شەوانە كلاسیكۆی كۆنكان هەزاران بینەری هەیە
لە چایخانەیەكی دێرین، دووکەڵاوی و پڕ دەنگە دەنگدا، دەیان كوڕی گەنج و پیاوی بەتەمەن كات بە یارییەك بەسەر دەبەن كە سەدان ساڵە لە ناوچەكەدا هەیە، بەڵام بەو جیاوازییەی ئێستە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پەخش دەكرێ و لە بریی چەند كەسێكی چایخانەكە، دەیان هەزار بینەری ڕاستەوخۆیان هەیە و بۆ هەندێك ڕووبەڕووبوونەوەش نازناوی ئێل كلاسیكۆ بەكار دێت.
لە كوردستاندا یاریی كۆنكان یان (Okey) یاریزان و جەماوەرێكی زۆر‌ی لێ كۆ بووەتەوە، تەنانەت لە هەولێر كار گەیشتووەتە ئەوەی ڕكابه‌ری به‌هێز له نێوان چه‌ند یاریزانێكی ناسراودا دروست بێت و چه‌ندین تیپیش لەناو چایخانەكان پێك هێنراون، خول و پاڵه‌وانیه‌تیی كۆنكان ده‌كه‌نەوە.
سه‌میر سه‌دره‌دین ناسراو به سه‌میر ڕۆیاڵ (٤٢ ساڵ)، یەكێك لە یاریزانە ناسراوەكانە و زیاتر له ٢٠ ساڵه كۆنكان ده‌كات. دەڵێت شەو نییە چوار كاتژمێر یان زیاتریش یاریی كۆنكان نەكات، لە بارەی ڕكابه‌ری تیپه‌كانیشەوە بۆ (گڵكه‌ند) گوتی “ئەمن منافسی سه‌ركه‌وت عێراقیم، هه‌تا ئێستە دوو گه‌مه‌م لێ بردیته‌وه، ئه‌ویش سێ گه‌مه‌ی له من بردیته‌وه، وه‌ختی ئەمە گه‌مه‌ی ده‌كه‌ین، ڵایڤی تیكتۆكی ده‌كه‌ینه‌وه، وه‌كی كلاسیكۆمان لێ هاتییە، جار هه‌یه ٣٠ هه‌زار كه‌س بەس لە ڵایڤی ته‌ماشای گه‌مه‌كه‌مان ده‌كاتن”.
ئەو یاریزانە باس لەوە دەكات كە یارییەكانیان بۆ خۆشییه، كێبەركێیەكان له‌سه‌ر پاره و قومار نییه، كاتێك خولەكانیش دەكەنەوە، بەیەكەوە چەند مۆبایلێك دەكڕن و بە دیاری دەیدەن بەبراوەكان.
لە شار و شارۆچكه جیاوازەكانی كوردستانه‌وه سه‌ردانی هەولێر دەكەن بۆ یاریی كۆنكان، یاریزانەكانی هەولێریش سه‌ردانی شارەكانی دیكە ده‌كه‌ن، سەمیر ده‌ڵێت ”ئه‌من چار فه‌ریقم هه‌یه، هه‌ر فه‌ریقه‌ك دوو نه‌فه‌ره، به‌خۆم سه‌رپه‌رشتییان ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بچنه سلێمانی له‌وێ گه‌مه‌كه‌ی ببنه‌وه، ئه‌وه سه‌میر ڕۆیال بردیتییه‌وه، ئه‌گه‌ر بشدۆڕێن، دەكا سه‌میر ڕۆیال دۆڕاندیتی، ئه‌وه‌ی كۆنكانیش له من بباته‌وه، ئەوە لۆ وی زۆره“.
