دوکانەکەی نەبووە مۆزەخانە
دوکانەکەی نەبووە مۆزەخانە

ئەو دێوەزمانەی خەپۆ پینەدۆزیان ڕاچڵەكاند

٣٥ ساڵە لە قونجە دوكانێكی جادە بەردەوام قەرەباڵغەكەی تەیراوەدا، بۆنی جانتای چەرم و پێڵاوی دڕا و ڕۆژگاری كۆن، حەكایەتی پیشەیەكی ڕەسەن دەگێڕنەوە كە خەریكە لە بەین دەچێت.
خەپۆ پینەدۆز كە ناوی عەبدولغەفارە، بەمنداڵی لەسەر دەستی پینەدۆزە سودانییەكان لەناو دەڵاڵخانەی هەولێر فێری ئەو پیشەیە بووە و بەدانانی تەنەكەیەكی بەتاڵی ڕۆنی ڕاعی، لە بەردەم ئەو دوكانەی ئێستە كاری تێدا دەكات، دەستی بە كارەكەی كردووە.
كە چووەتە بازاڕی تەیراوە تەمەنی ١١ ساڵ بووە، بۆیە وەك خۆی دەیگێڕێتەوە “خەرك لە خۆشەویستییان پێیان دەگۆتم خەپۆ، ئێستەش هەتا نەرێی خەپۆ پینەدۆز كەس نازانی عەبدولغەفار كێیە”. باس لەوەش دەكات بەهۆی ئەوەی باوكی مامۆستا بووە، پێی خۆش نەبووە ئەو كوڕە بچووكەی واز لە خوێندن بێنێت، بەڵام سوور بووە لەسەر كاسبیكردن و ویستوویەتی كار بكات.
خەپۆ پینەدۆز بە دڵخۆشییەوە باس لەوە دەكات لە ڕێگەی پینەدۆزییەوە لەو دوكانە بچووكە، ماوەی ٣٥ ساڵە بێ وچان كار دەكات و بووەتە خاوەنی ماڵ و حاڵی خۆی، ژنی هێناوە و چوار كچ و كوڕێكی تاقانەی هەیە.
ئەو لە پاڵ پینەدۆزیدا، جار جارە جانتای ژنانەش دروست دەکات، هەروەها بە دەست نەخش و نیگار بۆ پێڵاو و جانتای ژنان و منداڵان دروست دەكات.
عەبدولغەفار ساڵی ١٩٧٩ هەر لە تەیراوە لەدایک بووە. بە بیری دێت بۆ یەكەم جار درێشەکی لە پینەدۆزەكی سودانی كڕی، تا ئێستە لەگەڵ ئەو تەنەكەیەی بۆ یەكەم جار وەك پینەدۆز كاری لەسەر كرد، پاراستوویەتی.
پێش عەبدولغەفار، مەهدیی برا گەورەی ساڵی ١٩٨٨ دەستی بە پینەدۆزی کردبوو. لەو کاتەوە تا ئێستە هەردووکیان پێکەوە لە دوکانە بچووكەكەی ناو بازاڕی تەیراوە کار دەکەن.
لە نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، كاتێك خەپۆ دەستی بە پیشەكەی كرد، بازاڕ باشتر بوو، چونکە وەك ئەو دەڵێت ئەودەم خەڵک بەهۆی هەژارییەوە، ناچار بوون پێڵاو و جانتای دڕاویان چەند جارێك بدوورنەوە، بەر لەوەی پێڵاوێكی نوێ بكەنە پێ، بزمارڕێژیان دەكرد بۆ ئەوەی نەدڕێت. هەروەها بە هەموو ئیشێكیش ڕازی دەبوون و ئاستی داواكاری و خواستیان زۆر نەبوو، بەڵام ئێستە بەهۆی هەبوونیی خەڵكەوە، داواکاریی زیاترە و خەڵك تەنها بە ئیشی زۆر جوان ڕازی دەبن.
