دوای تێپەڕینی سێ سەدە، شوێنەواری گومبەتی وێرانە حەمامەكان حەكایەتی ئەو سەردەمانە بە گوێی كۆیییەكاندا دەچرپێنن، ئەو سەردەمانەی حەمامە گشتییەکان هەر پێویستییەکی پاكوخاوێنی نەبوون، بەڵکو بۆ بەشێك لە كۆیییەكان سەرچاوەی بژێوی و بۆ بەشێكیشیان شوێنی كۆبوونەوە و یەكترناسین و بۆنەی كۆمەڵایەتی بووە، بۆ بازرگان و ڕێبوارانیش شوێنی پاكبوونەوە لە تۆز و خۆڵی ڕێگەی دوور.
زانا تەیفوور مامۆستای مێژوو لە زانکۆی کۆیە لە بارەی حه‌مامه‌كانی شارەكەیەوە ده‌ڵێت “مێژووی دروستكردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی ١٨ ، له‌و سه‌رده‌می له كاتی ئاهه‌نگ و زەماوەندەكان، كاتێك ژن خه‌نه‌یان له سه‌ردا بووایه، ده‌چوونه حه‌مامه‌كان، چونكه ئه‌و كات له زۆربه‌ی ماڵه‌كان حه‌مام نه‌بووە.
ئاماژەش بەوە دەكات كە یه‌كه‌م حه‌مام له قه‌زای كۆیه ناوی (پیسكان) بوو، به‌پێی ئه‌و به‌رده مه‌ڕمه‌ڕه‌ی لێی دۆزراوه‌ته‌وه، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش ٣٢٠ ساڵ و ده‌كه‌وێته سه‌ر شەقامی ده‌ركی خۆشناوان له كۆیه، ئه‌و ڕێڕه‌وه ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی كۆیه و زۆربه‌ی خه‌ڵكی ڕواندز و شه‌قڵاوه‌ی پێدا ده‌هات.
ئەو حەمامە له لایه‌ن عیسا ئاغای بابانەوە دروست كراوه، دوای مردنی نه‌وه‌كه‌ی به‌ناوی جارەڵڵا ده‌یفرۆشێت به حه‌ماغای غه‌فووری، دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌ویش به حاجی عه‌بدوڵڵای دەفرۆشێتەوە، حاجی عه‌بدوڵڵاش جارێكی دیكە نۆژه‌نی دەكاتەوە، حەمامەكە تا ساڵی ١٩٩٢ مابوو.
جاران بازرگانه‌كان كە سەردانی كۆیەیان دەكرد، له‌و حه‌مامە خۆیان شوشتووه، خه‌ڵكێكی زۆری كۆیه‌ش له‌وێ حه‌مامچی بوون و بووبووە سەرچاوەیەكی باشی داهات.
مێژووناسەكەی كۆیە باسی سەرچاوەی ناوی پیسكان دەكات و دەڵێت بۆ ماوه‌یه‌ك حەمامەكە داخراوە و پشتگوێ خراوە، بۆیه ناویان لێ ناوه پیسك.
دوای حەمامی پیسكان، حه‌مامێكی دیكه لە كۆیە كراوەتەوە، پێی گوتراوه حه‌مامی حەسەن ئاغا، حه‌مامی كۆنیشیان پێ گوتووه، له لایه‌ن حاجی به‌كراغای حه‌وێزییەوە دروست كراوه كه یه‌كێك بووه له خانه‌دانه‌كانی كۆیه، هه‌ر ئه‌ویش مزگه‌فتی گه‌وره‌ی دروست كردووه، سەرباری دروستكردنی قه‌یسەریی ناو بازاڕی كۆیه.
یەكێتی عەبدولواحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە، لە بارەی ئەو حەمامانەوە دەڵێت “تا ئێستە شوێنەواری كۆنترین حەمامی كۆیە ماوەتەوە كە حەمامی پیسكان بوو، حەمامچییەتی پیشەیەكی كۆنی كۆیییان بووە، چونكە شارەكە لە ڕووی جوگرافییەوە سەرەڕێی كاروانی بازرگانان بووە، هەروەها خەڵكی گوندەكانیش هەر ڕوویان لە شارەكە كردووە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان.
ئەو بەرپرسەی شوێنەوارە بەداخەوەیە كە لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا حەمامی پیسكان ڕووخاوە، زووتریش حەمامی حەسەن ئاغا لەناو چووە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی خانووە نوێیەكانی ناوچەكەدا دەست بەدروستكردنی حەمامی نوێ كرا و چیی تر پێویستی بە حەمامی گشتی نەما. بەتایبەتیش كە پێشتر ئەو حەمامانە بە دار گەرم دەكران یان بە نەوتی ڕەش.
سەری حەمامەكانیش بە گومیەتێك دەگیران كە بە بەرد و گەچ دروست دەكران و چەند كونێكیان تێدا بووە بەمەبەستی هاتنە ژوورەوەی ڕووناكی و هەواگۆڕكێ. هۆڵێكی دیكەشی تێدا بووە جێی چاوەڕێكردنی سەرەی خۆشووشتن بووە، لەوێ سەردانیكەر چایان خواردووەتەوە، هەر لەو هۆڵەش دوای خۆشووشتن، خۆیان وشك كردووەتەوە.
حەمامەكانی كۆیە هەر شوێنی خۆشووشتنێكی ئاسایی نەبوون، بەڵكو سەرچاوە مێژوویییەكان باس لەوە دەكەن كە حه‌مامه‌كان شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش بوون، تەنانەت ژنخوازیشیان تێدا كراوە. كاتێك خه‌ڵك ده‌چوون خۆیان بشۆن، له‌وێ قسە و مامەڵەشیان ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
ئەو حەمامانە لە سە‌ده‌كانی ١٧، ١٨ و ١٩دا له ساڵنامه‌كانی ویلایه‌تی مووسڵدا ئاماژه‌یان پێ كراوه بەوەی نیشانه‌ی ئاوه‌دانی و شارستانیی كۆیه بوون، لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ڕۆڵێكی كاریگه‌رییان هه‌بووه، حەمامچییەتی به پیشه گرینگه‌كان دانراوه.