تەڵعەت سامان چی بە شوكروڵڵا شێخانی گوت؟
تەڵعەت سامان چی بە شوكروڵڵا شێخانی گوت؟
October 01, 2025

هونەرمەند شوکروڵڵا شێخانی، ئەو وتەیەی دەرهێنەر تەڵعەت سامانی لە یاد ناچێت كە لە سەرەتای ژیانی هونەریدا پێی گوتبوو “ئەتو هەر دەوری ئاغا و پاشات لێ دێت”.
شێخانی زیاتر لە نیو سەدەیە لە بواری شانۆ و درامادا ڕۆڵ دەگێڕێت، كۆچكردوو تەڵعەت سامانی دەرهێنەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ یەکەم جار لە كارێكی خۆیدا، بەشداریی بە شوکروڵڵا شێخانی كرد.
تەڵعەت سامان كە بەوردی و لێزانی لە هەڵبژاردنی ئەكتەر و دیاریكردنی ڕۆڵەكان دەناسرێتەوە، لە كاتی پێدانی ڕۆڵ بە شوکروڵڵا شێخانی، كەسایەتیی ئەو ئەكتەرەی ناسیوە و لە شانۆی (خەمڵی پەمۆ)دا، داوای لە شوکروڵڵا كردووە شانۆنامەکە بەو جۆرەی ئەو داوای لێ دەکات، بخوێنێتەوە، پاش خوێندنەوەکە لە باوەشی دەكات و ماچی دەکات، پێی دەڵێت “تۆ هونەرمەندێکی زۆر گەورە و چاکت لێ دەردەچێت”.
ئەو هونەرمەندە بە کەسایەتییە گران و سەنگینەکەی دەناسرێتەوە، تەنها ڕۆڵی پاشا و ئاغای لە شانۆ و درامادا نەبینیوە، بەڵکو لە کاری دۆبلێریشدا كاریگەریی گەورەی بەجێ هێشتووە، لە فیلمی (ئەلریسالە)دا، شێخانی دۆبلێری دەنگی ڕۆڵی (ئیمامی هەمزە)ی کرد، هەروەها لە فیلمی (عومەر موختار)دا دۆبلێری دەنگی (عومەر موختار)ی کردووە.
یەكێك لەو دراما گرینگانەی شوکروڵڵای پێ دەناسرێتەوە، درامای (کەوەکانی قەرەچوغ)ە، لەوێ بە ڕۆڵی (قادر ئاغا) بەشدارە، کە لە نووسین و دەرهێنانی تەڵعەت سامان بوو.
شوکروڵڵا شێخانی بەهونەرمەندێكی كوردپەروەر دێتە ناسین، ئەو هەستەشی بە ڕوونی لە ڕۆڵگێڕانی لە دواهەمین درامایدا بە ناوی (ئادیابین) ڕەنگی داوەتەوە، كە لە بەشی یەکەمی دراماكەدا ڕۆڵی (مومتاز پاشا) دەبینێت و لە بەشی دووەمیشدا ڕۆڵی (فەرهاد پاشا).


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved