هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌بدوڵڵا ته‌ها (لەدایكبووی ١٩٤٢)، هه‌نده جار به‌م شێوه‌یه ناوى ده‌گوترێ: (حوسێن عه‌بدوڵڵا خۆشناو)، له فەرمانگه‌ى چاڵاكیى قوتابخانه‌كان به‌ناسینى خۆى و ئه‌زموونى چه‌نلایه‌ى شاد ده‌بووم.
لێره له ناو هونه‌رگه، هونه‌رمه‌ندانى گۆرانى و مۆسیقا و شانۆ و شێوه‌كارى و نووسه‌ران، (هاو) داهێنانن و ڕێزدارن.
به ڕواڵه‌ت هه‌ستم كرد زۆر هێمن و كه‌مدووه، كه گوێى له قسه‌یه‌كى ناڕاست ده‌بوو، له جێی خۆى بۆیان ڕاست ده‌كاته‌وه. بیرم لێ كرده‌وه، له‌وانه‌یه گه‌ر لێی بپرسم بۆم ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك له باسه‌ى (گیاندار)ه‌وه، به‌زانسته‌ى (باو و نه‌باو)ی كورده‌وارى، هه‌ر خۆیشى خه‌ریكى تابلۆى ئه‌سپ و تاژى ده‌بوو، منیش له بیستن و خوێندنه‌وه‌ى بابه‌تى فۆلكلۆر و كورده‌وارناسى، هه‌وڵێكى بێ پچڕه و به‌رده‌وامم هه‌یه.
لێم پرسى له باره‌ى تاژى و خه‌نه، گوتى و گه‌ڵیدا له‌سه‌ر پارچه كاغه‌زێ، قسه‌كانیم تۆمار ده‌كرد، له‌وانه:
تاجیله‌ى چوار پێ به خه‌نه:
ـ تاجیله = تاژى بچووك، بۆ جوانى و به‌ها، خه‌نه و خوێیان ده‌كوتا و به ته‌ڕى له ده‌ست و پێى تاژییان ده‌سوى، به‌په‌ڕۆ ده‌یانبه‌سته‌وه تا وشك ده‌بوو.
له باره‌ى (تاجیله‌ى كه‌للە زه‌رد) ورده زانیارییه‌كم ده‌ویست، مامۆستا به‌ر وه‌ڵامم بوو:
ــ تاژییه و ناسناوه‌كه‌ى ئه‌وهایه، نیوچه‌وان و سه‌ر و لمووزى زه‌رده و قاوه‌ڕه‌نگێكى كاڵى تێدایه.
نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت (زینده یاد) هاته پێش و گوتى: مامۆستا حوسێن، ئه‌تو هه‌م به ئه‌سپ ڕاو ده‌كه‌ى، هه‌میش ڕسمى ده‌كه‌ى، من به وشه و به وێنه‌ى شیعرى، ڕسمى ئه‌سپ ده‌كه‌م.
مامۆستا حوسێن فڵچه‌ى خسته سه‌ر ڕه‌فكه‌ى خوار تابلۆ، گوێڕادێره‌ى نه‌وزاد بوو، گوتى: ئێ… فه‌رموو قسه بكه...
نه‌وزاد به‌رده‌وام بوو: سه‌ره‌تاكانى حه‌فتا، كه له (به‌شى كوردیى به‌غدا) ده‌مخوێند، شیعرێكم نووسی و له گۆڤار زوو بڵاو بووەوه. ناونیشانه‌كه‌ى (فڕینى ئه‌سپێكى بێ باڵ ١٩٧٣) سه‌رده‌مى ڕوانگه بوو، من خۆم له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بزاڤه بووم، به‌ڵام هه‌وادارانى ڕوانگه زۆر مه‌دحى ئه‌و شیعره‌یان كرد. دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ، به ئافه‌رین و بۆ هانده‌ریی هه‌ڵی سه‌نگاند.
