بەڵگەنامەیەكی فەرمی ئاشكرای دەكات كە ساڵی ١٩٦٢ پارێزەرێکی هەولێر، بەهۆی ئەوەی براکەی بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، دەستگیر کراوە و دوور خراوەتەوە.
بەپێی نووسراوێکی قیادەی فیرقەی دووەمی سوپای عێراق، پارێزەر ئەمیر عەبدولکەریم بەهۆی ئەوەی عەقید بەکر عەبدولکەریمی برای بووەتە پێشمەرگە، دەستگیر کراوە و لە ڕۆژی ١٩٦٢/٨/١٤ بۆ باشووری عێراق دوور خراوەتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دوای کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٣، ئەمیر عەبدولکەریم بەزیندانیکراوی گەڕێندراوەتەوە هەولێر.
لەو نووسراوەدا، فەرماندەییی فیرقەی دووەمی سوپا لارینەبوونی خۆی بەئازادکردنی ئەمیر عەبدولکەریم بەحاکمی گشتیی سەربازی ڕاگەیاندووە و گوتوویەتی بەو مەرجە ئازاد بكرێت كە ڕێگەی نەدرێت کاری پارێزەرایەتی بكاتەوە.
عەقید یان ڕەئیس بەکر عەبدولکەریم، یەکێک لە فەرماندەکانی سەربازگەی مەشقی ناسریەی سوپای عێراق بوو، لە مانگی ٧ی ١٩٦٢ پەیوەندیی بەشۆڕشی ئەیلوولەوە کرد، دواتر لەگەڵ چەند فەرماندە و ئەفسەرێکی دیکە کە ئەوانیش پەیوەندییان بەشۆڕشەوە کردبوو، هێزی تۆپخانەی شۆڕشیان دامەزراند.