سه‌ركه‌وت سه‌ردار ناسراو به سه‌رۆ عێراقی، خاوه‌ن چایخانەكی هه‌ولێره و یاریزانێكی ناسراوی كۆنكانە. لە بارەی یارییەكەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێت “سیحری لاعیبی باش ئه‌وه‌یه ته‌ماشای حه‌وزی بكات، ده‌بی بزانی چ فڕێ ده‌ده‌ی، لاعیبی خه‌سم چ فڕێ ده‌دات، ئه‌و وه‌ختی ده‌زانی چ پووله‌ك مایه لۆت بێ، ئەمن ئه‌گه‌ر نەزانم خه‌سمه‌كه‌م لاعیبه‌كی باشە، هەر گه‌مه‌ی له‌گه ناكه‌م، چونكە گه‌مه‌ی من ترێندی خۆی هه‌یه، كه ته‌ڵقه‌ی ده‌كه‌مه‌وه هاوار ده‌كه‌م به‌رێ سه‌رۆ عێراقی، هیچ گه‌مه‌كیش به‌بێ ڵایڤی تیكتۆكی ناكه‌م”.
ئەو یاریزانە ڕەتی دەكاتەوە به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی كۆنكان بكات، چونكه پێی وایه ده‌چێته قاڵبی قومارەوە، جگه له‌وه‌ش ناچار ده‌بێت له‌گه‌ڵ كه‌سانێك یاری بكات كه پێی خۆش نییە ڕووبەڕوو لەگەڵیان دابنیشێت.
سەرۆ خۆی به پاڵه‌وانی كۆنكان نازانێت، به‌ڵام ڕۆژانه زۆر كه‌س په‌یوه‌ندیی پێوه ده‌كه‌ن و داوای لێ ده‌كه‌ن یارییان له‌گه‌ڵ بكات، دەشڵێت ”سێ گه‌مه‌م له سه‌میر ڕۆیالی بردیته‌وه، خه‌ركه‌كی زۆریش داوام لێ ده‌كه‌ن گه‌مه‌یان له‌گه بكه‌م، له فه‌ریقی كه‌ركووك و سلێمانییشم بردیته‌وه، به‌س لە كۆیه‌م دۆڕاندییە، له دیوه‌خانه گه‌وره‌كانیش داوایان لێ كردیمه بچم گه‌مه‌یان له‌گه بكه‌م“.
ده‌گوترێت كۆنكان یان (Okey) پەیوەستە بە نەتەوەی تورک و کولتووری عوسمانییه‌وه و له سەردەمی عوسمانی‌دا بەشێوەیەکی بەرفراوان لە قاوەخانە و ماڵەکان ئەو یارییە كراوه، ئێستەش زیاتر له‌و وڵاتانه‌دا باوه كه دراوسێ یان نزیكن له توركیا. پووله‌كانی ئه‌م یارییه له ڕەنگی ڕه‌ش و سوور و زه‌رد و شین پێك هاتوون، بۆ هه‌ر ڕه‌نگێك ٢٦ پوولی هه‌یه، له ژماره ١ بۆ ژماره ١٣، به‌ڵام دووجار دووباره بوونه‌ته‌وه.
بنیاد كه‌ریم (٢٣ ساڵ)، چه‌ند ساڵێكی كه‌مه ده‌ستی بە كۆنكان كردووە، له چایخانەیەكی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز یاری ده‌كات، متمانه‌ی زۆر‌ی به‌خۆی هه‌یه و باسی ئه‌وه ده‌كات كه خۆی و هاوڕێكانی توانیویانه له چه‌ندین خول له‌سه‌ر ئاستی هه‌ولێر پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنن. له باره‌ی تیپه‌كەیانه‌وه ده‌ڵێت ”هه‌ژده كه‌سین، ئه‌وه‌ی گه‌مه‌ی له‌گه‌رە مه كردبی، ده‌زانی ئه‌مه كوینه، فه‌ریقی مه له هه‌موو ده‌ورییه‌كی له نیهائییه یان له شوب نیهائییه، چه‌ندین جار چووینه نیهائی و بتوڵه‌شمان هینایه“.
ئەو یاریزانە لاوە حه‌ز ده‌كات ڕووبه‌ڕووی سه‌رۆ عێراقی ببێته‌وه و دەڵێت ”سەرۆ لاعیبەكی به‌توانایه و له ئسووڵی گه‌مه‌ی ده‌زانیت“.
بنیاد هه‌موو شه‌وێك كۆنكان دەكات. دەڵێت ”جار هه‌بووه له هێوارێوە دانیشتینە و چاری سبه‌ینێ چووینه‌وه مارێ“.