سەد ساڵەی شارەوانیی هەولێر
سەد ساڵەی شارەوانیی هەولێر
October 01, 2025

لە ساڵی ١٩٨٥ و زووتریش لە شارەوانیی هەولێر مەساح بووم، بێجگە لە کارە هونەرییەکانم، ڕووپێوی و نەخشەسازییەکان، دەچوومە نمایشی شانۆگەرییەکانی کۆمەڵەی هونەری و وێژەی کوردی و تیپی هونەریی هەولێر و تیپەکانی تریش، ئەوانەی لە سلێمانییەوە دەهاتنە هەولێر، کە لە هۆڵی گەل، دوایی ئەوانەی لە هۆڵەکانی سەقافەی جەماهیری و میدیا و دواناوەندیی ڕزگاری و شوێنەکانی تریش نمایش دەکران، زۆریش فەرمانبەرە هاوڕێیەکانیشم، دەبرد، فێرم دەکردن کتێب بکڕن و بخوێننەوە.
لەو ساڵانەدا زۆر لە ڕۆشنبیرانی شارەکەش بۆ کاری تایبەتی، بەسەردانیش دەهاتنە شارەوانی و دەمبینین. بەنیازیش بووم گەورەترین کتێبخانەش لە ماڵەوە دابنێم، ئەوەشم بۆ بەرهەڤ بوو.
لەبەر ئەوەش بوو، بیرم لەوە کردەوە بەنووسین و ئامادەکردنی کتێبێک بەزمانی کوردی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی شارەوانیی هەولێر بکەمەوە، بۆ ئەوەش چەندان چاڵاکیم بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پێشنیاز کرد، لەوانە ئامادەکردنی کتێبێکی تایبەتی و بەزمانی کوردی، چونکە تا ئەو دەمانە کتێب لەسەر هەولێر بەزمانی کوردی نەبوو، هەموو بەزمانی عەرەبی چاپ و بڵاو کرابوونەوە!
بەڵام زووتریش لە شارەوانیی هەولێر، گۆڤاری هەولێر لە ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و نووسەری شارەوانی وەک ئەندازیار ‹‹هاشم عەبدوڵڵا››، ‹‹محەمەد مەولوود مەم››، ‹‹پیرباڵ مەحموود››، ‹‹مەغدید سۆران›› و ‹‹بیلال عەزیز›› و ئەندازیار ‹‹مەجید عومەر کۆیی›› و کەسانی تر دەرچووبوو، بەڵام کتێبێکی تایبەتی گشتی؛ بەنووسین و فۆتۆ و نەخشە و ئامار نەبوو. هەر بەو بۆنەیە، لەو ساڵەدا بە کۆششی زۆرمان ئەو کتێبەم ئامادە و چاپ کرد.
لە چەندان دەرگەی ماڵی مامۆستا و نووسەرانم دەدا، زۆریان هاوکارم بوون، زۆریشم لەو پڕۆژەیە ناسی، وەک مامۆستا محەمەد تەیموور و مەغدید حاجی. چوومە کن بەڕێوەبەر و فەرمانبەرە خانەنشینەکان، چەندان سەرچاوەم بەزمانی کوردی و عەرەبی پەیدا کرد. لە ماوەی نزیکەی ساڵێک، کتێبەکەم ئامادە کرد، هەر خۆشم بردمە ڕەقابەی بەغدا، لەوێش بردمە چاپخانە، هەڵەبڕییەکانم لە بەغدا دەکرد، دوو سێ شەو دەمامەوە، پارەی چاپەکەم لە ئەمانەتی ڕۆشنبیری و لاوان پەیدا کرد، بەمەرجێک سێ هەزار دانەی لێ چاپ بکرێت، من پێنج هەزارم چاپ کرد. هەمووم بە لۆرییەکی هێناوە ماڵەوە، ئێستە یەک دانەم ماوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved