیەک کۆکا کۆلا خواردنەوەی نوێی بەرهەم هێنا، وەک ڤانتا، تەڕاووبی و سێڤن ئەپ، کە هەموویان کوالێتیان بەرز بوو. حاجی سامی دەڵێت ”خواردنەوەی ئەودەم غەل و غەشی تێدا نەبوو، هەمووی ئۆرجیناڵ بوو. خەرک دەیانگۆت ئەگەر نەخۆش کەتی، کۆکایەکی بخۆوە، پێ دەچوو لۆ هەزمكردنی خواردن باش بووبی“.
كۆكا كۆلا لە ڕێگەی بریکارەکەیان لە هەولێر، چەندین کۆشک و سەلاجەی دابەش کرد و لەسەر شۆستەی شەقامەکان هەبوو، حاجی سامی دەڵێت ”کۆشکەکان ئاسن بوون، سەلاجەکەش لە تەنەکە دروست کرابوو، وەکی بەرمیلی بوو، لە سەرێ قەپاغەکی هەبوو، دەکراوە و بەفرت تێ دەکرد، دوایێ بوتڵی کۆکا کۆلاکان لەسەر بەفرەکە ڕیز دەکران و سارد دەبوون، کارەباش نەبوو“.
حاجی سامی ڕۆژێکی هاوین بە باوکی دەڵێت ”کاکە لۆ کۆشک و سەلاجەکم لە پێش دەرگەی کۆگە لۆ دانانێی؟ حەزم لێیە شەکەرات و کۆکا کۆلای بفرۆشم“، باوكی ڕازی دەبێت و ساردكەرەوەیەكی بۆ دێنن، ئەویش دەچێت بەفرێکی زۆر لە ساردكەرەوەكە دەكات. بەهۆی ئەوەی ڕۆژێكی گەرمی هاوین بووە، ئەو سندووقە كۆكا کۆلایەی دەیهێنێت و لە ساردكەرەوەكەی دەكات، بوتڵەكان یەك لە دوای یەك دەتەقن. بەو شێوەیە ئەو كوڕەی خاوەن یەكەم بریكاری كۆكا كۆلا، دەست بە كاسبییەكە دەكات.
لە ساڵی ١٩٦٨دا، هەشت ساڵ دوای هێنانی كۆكا كۆلا بۆ هەولێر، ڕژێمی ئەو كاتی عێراق لەگەڵ گۆڕانکارییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، دەست بۆ کۆکا کۆلاش دەبات. حاجی سامی دەڵێت ”بەعس گۆتی کاکە ئەو خواردنەوەیە ئیسرائیلییە و نابی بەکاری بینن. ئەوە بوو ناوی کۆکا کۆلا گۆڕا بە کۆلا. لەبەرئەوەی دەرمانەكەی گۆڕا، كە بەقسەی بەعس ئیسرائیلی بوو، تامەکەشی گۆڕا، خەرک ڕەغبەتی جارانی لەسەر نەما، دوایێش پیپسی هاتە بازاڕی. ئەوجە هوردە هوردە بەرەو ئیفلاسی چووین“.
لە ساڵی ١٩٧٢، یاسای قەرەبووکردنەوەی کرێکار دەرچوو. لە کاتێکدا کاری کۆکا کۆلا بەرەو لاوازی دەچوو، حاجی تەحسین کە نزیکەی ١٥ کرێکاری هەبوو، هەوڵی دا بەشێوەیەک قەرەبوویان بکاتەوە کە زیانی زۆری بەرنەکەوێت. حاجی سامی دەڵێت ”بابم کرێکارەکانی کۆ کردەوە و پێی گۆتن بارودۆخمان باش نییە، وەكی داوای زەمانتان كرد، ساری ئیشكردنتان کەم بکەنەوە. لۆ نموونە، ئەوەی پازدە سار ئیشی کردبوو، پێی گوت برێ پێنج سارە“. بەڵام ئەوەی ڕووی دا، پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو. حاجی سامی درێژە بەگێڕانەوەكەی دەدات ”چووینە چایخانەک، دیتمان كرێكارەكان دانیشتینە و ئەوەی دوازدە سار ئیشی کردییە، دەرێت هەژدە سار، ئەوی هەشت سار ئیشی كردبوو، دەیگۆت دوازدە سار، هەموو دوو ئۆندەیان زیاد کردبوو“. ئەم هەڵوێستە حاجی تەحسین تووڕە دەكات، دەگەڕێتەوە بۆ کۆگەکە و تەلەفۆن بۆ گەراجی لۆرییەکان دەكات ”هەر ئێستە لۆریم لۆ بنێرن“. ئینجا ڕوو لە کرێکارەکان دەكات و پێیان دەڵێت ”وەکالە و هەموو شتەکم ڕاگرت، مەخزەن و ئیش نەما، یەڵڵا بڕۆن“. بەو شێوەیە لە سەرەتای ١٩٧٣ کۆتایی بەسەربوردەی یەکەم بریکاری کۆکا کۆلا لە کوردستان دێت.
دوای ئەو ڕووداوە، حاجی تەحسین یەکەم بازاڕی هاوچەرخی لە هەولێر بەناوی بازاڕی خەیام كردەوە و بریكاریەتی شەربەتی نادر و بەرهەمەکانی ئەلبانی وەرگرت. سەرباری ئەوەی بنەماڵەكە وازیان لە كۆكا كۆلا هێنا، بەڵام نازناوەكە وازی لێ نەهێنان و تا ئێستەش پاشناوی «کۆکە»یان پێوە نووساوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved