مەنهەجی ئاین بۆ هەموو پۆلەکان لە کوردستان چەند کەسێک دایان ناوە، شارەزای دینن، بەڵام شارەزای دەروونی قوتابی نین، نازانن ئەو مەنهەجەی دایان ناوە چ کاریگەرییەکی نەرێنیی هەیە.
قوتابی لەبەر وانەی ئاین، قورئان و حەدیس و نوێژیشی لەبەرچاو دەکەوێت.
یەکێک نییە بچێت ڕاپرسییەک بکات؟ با بەس ئەو پرسیارە بکات: حەزت لە وانەی ئاینە؟ زۆربەی وەڵامەکان «نەخێر» دەبن، لەوانەشە دنیایەک قسە بەمامۆستای ئاین بگوترێت.
یەک لە بارە خۆم، هەر قوتابییەک دەبینم، یەکسەر ئەو پرسیارەی سەرێی لێ دەکەم. تا ئێستە یەک قوتابی نەبووە بڵێ حەزی لێیە. کە دەڵێم لۆ، یەکسەر دادەبەزنە سەر مامۆستای ئاین.
ئەوانەی مەنهەجیان داناوە، بەوەزارەتی پەروەردەیشەوە، بەرپرسن لەو دیاردە و لە ناشیرینکردنی مامۆستای ئاین و وانەی ئاین.
ئەمن مامۆستای ئاین بم، لە پۆل ئەو شتانەی خوارێیان فێر دەکەم و لەسەر مەنهەجەکە ناڕۆم، با موشریف لۆ خۆی سیری بخوا و زوڕنای لێ دا.
بەپێی ئاستی پۆلەکە، باسی خوایان لۆ دەکەم.
فێریان دەکەم قەت زبڵ فڕێ نەدەنە ئەو گۆڕەی، دەبێ بیخەنە زبڵدانەوە. هەفتەی جارێک پۆلەکەیان پێ خاوێن دەکەمەوە.
- فێری کاری خۆبەخشیان دەکەم، مانگێ جارێک دەیانبەم بۆ پارکێک، عەلاگە و پەنجەوانەیان دەدەمێ، زبڵ هەڵگرنەوە و بیخەنە زبڵدان.
- فێریان دەکەم سبەینان هەستان لە خەو، جێیەکەیان ڕێک بخەنەوە.
- فێریان دەکەم ڕێز لە خۆیان بگرن، بەهای خۆیان بزانن، چەندە گرینگن لە ژیان.
- فێریان دەکەم شەوان زوو بنوون، سبەینان زوو هەستن.
بە دەیان شتی دیکە هەیە، مامۆستای ئاین دەتوانی فێری قوتابی بکات، لە باتیی ئەو مەنهەجە سەقەتەی کە لۆیان دانرایە.
بەس پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا هیچ مامۆستایەکی ئاینیمان هەیە خۆی و خوای بناسی؟ ئایا بە خۆی شەوان زوو دەخەوێت؟ سبەینان جێی خۆی ڕێک دەخات؟ قەت چووەتە پارکێک و زبڵی هەڵگرتبێتەوە؟ قەت پۆلی خاوێن کردیتەوە؟