سەیدەی وایەرمەن لە خۆرانـەوە بۆ ناو فیتەرانی شێخەڵڵا
سەیدەی وایەرمەن لە خۆرانـەوە بۆ ناو فیتەرانی شێخەڵڵا

جاران جادەی فیتەران لەناو شێخەڵڵای ئێستە بوو، وەستاکانی بە پەنجەی دەست دەژمێردران، یه‌كێك له‌وان سه‌یده‌ی وایه‌رمه‌ن بوو‌، كه‌ وه‌ستای كاره‌بایییاتی چه‌ندین جۆر ئۆتۆمۆبێل بوو، له‌وانه‌ فۆرد ٥٦ و جێب، دەڕاسەشی چاك دەكردەوە، چه‌ندین وەستاش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و فێر بوون و بوونە خاوه‌ن دوكانی خۆیان.
فیتەرە ناسراوەكانی ئەو سەردەمی بریتی بوون لە‌ لەتیف قۆجە، محیەدین شەعبان، حاجی خەلیل و وەستا واحید.
سەیدە سەلیم قادری ناسراو بە سەیدە وایەرمەن‌، كه‌ له‌ گوندی خۆرانی خۆشناوەتی و لە بناری چیای سەفین له‌دایك بووه‌، ‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵ بووه‌ ماڵیان هاتووەتە هەولێر، هه‌ر زوو تووشی ژیانی بێ دایک و باوکی بووە و خوشکە گەورەکەی بەناوی حاجی ئەمینە به‌خێوی كردووه‌. ناچار بووە به‌منداڵی دەست بە ئیش بكات و بەدەست و بازووی خۆی بژی، بۆیه‌ له‌لای وەستا تەمیم مووسڵاوی ده‌بێته‌ شاگردی فیتەری و زوو فێری پیشه‌ی وایه‌رمه‌نی ده‌بێت.
ئەو كات دوكانه‌كه‌یان لەناو جادەی فیتەران ڕۆژ به‌ڕۆژ ناوبانگ په‌یدا ده‌كات، سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ خاوه‌ن دوكانی خۆی.
مام سه‌ید كه‌ ئێستە ته‌مه‌نی له‌ ٩٠ ساڵ زیاتره‌، بۆ (گڵكه‌ند)ی گێڕایه‌وه ”ئەمن بێجگە لە کارەبایییاتی ترۆمبێلی جێب و عەنتەڕناش و فۆڕد، دەڕاسە و تەرەنتەریشم چا دەكردەوە، ئەو سەیارە گەورانەش بەزەحمەت دەگەیشتنە جادەی فیتەران لەناو شێخەڵڵا، لۆیێ دەبایە بەخۆم بچمە گوندان“.
بەم شێوەیە سەیدەی وایەرمەن دوکانەکەی دەگوازێتەوە بۆ نزیك چایخانەی بایز، كە ناوچەیەكی چۆڵەوانی بوو ئەو كات، ئامێرە كشتوكاڵییەكانیش بەئاسانی لە گوندەکانی وەك شەمامک و مرکییەی دەگەیشتنە ئەوێندەر و بۆی چاک دەکردنەوە، تا لە ساڵی ١٩٨٣ ئەو شوێنەی ئێستە پێی دەگۆترێ پیشەسازیی فیتەران داندرا و هەموو فیتەرەكان گواستیانەوە ئەوێ.
حاجی حەمید فیتەری کوڕیشی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌یده‌ی باوكی وه‌ستایه‌كی كارامه‌ی ناو جاده‌ی فیته‌ران بووه‌، هەر لە منداڵییەوە فێری كردوون چاویان له‌ كاسبی بێت، جگه‌ له‌ كوڕه‌كانی چه‌ند شاگردێكیشی فێری پیشه‌ی وایه‌رمه‌نی كردووه‌ و ئێستە وه‌ستای ده‌ستڕه‌نگینن له‌ هەولێر، دەڵێ باوكی بەردەوام داوای لێ كردوون كاره‌كان بەخاوێنی بكه‌ن تا خه‌ڵك له‌سه‌ر كار په‌كیان نه‌كه‌وێت و گله‌یییان لێ نه‌كه‌ن.
وەستا ڕەمزی مەعروف كه‌ ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٨٤ له‌لای شاگرد بووه‌، خۆی به‌قه‌رزاری وه‌ستا (سەیدە) ده‌زانێت و ده‌ڵێت ”پیاوەكی هەتا برێی ڕاستگۆ بوو لەگەر ئیشەكەی. خۆی بە شاگردەکانەوە ماندی دەكرد لۆ وەی فێرە ئیشەكەی بن. ئەمن و زۆر كه‌سی دی لەسەر دەستی وی فێر بووین“.
وەستا شێرزاد ڕۆمانیش كه‌ ساڵی ١٩٧٩ له‌لای شاگرد بووه و ساڵی ١٩٨١ بووه‌ته‌ دراوسێی دوكانەكەی‌، ستایشی سه‌یده‌ی وه‌ستای ده‌كات بەوەی كەسێكی دڵسۆز بووە بۆ پیشەكەی. ئەگەر ڕۆژێک شاگردەکان لە کاتی خۆیان زیاتر ئیشیان كردبا، پارەی زیاتری بەرانبەر زیاد ئیشکردنەكەی دەدانێ.
شاگردێكی دیكەی به ‌ناوی وەستا حوسێن مەعروفیش دەڵێت ”قەت ئەوەم لە بیر ناچی وەكی وەستا سەیدە ساری حەفتاوشەش ئەمنی كردە شاگردی خۆی، وەی لێ هات ساری هەشتاوسێ دوکانی خۆم دانا، هەتا شاگری بووین وەكی باب تەماشامان دەكرد و ئەویش وەكی كوڕەكانی خۆی فێری دەكردین و ئاگای لێمان بوو“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved