له بناری سه‌فین، له‌و شوێنه‌ی تاشه به‌رده‌كان خلۆر ده‌بنه‌وه و دارستانه‌كانی چنار و گوێز و توو ئاوێزان ده‌بن، شه‌قڵاوه وه‌ك تابلۆیه‌كی ڕه‌نگینی چنراو له سروشت و مرۆڤ دێته به‌رچاو. كارێزه سازگاره‌كانی له دڵی چیاوه هه‌ڵده‌قووڵێن، بێستان و ڕه‌زه مێوه‌كان ئاو ده‌ده‌ن و ئاشه به‌ردینه‌كان ده‌خه‌نه كار، هاڕه هاڕیان له چه‌م و دۆڵه‌كاندا ده‌نگ ده‌داته‌وه.
كاپتن های له كتێبی (دوو ساڵ له كوردستان) نووسیویەتی ”ئاوی زوڵاڵی سه‌فین له كانیاوه سازگاره‌كانیه‌وه ڕێچكه ده‌به‌ستێ، پێنج ئاشی ئاو ده‌خه‌نه كار و بێستان و ڕه‌زه مێوه‌كانی چه‌مه‌كه ئاو ده‌ده‌ن، كه پڕن له دارچنار و دارگوێزی گه‌وره گه‌وره و ده‌وروبه‌ریان به ترێ و سێ‌و و هه‌رمێ و توو ڕازاوه‌ته‌وه“.
سه‌دان ساڵه شه‌قڵاوه شاری پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه بووه، له گه‌ڕه‌كه‌كاندا ده‌نگی بانگ له مناره‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌بیسترا و ده‌نگی زه‌نگی كه‌نیسه‌كان له دووره‌وه بۆی ده‌سه‌نده‌وه. نوێژخوێنانی هه‌ردوو ئاین به‌هه‌مان ڕێگه‌دا هاتوچۆیان ده‌كرد، موسوڵمان و مه‌سیحی و جووله‌كه‌كان له هه‌مان بازاڕدا كۆده‌بوونه‌وه و پێكه‌وه بازرگانی و پیشه و سه‌ردانی كۆمه‌ڵایه‌تییان ده‌كرد.
ئی تی واڵاسیش لە وه‌سفی ئه‌م تابلۆ كۆمه‌ڵایه‌تییه دەڵێت ”شه‌قڵاوه ٢٣٠ ماڵی كوردی موسوڵمان و ١٣٠ ماڵی مه‌سیحی و ٥ ماڵی جووله‌كه‌ی تێدایه. كه‌نیسه‌كان ماون، به ئازادانه نوێژ ده‌كرێت و هه‌مووان پێكه‌وه به‌بێ كێشه ده‌ژین“.
ماڵی میران و دیوه‌خانی قادر به‌گ
ماڵی میره‌كان له شه‌قڵاوه ئاوه‌دان و خاوه‌ن ته‌رزێكی جیاواز بوو، سه‌ربانه به‌رزه‌كانیان له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌ی ته‌خته‌ی پانوپۆڕ دامه‌زرابوون، ده‌رگە زه‌به‌لاحه‌كانیان به بزماری ئاسنین ڕازێندرابوونه‌وه. به‌ڵام به‌ناوبانگترینیان دیوه‌خانی میرانی قادر به‌گی خۆشناو، گه‌وره‌ی سه‌رۆك هۆزه‌كان بوو، كه به‌سه‌ر گردێكی به‌رزه‌وه بوو. های له وه‌سفی دیوه‌خانه‌كه‌دا ده‌بێژێ «جێژوانی میوان و پیاوماقووڵانه، داربه‌ڕوویه‌كی زه‌به‌لاح له حه‌وشه‌كه‌ی دایه، دەگوترێت ته‌مه‌نی له پێنج سه‌ده زیاتره، چه‌ند سه‌كۆیه‌ك له ده‌وری بوون، میوان له‌ژێر سێبه‌ری پان‌وپۆڕی داربه‌ڕووه‌كه‌دا له سه‌ریاندا داده‌نیشتن”.
سه‌ردانی نێرده‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان
له پایزی ١٩٢٥ نێرده‌ی لێژنه‌ی ویلایه‌تی مووسڵ سه‌ر به كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان گه‌یشته شه‌قڵاوه، ئه‌و لێژنه‌یه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بۆ لێكۆڵینه‌وه له كێشه‌ی نێوان توركیا و عێراق له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی ویلایه‌تی مووسڵ پێكی هێنا. لێژنه‌كه كۆنت پۆڵ تیلیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتری هه‌نگاریا سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرد. تیلیكی له دیوه‌خانی میرانی قادر به‌گ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك هۆز و پیاوماقووڵانی ناوچه‌كه پێشوازیی لێ كرا. كاپتن های به‌م شێوه‌یه وه‌سفی ده‌كات «قادر به‌گ پیاوێكی كه‌ڵه‌گه‌ت و تێسپڕاو بوو، مێزه‌رێكی سپی و جلێكی كوردیی كه‌شخه‌ی له‌به‌ردا بوو، له سه‌رووی مه‌جلیسه‌كه‌وه دانیشت، شان و شه‌وكه‌تێكی سه‌یری هه‌بوو، له‌و ڕووه‌وه وه‌ك هێنریی هه‌شته‌م (پاشای پێشووی ئینگلته‌را) ده‌هاته پێش چاوم».
له كاتێكدا كۆنت تیلیكی مانای كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بۆ ئاماده‌بووان ڕوون ده‌كرده‌وه كه ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه و پتر له په‌نجا ده‌وڵه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌ركی به‌دیهێنانی ئاشتییه له‌نێو گه‌لاندا؛ میرانی قادر به‌گ پرسیارێكی لێ كرد كه له دانایییه‌كی شاخاوییه‌وه نزیكتر بوو، پێی گوت “كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان چه‌ند تفه‌نگی هه‌یه؟”، تیلیكی به‌متمانه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه «ئێمه تفه‌نگمان نییه، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تیی هێزی یاسا و ویستی په‌نجا ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین».
به‌ڵام واڵاس له گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ زیاد ده‌كات ”قادر به‌گ به‌توانجه‌وه پێی گوتووە ئه‌گه‌ر تفه‌نگتان نه‌بێت، قسه‌كانتان له‌ناو ئەو شاخانەدا هیچ بەهایەكی نابێت“.
به‌م شێوه‌یه شه‌قڵاوه بوو بەهێمایه‌كی دووسه‌ره؛ له لایه‌كه‌وه شاری پێكه‌وه‌ژیانی خه‌ڵك، كه تێیدا ده‌نگی بانگدان و زه‌نگی كه‌نیسه هاوئاهه‌نگ ده‌بن و سه‌رجه‌م تایفه‌كان له‌سه‌ر سفره‌ی كۆ ده‌بنه‌وه، له لایه‌كی دیكەوە بووه هێمای گرێكوێره‌ی مووسڵ كه كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانی سه‌رقاڵ كردبوو. ئه‌و شارۆچكه بچووكه خۆی له ناوجه‌رگه‌ی گفتوگۆیه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌رباره‌ی سه‌روه‌ری و سنووره‌كان بینییه‌وه و بوو به شایه‌تحاڵی ساتێكی مێژوویی، كه گه‌رموگوڕیی پێكه‌وه‌ژیان و ژاوه ژاوی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی تێدا كۆبوونه‌وه.
ئه‌مڕۆ دوای سه‌ت ساڵ، په‌ند و وانه له شه‌قڵاوه و خه‌ڵكه‌كه‌ی و پیاوه دانا و مه‌زنه‌كانی، وه‌ك میران قادر به‌گ وه‌رده‌گرین.