ته‌مه‌نێكه له دوكانێكی خنجیلانه‌دا له نزیك فولکەی (بەتەمای خوای) به‌دیار كۆمه‌ڵێك گۆزە و مەرکانه و کوپەی ئاوی خواردنەوەوه هه‌ڵكورماوه، هه‌ر ده‌رگەی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یته‌وه، دنیایه‌ك ئه‌زموون و یادگاریت له باره‌ی جاران و ئێستەی پیشه‌كه‌ی، سووده‌كانی گۆزه و مه‌ركانه‌ت بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
ئه‌وه ئه‌دهه‌م عه‌بدوڵڵای مه‌ركانه‌فرۆشی هه‌ولێره، سه‌رگوزه‌شته‌ی خۆی له‌گه‌ڵ پیشەكەی بۆ (گڵكه‌ند) دەگێڕێته‌وه، كە له نۆهەته‌كانی سەتەی ڕابردووه‌وه له‌و جێگه‌یه‌دا به‌و كاره‌وه خه‌ریكه و پێش ئه‌و، مه‌ركانه‌فرۆشێكی تر هه‌بووه به‌ناوی حاجی محه‌مه‌د، به‌ڵام پاش مردنی كوڕه‌كانی درێژه‌یان به‌پیشه‌كه‌ی بابیان نه‌داوه.
ئەو پیاوە كاسبە سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی كوپه و مه‌ركانه‌كانی دەڵێت «کوپەکان هەندەكیان لە هەولێرێ دروست دەکران، ئەودەمی مام ئەسعەد کوورەچی هەبوو لۆی دروست دەکردین. ئەوانی دی لە دوزخورماتوو و خوارێی بەغدای دەهاتن».
كاتی خۆی باشترین کوپەکان لە ڕۆحی خۆڵ دروست دەکران وەك ئەو پیرە پیاوە شارەزایە وەسفی دەكات، چونكە نابێت خۆڵێک بێت ڕەگ و وردە بەردی تێدا بێت، به‌ڵكو ده‌بێت پاک و بێ گەرد بێت. ئەو كە شاره‌زایییه‌كی باشی له پیشه‌كه‌یدا په‌یدا كردووه، جه‌خت له‌وه ده‌كاتەوە كە ئاوی ناو مه‌ركانه له ئاوی ده‌به و تانكیی ماڵان پاكتره، به‌ڵام كاتێك ئاو ده‌كرێته ناوی ده‌بێت دیوی ده‌ره‌وه‌ی كوپه‌كه شێ‌دار بێت و تک تک ئاو لە بنەکەی بێته خوارەوە، كه ئەو ئاوەی دێته خواره‌وه لە ئاوی ناو کوپەکەش خاوێنترە و وەک ئەوە وایە فلتەر کرابێت.
ئه‌وه‌یشی گوت كه نابێت ئاوی سوێر بكرێتە ناو کوپه، چونكه كلس ده‌كات و ئاوه‌كه‌ی ناوی دزه ناكاته ده‌ره‌وه‌ی كوپه‌كه و وه‌ك پێویست سارد نابێت، ئه‌وەش به ”ئاوی مردوو“ ناو ده‌بات، ته‌مه‌نی كوپه‌كه‌یش كورت ده‌كات.
وه‌ك ئه‌دهه‌م عەبدوڵڵا باسی كرد لە نەوەتەکاندا بەهۆی گرانی و نەبوونی بەفرگر و و کارەباوه کوپەفرۆشی له هه‌ولێر و شاره‌كانی تریش بازاڕی گه‌رم بوو، به‌ڵام ئێستە ئه‌گه‌رچی هێشتا زۆر ماڵ هەن ئاوی کوپه دەخۆنەوە، بازاڕەكە وه‌ك جاران نییه و كوپه‌فرۆشییش كه‌م بووه‌ته‌وه.