مێژووی حەمامەکانی هەولێر
مێژووی حەمامەکانی هەولێر

حەمامى عەلى ئاغا (عەلیاغا)

حەمامى عەلى ئاغا، لە ڕووى مێژوویییەوە بە چوارەم کۆنترین حەمامەکانى هەولێر دادەنرێت کە پێش ١٥٠ ساڵ لەلایەن عەلى ئاغاى دۆغرەمەچى و حەمەد ئاغاى براى دروست کراوە، تاکو ساڵى ١٩٧٨ کارى دەکرد، پاشان لایەکى حەمامەکەیان کردووە بە (باڕى مەى خواردنەوە) بەناوى قەسرى عەباسى، پاشان باوکى کاک فەرهاد بەختیار باڕەکەى لە کەسێک بەناوى ڕەمەزان کڕیوەتەوە و کردوویەتییەوە بە حەمام، دواتر کراوەتە کۆگە، بەداخەوە لەلایەن کاسبکار و بازرگانان شێوازەکەى تێک دراوە و بووەتە شوێنى کۆنەفرۆشى.
حەمامەكە دەکەوێتە بەرامبەر دەرگەى ڕۆژهەڵاتى قەڵات كە پێى دەگۆترا کچک قاپى، سەر سێڕیانى بازاڕى سوورچییان و سەر سووچى دەستە چەپى ئەو شەقامەى بەرەو شەقامى شێخ عەبدولکەریم دەچێت کە ئێستە بووەتە بازاڕى پرێمس و تەباخفرۆش و ئاردفرۆشان، لە سووچى دەستە ڕاستى شەقامەکەش گەڕەکى خانەقایە، چەند دوکانێک و ڕیزە کۆشک و باڵەخانە و شەناشیلێکى لێیە، یەک لەو دوکانانە لە ساڵانى پەنجاکان دوکانى مام خەلیفە بوو، کە منداڵ بووین دەچووین چوکلێت و نوقڵمان لێ دەکڕى، هەروەها لەبەرئەوەى ماڵمان لەسەر ئەو شەقامە بوو، لەگەڵ ماڵى باوکى ئارى ئاغۆک لە ماڵى جادر حەمباڵ کرێچى بووین کە ئێستە بووەتە مزگەفتى جادر، زۆر جاران لەگەڵ دایکم دەچووینە حەمامى عەلیاغا کە زۆربەى خێزانەکان و خەڵکانى خانەقا و تەیراوە و قەڵات دەهاتنە ئەم حەمامە بۆ گەرماوکردن. ئەم حەمامە ئاوى تایبەت بەخۆى هەبووە لە بیرێکى ٣٠ مەترى.
سەبارەت بە کۆشک و شەناشیلەکەى سەر ئەو شەقامە لە کۆندا هى کەسایەتییەکى ناودارى هەولێر بووە و گەورەترین کۆشک و تەلارى ئەو کاتە بووە و ماندووبوون و مەسرەفێکى زۆرى بۆ کراوە، چەند کۆشک و شەناشیلێکى تر لەناو قەڵات و گەڕەکە کۆنەکانى هەولێر هەن، وەک گەڕەکى جوولەکان و تەعجیل و خانەقا، کە تەمەنیان زیاتر لە سەدەیەک دەبێت، بەداخەوە ئێستە زۆر بە نالەبارى و بێ ناز فەرامۆش کراون، ئەم کۆشک و شەناشیلانە بەشێوەیەکى گشتى لەلایەن کەسایەتیى دەوڵەمەند و خاوەن پلە و پایەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئاغا و دەرەبەگەکانەوە دروست کراون، لە ڕووى ڕووبەر و شێوازى دروستکردنیان لە خانووى خەڵکان و چینە گشتییەکان فراوانتر بووە، دیزاینى بەرز و بالکۆن و مەحەجەرەى نەخشێنراوى لە دار یان لە ئاسن بۆ دروست کراوە، هەروەها لە ڕووى پێشەوەى شەناشیلەکانى چینى خوارەوە و سەرەوەیدا دەرگە و پەنجەرەى جۆراوجۆرى هەبووە و بە دار یان بە بەردى مەڕمەڕ و گرانبەها چوارچێوەى بۆ کراوە و شووشەى ڕەنگاوڕەنگیش بۆ ناوەکانیان بەکار هاتووە بۆ ئەوەى دیمەنێکى جوان و سەرنجڕاکێش ببەخشێتە ڕووى پێشەوەى کۆشک و شەناشیلەکە، سەبارەت بەدەستى ئیشکردن و وەستایەکانى بینا و وەستاى دارتاش هیچ زانیارییەک بەردەست نییە، بەڵام پێ دەچێت زۆربەیان لە شارەکانى مووسڵ و بەغدا بەشدارییان لە دروستکردنى ئەم شەناشیلانە کردبێت، چونکە هەمان ئەم جۆرە باڵەخانە و شەناشیلانە لەو شارانەدا هەبووە، ئەمانەش بەتێکڕا ئێستە بوونەتە بۆماوەیەکى کولتوورى بۆ شارى هەولێر و پێویستە لایەنى پەیوەندیدار فەرامۆشیان نەکات و گرینگییان پێ بدات و لە ڕووخان و تێکچوون بیانپارێزێت و بکرێنە بەشێک لە شوێنەوار و کولتوورى مێژووى دێرینى شار.
لە بەدواداچوونێکمدا بۆ ئەم باڵەخانەیە، حاجى محەمەد قادر بەقال گوتى ئەم خانووە موڵکى عەلى دۆغرەمەچى باوکى ئیحسان دۆغرەمەچى بووە، دواتر کراوە بە قوتابخانە و پاشان حاجى تەها عەلاف کڕیویەتى، هەروەک لە پەیجى وێنە کۆنەکانى هەولێردا بڵاو کراوەتەوە، سەردەمێک ئەم باڵەخانەیە قوتابخانەى خالیدیەى هەولێر بووە، هەندێکیش پێى دەڵێن قوتابخانەى ئەربیلى دووەم.
سەبارەت بە حەمامە کۆنەکانى هەولێر کە زۆربەیان لەلایەن خەڵکانى دەوڵەمەند و ئاغایەکان دروست کراون، کۆنترین حەمام لەسەر قەڵات لە سەردەمى عوسمانییەکان ساڵى ١٧٧٠ لەسەر ڕووبەرى ٢٠٠٠ مەتری دووجا لەلایەن قاسم ئاغاى یەعقووبى دروست کراوە، دووەم حەمام، حەمامى (جووتە حەمام) مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر کە دەکەوتە بەرامبەر مزگەوتى خانەقا لەلایەن وەیسى ئاغاى باوکى سەعید فەندى باپیرى شاکر شەریف دروست کراوە، سێیەم حەمام، حەمامى (حاجى قادر)ە لە نزیک مزگەفتى حاجى قادر کە دیوێکى کەوتبووە سەر شەقامى بەرامبەر قەڵات و دیوەکەى ترى دەکەوتە سەر کۆڵانى ناو بازاڕى قەسابە کۆنەکان، کە تەمەنى ١٨٠ ساڵ زیاترە و لەلایەن حاجى دەباغ و منداڵەکانى دروست کراوە و دواتر ڕووخێنراوە و کراوەتە باڵەخانە، چوارەم کۆنە حەمام، حەمامى (عەلى ئاغا)یە کە تەمەنى زیاتر لە ١٥٠ ساڵ دەبێت لەلایەن عەلى ئاغاى دۆغرەمەچى و حەمەد ئاغاى براى دروست کراوە، پێنجەم کۆنە حەمام، حەمامى (مۆدە)یە دەکەوێتە سەر شەقامى نزیک شێخى چۆلى کە تەمەنى زیاتر لە سەد ساڵ دەبێت لەلایەن عەتەولاغاى حاجى ڕەشید دروست کراوە، لە حەفتاكان ناوەکەى بووەتە حەمامى یازدەى ئادار و لە ١٩٨٥ دەڕووخێنرێت و دەکرێتە باڵەخانەى بازرگانى، هەروەها حەمامى (عەسرى) لە گەڕەکى عارەبان مێژوویەکى کۆنى هەیە، دواتر لە حەفتاکان و هەشتاکان ژمارەیەک حەمامى تر دروست کراون و زۆربەیان تاکو ئێستە لە کارکردن بەردەوامن و هەندێکیان لە کار کەوتوون وەک حەمامى (شیفا) لە نێزیک قەڵا بەدیوى گەڕەکى تەیراوە و نزیک سینەما سیروان و حەمامى سەڵاحەدین لە بازاڕى شێخەڵڵا، حەمامى کورەچییان لە نێزیک گڵكەند و حەمامى ئیسکان و حەمامى کانى لە گەڕەکى دۆمانى تەیراوە و حەمامەکانى نەورۆز و سەرچنار و سیروان و مزەفەرییە و حەمامى حاجى شەریف لە کوران و حەمامى حاجى مەحموود لە چوارڕیانى عەنکاوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved