لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، تا سەرەتاکانی سەدەی بیست، عێراق بەسەر سێ ویلایەتدا دابەش کرابوو، بەغدا، مووسڵ و بەسرا. لیوای هەولێر سەر بەویلایەتی مووسڵ بوو، کە شارەكانی مووسڵ، هەولێر، کەرکووک و سلێمانیی دەگرتەوە. ناوچەیەكی وەكو شاری ڕانیەش بەشێك بوو لە سنووری لیوای هەولێر.
ئەو سەردەمە ناو و ئاستی یەکە کارگێڕییەکان له سهرهوه بۆ خوارهوه بەم شێوەیە بوون: ویلایەت، لیوا، قەزا، ناحیە. ههر ناحیهیهكیش چەند گوندێکی لەخۆ دەگرت. پاش دامهزراندنی دهوڵهتی عێراق لهژێر ئینتیدابی بهریتانی لە ساڵی ١٩٢١، ناو و ئاستی یەکە کارگێڕییەکان بەم شێوەیەی لێ هات: لیوا، قەزا، ناحیە.
ئەو کات دەوڵەتی عێراق لە (١٤) لیوا (پارێزگە) پێک دەهات، کە بریتی بوون لە هەولێر، مووسڵ، کەرکووک، سلێمانی، بەغدا، دلێم، دیالە، کەربەلا، بەسرا، عیمارە، کوت، دیوانیە، منتەفیق، حیللە.
ئاست و ناوی یەکە کارگێڕییەکان تا ساڵی ١٩٦٩ هەر وەکو خۆی مایەوە، بەڵام دوای دەرچوونی یاسای پارێزگەکانی عێراق ژمارە ١٥٩ى ساڵی ١٩٦٩ ناوی (لیوا) گۆڕدرا بۆ (پارێزگە) و ناوی (موتەسەڕیف) گۆڕدرا بۆ (پارێزگار) و ناوی یەکە کارگێڕییەکانیش بوو بە (پارێزگە، قەزا، ناحیە).
یەکە کارگێڕییەکانی لیوای هەولێر لە ساڵی ١٩٢١
قەزای ناوەندی هەولێر لە ٢١/٩/١٩٦١ بەپێی (مەرسومی کۆماری عێراق) ژمارە ٤٨٦ى ساڵی ١٩٦١ هاتووەتە کایە. ژمارەى دانیشتوانی لیوای هەولێر بەپێی یەکەم سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق لە ١٩٢٠دا، نزیکەى ١٠٦ هەزار كەس بووە، دانیشتوانی لیوای هەولێر ڕێژهی ٥٪ی کۆی دانیشتوانی عێراقی پێک دەهێنا.
لە ساڵی ١٩٤٧دا قەزای ناوەندی هەولێر، یەک ناحیەى هەبووە، ناوەندی ناحیەى هەولێر تا ساڵی ١٩٥٤، ژمارهی دانیشتوانی ناوەندی هەولێر، ٢٨.٩٪ی کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا.
قەزای مەخموور، تەنیا سێ ناحیەى هەبووە، ناوەندی ناحیەى مەخموور و ناحیەی گوێڕ و ناحیەى کەندێناوە. ژمارهی دانیشتوانی قەزای مەخموور ١٨.٧٪ی کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا. قەزای کۆیسنجق، تەنیا دوو ناحیەى هەبووە، ناوەندی ناحیەى کۆیسنجق و ناحیەى تەقتەق. دانیشتوانی کۆیسنجق ١٢.٦٪ی کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا. قەزای ڕواندز، تەنیا چوار ناحیەى هەبووە، ناوەندی ناحیەى ڕواندز و ناحیەی باڵەک و ناحیەى برادۆست و ناحیەى (مێرگەسوور). دانیشتوانی قەزای ڕواندز ڕێژهی ١٥٪ی کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا. هەروەها قەزای ڕانیە، تەنیا سێ ناحیەى هەبووە، ناحیەى ناوەندی ڕانیە و ناحیەی چناران و ناحیەى ناودەشت، ژمارهی دانیشتوانی قەزای ڕانیە ڕێژهی ١١.٣٪ کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا.
هەروەها قەزای شەقڵاوە، تەنیا سێ ناحیەى هەبووە، ناحیەى ناوەندی شەقڵاوە و ناحیەی دێرە حەریر و ناحیەى سەڵاحەدین (پیرمام). ژمارهی دانیشتوانی قەزای شەقڵاوە ڕێژهی ١٠.٧٪ی کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا. قەزای زێباریش، تەنیا سێ ناحیەى هەبووە، ناحیەى ناوەندی زێبار (بلە) و ناحیەی بارزان و ناحیەى مزوری باڵا. ژمارهی دانیشتوانی قەزای زێبار ڕێژهی ٧.٩٪ی کۆی دانیشتوانی لیواکەى پێک دەهێنا.
بەپێی ئەو سەرچاوانەى بەردەست بوون، قەزای ڕانیە کە ئێستە سەر بە پارێزگەی سلێمانییە، تا ساڵی ١٩٥٤یش سەر بەلیوای هەولێر بوو، بەڵام لە کاتی ڕووخانی سیستەمی پادشایەتی و گۆڕینی بۆ سیستەمی کۆماری لە ساڵی ١٩٥٨، خراوهته سەر لیوای سلێمانی.