ساڵانێكه من به پرسیار و تاقیب سوودم له مامۆستا حوسێن وه‌رگرتووه. له ده‌ره‌وه‌ى فەرمانگه، مامۆستا له ماڵ خه‌ریكه‌ى ڕاگرتن و كه‌ویكردنى هه‌نده گیاندار و باڵنده‌یه. له وه‌رزى ڕاویش خۆى و چه‌ند براده‌رێك له ده‌شتێكى هه‌ولێر شاره‌زاى لانه‌ى كه‌روێشكانن.
حوسێن ئه‌فه‌ندى (زاراوه‌كه هه‌ر له سییه‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، تا ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ڕاپه‌رین (ئه‌فه‌ندى) به‌كار ده‌هات وه‌ك براده‌ر و ژێده‌رێك، باسى ئه‌سپ و مه‌سپى بۆ ده‌كردم:
زاراوه‌ى ئه‌سپه‌واڵه:
ــ ئه‌سپى په‌لسپى: سمه‌كه‌ى ناسكه، له جێى ڕه‌قه‌ن ده‌ست نادا، ده‌بێ ناڵ بكرێ. سمى ئه‌سپى ڕه‌ش قایمه و زیاتر بارگه دەگری.
ــ ئه‌سپى كه‌وێت: ئه‌سپێكى به هێزه و له ته‌گه‌ره، زوو ماندوو نابێ، كورد مه‌راقى ڕه‌نگى كوێته، عه‌ره‌ب مه‌راقى ڕه‌نگى (شێ)یه.
ــ پشت نه‌كراى ( پشتنه‌كراو ): واتا كه‌س سوارى پشتى نه‌بووه، سوار سوارینه‌ى پێ نه‌كراوه. له‌ناو ڕاگرانى وڵاغ، قسه‌یه‌كى باو هه‌یه: جوانه‌ئه‌سپ ده‌ڵێ: پشتم نه‌كه‌ى، پشتت ده‌شكێنم (زیاتر له پاش دوو ساڵ یان هه‌ژده مانگ ئه‌نجام ده‌درێ). وا بزانم ماین زووتر فێره پشت ده‌كرێ.
ــ دوڕه ـ دورڕه: دووڕه‌گ. زڕتاژى، گیاندارێكه له ئه‌نجامى (با) لێكگرتنى نێر و مێى سه‌گ و تاژى و به‌پێچه‌وانه‌ش، له سه‌گ بێ باریكتر ده‌بێ، له تاژی بێ ئه‌ستوورتر ده‌بێ.
ــ ڕكێب: له ئاسن دروست ده‌كرێ، (ڕكێبى كوردى) پانه، لۆ ڕه‌حه‌تى پێیه. سوودى ڕكێب ئه‌وەیه: تا ڕاویار له كاتى سووڕانه‌وه به‌رنه‌بته‌وه، بۆ ڕاگرتنى هاوسه‌نگیی وڵاغ له كاتى غاردان. هه‌نده ڕكێب هه‌یه قه‌پاغلییه (سه‌ر به قه‌پاغه)، شێوه‌ى كڵاشه و ئاسنه‌كه‌ى ته‌نكه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه له بارانان پروشكه ئاو و په‌له‌قوڕى پێ نه‌كه‌وى.
ــ سمكۆتك: سمى گه‌وره‌ى ئه‌سپ و ماین فه‌رقى نییه، ناڵه‌كه‌ى دوو بزمارى زیاتره. سم قۆتكانى له لاوكى چه‌تۆ ناوى هاتووه.
ــ شوقاق: نه‌خۆشیی ئه‌سپه تا كه‌ر، پشته‌وه‌ى زه‌نده‌ى وڵاغ، له سم هه‌ورازتر شه‌ق شه‌ق ده‌بێ، وڵاغ ئه‌ستوور ده‌بێ، چاره و عیلاجه‌كه‌ى به ڕۆیشتن ده‌نیشته‌وه، ئه‌م شوقاقه له پیسى په‌یدا ده‌بێ و هه‌ر به‌پیسى چاك ده‌بێ. وه‌ختى خۆى له ته‌یراوه و به قسه‌ى حه‌مید قه‌ساب، ده‌یگۆ: برینه‌كه به ئاوى شلتێن ده‌شورێ و بنه‌خمى لێ ده‌سوێ، ئه‌وجا به پارچه لباد ده‌به‌سترێته‌وه.
ــ قه‌شاوش: قه‌شاوش، ئامێرێكى بچووكه له ئاسن دروست كراوه، گڕنى گڕنییه، پشتى وڵاغى پێ ده‌خورێنن تا له پیسایى و قوڕى هیشكه‌وه‌بوو، خاوێن بكرێته‌وه، له ئه‌مڕۆدا هه‌نده وڵاغدار (فڵچه‌ى دار) به‌كار دێنن، به‌ڵام هه‌ر ده‌ڵێ وڵاغ (قه‌شاوێش) ده‌كه‌م یا ده‌كه‌ین.
ــ مرخه: تووشى وڵاغ ده‌بێ و ده‌یمرێنێ، (ئیفلیك)ى پێ ده‌ڵێن، نیشانه‌ى نه‌خۆشییه‌كه، وڵاغه‌كه خۆى فیته‌ى لێ ده‌دا یان كاتێ ئالیك ده‌خوا مرخه‌ى ده‌كات.
ــ نێرگزه : گرێیه‌كه له كۆتاییی كلكى ئه‌سپه، ده‌یانبڕى تا وڵاغ كلكى ڕابگرى، له غاردانێ ئه‌سپ كلكى بڵند بێ جوانه، پێی ده‌ڵێن (كلكگر). كورد حه‌زى له وڵاغى كلكگره، كه غار بدا و كلكى وه‌رده‌گێڕێ.
ــ وڵاغى ته‌ڕبووشى: چوار مۆرى هه‌یه، له هه‌ر لاملێك دوو مۆر هه‌یه، ته‌ڕبووشى ڕه‌سه‌نێكى چاكه، به‌ڵام ناشیرینه.
ــ وڵاغى قه‌ده‌م: ڕۆیشتنێكى ئاساییی هه‌یه، بۆ ڕاوكردن باشه، زیره‌كانه بۆى ده‌ڕوات.
ئه‌سپه‌واڵه‌ى ڕاویارى ئه‌سپسوارى:
ــ ئه‌سپى چاك، سوارێكى چاك و مه‌علانى خۆش ده‌وێ.
ــ كه سوارى وڵاغ ده‌بم، یه‌كسه‌ر خۆى خڕ ده‌كاته‌وه، ئاماده ده‌بێ له بۆ ئه‌و ڕاوبازییه، كه ده‌مه‌وێ ئه‌نجامى بده‌م.
ــ ئه‌سپ مه‌له‌وانه، به‌س چه‌په‌یان نه‌بێ، ئه‌و بكه‌وته قووڵاوى ڕووبار ده‌خنكێ.
ــ له باره‌ى ناوى ئه‌سپان، گه‌لێكم بیستووه و دیتووه، بۆ ماین ناوى (خاتوون) هه‌یه، هه‌روه‌ها ناوى (سه‌باح) به ناوى ئه‌كته‌ر و گۆرانیبێژى میسرى ـ لوبنانى سەباح.
له نێوگه‌ى هه‌ولێر، ئەبو سه‌باحى ڕسمگر به‌ناوبانگ بوو.
ــ ئه‌سپه‌كم هه‌بوو ناوى (بۆره)یه، زۆر جار له كاتى ئالیك خواردن، ده‌مگۆ (بۆره...) له‌گه‌ڵ بیستنى ناوه‌كه‌ى، سه‌رى بۆ لاى من بڵند ده‌كرد.
ــ چه‌ند جارێك بیستوومه، مامۆستا حوسێن ده‌یگۆ: ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر حه‌یوانات زانیارییه‌ك نازانى، له دنیاى ڕۆشه‌نبیرى دابڕایه.