لە ناوەڕاستی شاردا، کە ئێستە پڕ بووە لە نانەواخانەی جۆراوجۆر، فڕنێكی تاقانە یادەوەرییەكی گەورەی لە دڵی هەولێرنشینان جێ هێشتووە، دوای تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر داخستنیدا، هێشتا تام و بۆن و بەرامەی لە یاد نەكراوە.
فڕنی سەموونی ئیعاشە لە نانەواخانەیەك زیاتر بوو، لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە بووە بەشێك لە نەریتی هەولێر، بەیانیان زوو لە ڕێگەی ئۆتۆمۆبێلێكی ڕەنگ سوورەوە بەناو شاردا دابەش دەكرا، هەژارەكانی تێر سەموونی نایاب دەكرد.
فڕنی سه‌موونی «ئیعاشه» تاكه فڕنی سەموون بوو لە هه‌ولێرێ، ناوبانگی گه‌یشتبووه هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان، خواردنی سه‌ره‌كیی بەیانیانی خه‌ڵك بوو.
نازم ئاغا ئەسعەدی بەڕێوەبەری فڕنییەكە بوو، چەند بریكارێكیان لەناو شاری هەبوو، بەیانیان سەموونەكانیان بە لۆرییەكی تایبەتی سۆر دەیانگەیاندە بریكارەكان، دوو شوفێریان هەبوو بەناوەكانی سەڵاح و فایق. فەرمانبەرەكان و كرێكارەكان هەموویان خەڵكی هەولێرێ بوون.
سه‌ید عیسا سه‌لیم چایچی (تەمەن ٧٤ ساڵ)، له خانه‌قا له‌دایك بووه، له بارەی فڕنی ئیعاشه‌وە ده‌ڵێت، ساڵی ١٩٥٦ له سه‌رده‌می مه‌لیكی عێراق دروست كرا، ناوی ئیعاشه له وشه‌ی عه‌ره‌بیی (عیش) وه‌رگیراوه، واته نان.
شوێنی فڕنی ئیعاشه ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی سه‌واف، بینایەكە وەك خۆی ماوەتەوە و دەستكاری نەكراوە، بەڵام كراوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی یه‌كی هەولێر.
ئەو كەسایەتییەی هەولێر، بیره‌وه‌ریی خۆی له باره‌ی دروستكردنی ئه‌و فڕنییەوە بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه «ئه‌من مندار بووم، مارمان له فڕنی ئیعاشه‌ی نێزیك بوو، وه‌ختی كه دروست كرا له‌گه‌ر براده‌ران ده‌چووین ته‌ماشامان ده‌كرد، موهه‌ندیسه‌كی ئینگلیز سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرد، جێیه‌كه‌ی گرده‌ك بوو ته‌ختیان كرد، ئه‌و فڕنه‌یان لێ دروست كرد، هه‌تا ته‌واو بوو و ده‌ستی به ئیشێ كرد، فەترەكی باشی پێ چوو».
باسی ئەوەش ده‌كات كە فڕنی سه‌موونی ئیعاشه موڵكی حكوومه‌ت بوو، له‌و سه‌رده‌مه له به‌شی زۆری پارێزگەكانی عێراق دروست كرا، شێوه‌ی له‌و سەموونە دەچێت کە ئێستە پێی دەگوترێت سەموونی تورکی، به‌ڵام تام و چێژێكی تایبه‌تی هه‌بوو، خواستێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار به‌رنه‌ده‌كه‌وت، ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه فڕنه‌كه به نه‌وتی سپی ئیشی ده‌كرد و باشترین جۆری ئاردی به‌كار ده‌هێنا كه ئاردی سفری بۆمبای بوو، له ڕێگه‌ی لۆرییه‌وه به سندووق به‌سه‌ر بریكارەکاندا دابه‌ش دەکرا.
له باره‌ی شێوازی دروستكردن و نرخه‌كه‌یشی ئاماژه به‌وه ده‌كات، “عه‌مه‌له‌كان، مۆزه‌فی حكوومه‌ت بوون، دوو شه‌فت ئیشیان ده‌كرد، سبەینان سەعات پێنج هه‌تا سێی پاش نیوڕانێ، شه‌فته‌كه‌ی دیش سێ هه‌تا پێنج بوو، به‌سعرەكی هەرزان ده‌فرۆشرا، قلی به ده فلس و سندووقیشی به ڕوبعه‌كی بوو، به‌س دوایێ له‌گه‌ر گۆڕانی وه‌زعی ئابووری، بەتایبەتی له هه‌شتایه‌كان، سعره‌كه‌ی زیاد كرا».
بەقسەی سه‌ید عیسا، سه‌ره‌تا فڕنی ئیعاشه تاكه فڕن بووه له هه‌ولێرێ، دواتر فڕنی سه‌موونی حه‌جه‌ری په‌یدا بوو. هۆكاری داخستنی فڕنه‌كه‌ش بۆ ئابڵووقه‌ی ئابووریی سه‌ر عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ساڵی ١٩٩٠ دوای هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر كوێت باری ئابووریی عێراق خراپ بوو، به‌و هۆیه‌وه فڕنی ئیعاشه‌ی هه‌ولێر داخرا.