لە ماوەی ئەو ٣٥ ساڵەدا، گۆڕانکاری بەسەر كاری پینەدۆزیشدا هاتووە. خەپۆ دەڵێ “جاران پێراو و جانتای دڕای مەکتەبێمان چا دەکرد، ئێستە ڕسمی نەخش و نیگاری جانتای ماركەمان لۆ دەینن، دروستی دەکەین”. باسیش لە ماوەیەكی دیاریكراوی ئەو ٣٥ ساڵەی ڕابردوو دەكات، كاتێك لە دەوروبەری ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ باری ئابووریی خەڵك لە ناكاو زۆر باش بوو، وای لێ هات كەس پێڵاوی كۆنی چاک نەدەکردەوە، یەكسەر فڕێ دەدرا و هی نوێ دەكڕدرا، كەس جانتای چاك نەدەكردەوە، خەپۆ دەڵێت “ماوەكی خەرک لەسەر جادەی بە چاوەكی سەیر تەماشایان دەکردین، هەبوو ڕسمی لەگەر دەگرتین، وەكی ئاسار و توحفەمان لێ هاتبوو”. بەهۆكاری نەمانی بازاڕ لەو چەند ساڵەدا، جارێكیان خەپۆ بۆ ماوەی سێ مانگ واز لە ئیشەكەی دەهێنێت و هەوڵ دەدات دەست بداتە ئیشێكی نوێ، بەڵام وەک خۆی دەیگێڕێتەوە “لەوانەیە باوەڕ ناكەن، وەكی وازم لە پینەدۆزی هینا، شەوان مۆتەكەم دەدیت، خەوم لێ نەدەكەت، نەمتانی لە دووری ئەو قونجە دوكانە بحاوێمەوە”. بەو شێوەیە خەپۆ پینەدۆز دوای ماوەیەكی كورت گەڕایەوە سەر كورسییە بچووكە ژەنگاوییەكەی جارانی، درێشەكەی گرتەوە دەست، كە شوێنەواری دەیان برینی دەرزی و بزمار و درێشەی ٣٥ ساڵ كاركردنی لەسەرە.
لەوەش زیاتر خەپۆ پینەدۆز ڕێگەی بۆ كوڕە تاقانەكەی كردووەتەوە ڕێچكەی خۆی بگرێت، بەڵام بەشێوازێكی نوێ، دوای ئەوەی خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە، ئێستە كوڕەكەی خەپۆ فێری دروستكردنی جانتا بووە، خەپۆ دەڵێت “كوالیتی جانتایەكان زۆر باش و نایابن، كە ژمارەیەكی دیاریكراوی ئامادە بوو، دەیخەینە بازاڕ، هەمووی ئیشی دەستە و كەس ناتانی كۆپیی بكاتەوە، هەوڵم دایە داهێنان و نوێكاری لە ئیشەكە بكەین”.
عەبدولغەفار بەپێكەنینەوە بەسەرهاتی یەكەم كڕیاری خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت “قەت یەكەم موشتەریم لە بیر ناچیتەوە”، ئەفەندییەكی كەڵەگەت بە قات و ڕیباتێكی كەشخەوە، كە دواتر دەزانێت مامۆستایەكی زانكۆ بووە، پێڵاوێك لەناو عەللاگەیەك دەردێنێت و داوای لێ دەكات بۆی چاك بكات، ئەویش لە پشت تەنەكە بچووكەكەیەوە بەشەرمەوە پێی دەڵێت “مامۆستا بەخوای نازانم لۆت چا کەم، یەكەم ڕۆژمە”. كابراش پێی دەڵێت چ قەیدیە، هەتا هەڵە نەكەی فێر نابی، خۆت لەسەر ئەو پێڵاوە فێر بكە. خەپۆ پینەدۆز دەڵێت “خەرك هەیە لە نۆهەتەوە هەتا ئێستە سەردانم دەكات و وەكی خزم و ناسیاومان لێ هاتییە”.
هەقدەستی عەبدولغەفار لە هەزار دینارەوە تا ٧٠ هەزار دینارە و دەڵێت “ئیشەکەی من هەمووی بە دەست دەکرێت، ئەوەش وەخت و ماندیبوونی زۆری دەوێت، ئەمن پاش ئەو ماوە درێژە بوویمە كەسەكی شارەزا لە ئیشەكەی خۆم، لۆیێ هەندەك ئیش هەیە بە پارەكی زۆر نەبیت، نایكەم، ئیشیش هەیە زۆر گچكەیە و جار هەیە بە خۆڕایی دەیكەم”.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved