مەرگی بێ نوێگەری
مەرگی بێ نوێگەری
October 01, 2025

ئەم كاروانە چەند ماندووە
لەژێر هەتاوی سووتێنەری ڕۆژگارێكدا ڕێ دەكا
خۆی پێویستی بە سێبەرە
بە تەمای بارانی هەورێكە
بیابانیش نایناسێتەوە.

(2)
میوەی مەجلیسی زاڵمان
هێشتا ئەندامەکانی جەستەی ئێمەیە
چاوەكان بوونەتە هێشووە ترێ و
پەنجەكان بوونەتە ترۆزی ناسك و
لاجانگ و ڕوومەتەكان بوونەتە قۆخی تووكن
مەجلیسی ئاغاكانی تاریكی
ترسی منداڵییان كردۆتە لاوك و
لاواندنەوەی دایكان بە حەیران.

(3)
سەیرە
ئێمە هەموو نەهامەتییەكانمان تاقی كردەوە
تەنیا نەهامەتیی زمان نەبێت
ئێستایش بە شوێن شكۆی زمانەوەین.

(4)
ئێمە
لەگەڵ ئەوەی لە ژیاندا باجی كۆن دەدەین
مردنیشمان هی جارانە و
نوێگەریی تێدا نییە.

(5)
نابێ ئەو دیدگایە ڕاست بێ كە مردووەكان دەبنە ئەستێرە
دەنا قوربانییەكانمان
دەیان ئاسمانی دیكەی پێویست بوو.

(6)
كەسمان نەمانتوانی هەستین
بڕۆین بە پیر، پیرەمێردێكی كەنەفتەوە
قژی كچۆڵەیەكی ئاوارە شانە بكەین
نەمانتوانی ئایندەی زمان فەرامۆش بكەین و
بڕۆین بە پیر هاواری ئێستاوە.
بشمانەوێ ناتوانین هەستین
چونكە مێژوو لە كۆشماندا دانیشتووە.

(7)
نیشتمان پڕە لە قسەی نەستەق و
بەتاڵە لە وڕێنەی زمان
بۆ ئەوەی بە تەواوی نەدۆڕێین
دەبێ پێچەوانەی بكەینەوە
پڕی بكەین لە وڕێنەی زمان و
بەتاڵی بكەینەوە لەم جۆرە حیكمەتانە.

(8)
هەقە بە مردن بڵێین شتی نوێمان نیشان بدە
بە وردەبرینەوە مەمانترسێنە
پشتمان لە كووڕبوونەوەدا مەچووێنە بە چیاكان
نێوچەوانمان لە لۆچیدا مەچووێنە بە دەشتەكان
یەكجارەكی هەڵمەت بێنە ئەی ترسنۆك.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved