هەناسەی نوێی هەولێر
هەناسەی نوێی هەولێر
October 08, 2025

هاوتەریب لەگەڵ داگیرساندنی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی و داخستنی پاڵاوتگە نایاسایییەكان، هەولێر ئەو هاوینەی لە ژینگەیەكی پاكدا بەڕێ كرد و هەناسەیەكی نوێی هەڵمژی. پێش دەستپێکردنی پڕۆژە ژینگەیییەکان و تا ساڵی ڕابردووش، هەولێر ڕووبەڕووی چەندین سەرچاوەی پیسبوون بووبووەوە، کە هەوای شارەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو پیس كردبوو. لەوانەش موەلیدە ئەهلییەکان، كە بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانییەوە، لەناو گەڕەکەکان کاریان دەکرد. ئەم موەلیدانە، سەرچاوەیەکی سەرەکیی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، گازی زیانبەخش و ژاوەژاو بوون. ڕێبین سەمەد پسپۆڕی نەفت و ژینگە، بۆ (گڵكەند) ئاماژە بەبوونی زیاتر لە سێ هەزار و ٧٤٧ موەلیدە لەناو شاردا دەكات، کە کاریگەرییەکی زۆر خراپیان لەسەر ژینگە هەبوو. هەروەها پاڵاوتگە نایاسایییەکان، كە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەوروبەری شاردا هەبوون، بەشێوەیەکی ناتەندروست و نایاسایی کاریان دەکرد. ئەم پاڵاوتگانە بەرهەمە نەوتییەکانیان دەپاڵاوت و گازی ژەهراوی و پاشماوەی زیانبەخشیان فڕێ دەدا، کە بووبووە هۆی پیسبوونی زۆری هەوا و خاکی ناوچەكەش.

شۆڕشی ڕووناکی
یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکان بۆ باشكردنی ژینگەی هەولێر، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بوو. کە ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا هەبوو. بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٢٢ موەلیدەی ئەهلی لە هەولێر و پارێزگەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کوژاندەوە. فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش ڕای گەیاندووە کە بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، ژینگەی هەولێر بەڕێژەی ٤٠٪ پاک بووەتەوە.
پسپۆڕەكەی نەفت و ژینگە، جەخت لەسەر کاریگەرییە گەورەکانی ئەم پڕۆژەیە دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە پێش پڕۆژەی ڕووناکی، ئاستی گازی دووانە ئۆکسیدی نایترۆجین ٦٥ مۆلار بوو، بەڵام دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ئەم ڕێژەیە بۆ تەنیا حەفت مۆلار دابەزیوە. هەروەها، ڕێژەی تەنۆلکە هەڵواسراوەکانیش لە هەوادا، کە پێشتر لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٦٠٠ بوو، ئێستە بۆ نێوان ٣٥ بۆ ٧٠ دابەزیوە، کە ئەمە ئاستێکی تەندروست و گونجاوە بۆ ژیان.

كەمبوونەوەی ژاوەژاو
کاریگەرییەکانی پڕۆژەی ڕووناكی تەنیا لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا نەبووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ژاوەژاو و باشتربوونی گشتیی کوالێتی هەوا هەبووە.
بەگوێرەی دواین ئاماری پڕۆژەی ڕووناکی لە شاری هەولێر زیاتر لە دوو هەزار و ١٩٧ موەلیدە کوژێندراونەتەوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پاکبوونەوەی هەوا هەبووە.
هەروەها کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ٤٣٥ هەزار بەرمیل سووتەمەنی ساڵانە بۆ موەلیدەکان، بووەتە هۆی داخرانی بەشێکی زۆری پاڵاوتگە نایاسایییەکان و کەمبوونەوەی قاچاخچێتیی سووتەمەنی. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جدیی داوە بۆ داخستنی پاڵاوتگە نایاسایییەکان، کە لە یەکێک لە هەڵمەتەکاندا ٨٥ پاڵاوتگەی نایاسایی داخراون و ٤٣ کەسیش دەستگیر کران.

داهاتوویەکی سەوز
جگە لە پڕۆژەی ڕووناکی، چەندین پڕۆژەی دیکەی ژینگەییی گرینگ خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ داهاتوویەکی سەوزتر بۆ هەولێر. پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکان کە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و چاندنی هەزاران دۆنم دارە لە دەوروبەری شارەکە.
ئەم پشتێنە سەوزایییە بەدرێژاییی ٩٢ کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر، وەک قەڵغانێک هەولێر دەپارێزێت و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی گەرد و خۆڵبارین و باشترکردنی کوالێتی هەوا دەبێت.
بە ڕای پسپۆڕە ژینگەیییەكە، هەوای هەولێر بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو پاكتر بووە، ئێستە یەکێکە لە باشترینەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پاکبوونەوەیە تەنانەت کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ئەو پەڵە هەورە ڕەشەی سەر شارەکەش هەبووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ڕێژەی بارانبارینیش هەبێت.

رۆژی هەینیی ڕابردوو، بەپێی نیشاندەری کوالیتی هەوای جیهانی IQAir، هەوای هەولێر بۆ ٣٣ یو ئێس، ئای کیو ئایی دابەزی، کە نیشانەی پاکبوونەوەی هەوایە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved