مشکۆ لە خەستەخانە هاتە دەرێ و لە پاش مەرگمی تۆمار کرد
مشکۆ لە خەستەخانە هاتە دەرێ و لە پاش مەرگمی تۆمار کرد
October 01, 2025

لە ناوەڕاستی حەفتاکان ماڵیان لە گەڕەكی عارەبان بوو، ئەو دەمی وەکی ئێستە خانییەكان حەمامیان تێدا نەبوو، بۆیە مشکۆ هەموو بەیانییەک لەگەڵ مەلا بانگدان بوخچەیەکی هەڵدەگرت بەرەو حەمامی عەسری، کە تا ئێستەش ماوە و لە نزیک ماڵی هونەرمەندی کۆچکردوو جەلال بەیار بوو، کە دەشگەڕایەوە بەجلوبەرگێكی کەشخەوە دەبیندرا، دەهاتە لای مام مەجید کۆییی جگەرفرۆش، كە كەوتبووە شوێنی ئێستەی تۆمارگەی مشکۆ، ئەو هونەرمەندە لە بەرامبەر مەقەڵەکە لەسەر بلۆکەک دادەنیشت، قاپێکی بە نانێکی گەرم بە دەستەكی دەگرت، بە دەستەكەی دیكەشی شیشە جگەرەکانی دەبرژاند، ئەوجە دەچووە سەر کورسییەک لە چایخانەی ئەبو سامی دادەنیشت و هێدی هێدی نانەكەی دەخوارد.
شه‌وكه‌ت سه‌عید ناسراو به‌ مشكۆ هه‌ولێری، لە حەفتاکاندا له‌ ڕێی تۆماركردنی كاسێت و به‌شداریكردن له‌ ئه‌گله‌نجه‌كان کە له‌ بۆنه‌كانی وەك ژنهێنانی کوڕە هەولێرییان ڕێک دەخران، جێی خۆی له‌ دڵی خه‌ڵكدا كرده‌وه‌، زیاتریش بەمەقامی (لە پاش مەرگم) ناوبانگی دەرکرد.
مشكۆ هه‌ولێری وه‌ك خۆی له‌ دیمانه‌یه‌كی ڕادیۆی به‌غدا باسی ده‌كات، ساڵی ١٩٠٨ لە گەڕەکی سەرای قەڵاتی هەولێرێ لەدایک بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا هه‌ست ده‌كات ده‌نگی خۆشه‌ و له‌ دیداری دۆست و براده‌رانی و پاشتریش له‌ ئه‌گله‌نجه‌ی شه‌وانه‌دا گۆرانی و مەقام بە کوردی و قۆریاتی تورکمانی ده‌چڕێت.
به‌گوته‌ی خۆی، یه‌كه‌م جار بەئاشكرا لە ١٩٣١ بەبۆنەی بوونی عەلی پاشای دۆغرەمەچی بە ئەندام پەرلەمانی عێراق، لە ماڵی ئەوان مەقامی بەیاتی گوتووە. ساڵی ١٩٥٦ شێخ لەتیف شێخ مەحموودی حەفید داوەتی سلێمانیی ده‌كات و شەوێ لەگەڵ گۆرانیبێژ ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا تا درەنگان مەقام و گۆرانی ده‌ڵێن، هه‌روه‌ها لە شەوانی دیوەخانی ئەمین ئاغای کۆیەش ئاهەنگی ساز كردووه‌.
مەقامی لە پاش مەرگم، كه مشكۆ دەڵێت ئەمین ئاغای کۆیە ناسراو بە(ئەختەر) شیعرەكەی نووسیوە، هه‌ر كه‌س به‌جۆرێك سه‌ربوردەكەی ده‌گێڕێته‌وه‌، بەڵام مشكۆ هه‌ولێری له‌ دیمانه‌یه‌كدا ئه‌و دەنگۆیانەی ڕه‌ت كردووەته‌وه‌ كە مه‌قامه‌كه‌ی بۆ مه‌رگی هاوسه‌ره‌كه‌ی گوتبێت، به‌ڵكو یه‌كه‌م جار ساڵی ١٩٥٩ دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووز له‌ ماڵی کەمانچەژەنی بەناوبانگ و بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی هونەرمەند غانم حەداد له‌ مووسڵ، كه‌ به‌ده‌نگی سه‌رسام بووه‌، مەقامەكه‌ی لەسەر ئسوڵی مەقامی بەیات گوتووه‌.
مشكۆ باس لەوەش دەكات كە بەلێهاتوویی و توانای ئه‌و کەمانچەژەنه‌ کاسێتەكه‌ ئه‌وی لەسەر ئاستی کوردستان ناساند‌.
بۆ جاری دووەم مشكۆ مه‌قامی (له‌ پاش مه‌رگم)ی لە دۆخێكی جیاوازدا تۆمار كرد‌،‌ دوای ئەوەی به‌هۆی سووتانی جەستەی، چه‌ند مانگێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ مایه‌وه، دکتۆر عەبدولڕەزاق دەباغ كه‌ سه‌رپه‌رشتیی تەندروستیی مشكۆی كردووه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، چیڕۆكی تۆماركردنی مه‌قامه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌وه‌ بۆ (گڵكه‌ند) دەگێڕێته‌وه‌ “ساڵی ١٩٧٠ پزیشكی نەشتەرگەری بووم لە خەستەخانەی کۆماری، ڕۆژەك خەبەریان دامێ كە مشكۆی گۆرانیبێژ هەموو قالبی سووتایە و لە قاوشی سووتانە، وەكی چووم ئەمنی دیت بە تورکمانی گۆتی دکتۆر قوربانو ئۆڵەم، حالمن چۆغ خەراب ئۆڵد. ئەمنیش پێم گوت یۆ یۆ شەوکەت، بیر شەی یۆخت، تەماشام کرد، یەکسەر داوام کرد بیبەنە ژووری عەمەلیات، نەشتەرگەریم لۆ كرد، پاش ماوەکی سحەتی باش بوو”.
پزیشكەكەی مشكۆ باسی ڕووداوەكانی حەفت مانگ دواتری سووتانی هونەرمەند دەكات و دەڵێت “ڕۆژێکیان لە خەستەخانە دانیشتبووم، لە دەرگە درا، دیتم عەبدولڵەتیف چەخماخچی خاوەن تۆمارگەی عەبدولڵەتیف هاتە ژۆرێ، داوای لێ کردم ئەو شەوی ڕێ‌ بدەم مشکۆ ببەنە دەرێ، لۆ وەی کاسێتەكی لە ماری خۆیان لۆ تەسجیل بكەن، ئەوەلی ڕازی نەبووم، چونکە ئەو هێشتا عیلاجی وەردەگرت، دوایێ عەبدولڵەتیف زۆر پێداگریی کرد، دیار بوو مشکۆش گەلەك لە خەستەخانەی بێزار بووبوو، گۆتم بەو شەرتەی ڕازی دەبم، یەکەم شریتی لۆ من بینن، پاش چەند ڕۆژەك یەکەم شریتی مەقامی لە پاش مەرگم و جەوێ حەوێیان لۆ هینام”.
لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس مەحموود زامدار کۆڕێکی لە هۆڵی میدیا بۆ مشکۆ ساز كرد، سەتان کەس ئامادەی بوون، لە ناویشیاندا کەسایەتییە تورکمانەکانی هەولێرێ، لە وەڵامی پرسیارێكدا كه‌ ڕای بەرانبەر کوردستان چییه‌؟ مشکۆ گوتبووی «سێ بە سێ تەڵاقی ئەوەی بکەوی کە کوردستانی خۆش ناوێت».
هونەرمەند مشكۆ ڕۆژی ١٨ی مایسی ١٩٨٩ ماڵئاواییی له‌ ژیان كرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved