زیرەکی دەستکرد و یاسا
زیرەکی دەستکرد و یاسا

لەم ساڵانەی دواییدا زیرەکی دەستکرد زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە، ڕۆژانە بەکارهێنانی پتر و هەمەجۆرتر دەبێت، یارمەتیدەرێکی زۆر گرینگ و بێدەنگی مرۆڤە، بەتایبەتی ئەوانەی لێی دەزانن و سوودی لێ وەردەگرن.
دەبینین لە سۆشیال میدیا کۆنە وێنە دڕاو و شێواوەکان چۆن بە سافی و جوانی و چەندین جۆر دەستکاری پیشان دەدرێن، دەربارەی هەر بابەتێک داوای لێ دەکەی وەک عفریتەکانی حەزرەتی سولەیمان لە چاوترووکانێک زانیاریی ورد و چاکت دەداتێ هەرچەندە هەندێك جار زۆر بەدیقەت نییە.
پەخشانت دەوێت، شیعرت دەوێت، حەکایەت و چیڕۆکت دەوێ، دەربارەی هەر بابەتێک یا بوونەوەرێک و ڕووداوێک تا دەگاتە ئاواز دانان و گۆرانی گوتن یان قورئان خوێندن بەدەنگی هەر گۆییندە و گۆرانیبێژ و دەنگخۆشێک.
هەر بەزیرەکی دەستکردە کە وڵاتان بۆ کاری سوودمەند و باش بۆ تاک و کۆمەڵگە بەکاری دێنن. لەلای خۆمان و وڵاتانی ناوچەکە بۆ جلکی کوردی پۆشینی سەرکردەکانی جیهان و شایی پێکردن و هەڵپەڕاندنیان و وێنەی کاریکاتێرییان بەکار دەهێندرێ.
لەو ڕۆژانە لەگەڵ چەند خزم و برادەرێک دانیشتبووین باسی ئەسپسواری کرا، یەکێکیان گوتی من بە بیرم نایێت قەت ئەسپسوار بووبم، لە دوای چەند چرکەیەک یەکێکی شارەزا کە لەگەڵمان بوو، ئەو کەسەی بەوێنە سواری ئەسپێکی ڕەسەن کرد، کە پێی لەناو ڕکێف و جڵەوبەدەست، دەتگوت دوازدەسوارەی مەریوانە، هەموومان سەرمان سڕ ما بەبینینی وێنەکە، ئەو کات هەستم بەمەترسیی زیرەکی دەستکرد کرد و گوتم، ئەوە لە فۆتۆشۆپ و دۆبلاژکردن زۆر ترسناکتر و مەترسیدارترە.
هەر لەو دانیشتنە، شارەزاکە وێنەی منداڵێکی گرت و لێی پرسی لە یاریزانەکان کێت خۆش دەوێت؟ گوتی میسی، یەکسەر لەناو گۆڕەپانی بەرشەلۆنە وای کرد میسی تۆپێکی لە بن باڵی چەپی دانێ و دەستەکەی دیکەشی لەسەر شانی ئەو منداڵە.
لە وڵاتان، پێش بەکارهێنانی هەر داهێنانێکی نوێ، لەلایەن کەسان و پسپۆڕانی یاسادانانەوە، یاسا و ڕێسای تایبەتی بۆ دادەڕێژن تا کەس نەتوانێت بۆ کاری خراپ و تاوانکاری بەکاری بهێنێت.
لای خۆمان ئەوەش ئەرکێکی دیکەی گرینگ و پێویستی پەرلەمانتارەکانی خولی نوێی پەرلەمانە کە تا ئێستە دەستبەکار نەبووینە بۆ داڕشتنی یاسا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved