بەداخەوە لۆ هەولێر!
بەداخەوە لۆ هەولێر!
October 16, 2025

ڕاستە سنووری شاری هەولێر زۆر گەورە بووە، کونسوڵخانە، فڕۆکەخانە، قاوەخانە، پەڕتووکخانە، خانەی تری زۆر بووە. هەموومان دەزانین، بەچاو دیارە گەڕەکی نوێی زۆر دروست کراون، سنوورەکەی پەڕیوەتەوە، چەندان گوندی گرتیتەوە، جاران گوندی ”حەسارۆکان“ زۆر دووری شار بوو، بەڵام ئێستە کەوتووەتە ناوەندی شارەکە، ماجیدی مۆڵ لەسەر ئاقاری ئەو دروست کرا!
لە شێستەکانی سەدەی ڕابردوو لە دایک و باوکمم بیستبوو، بە دەشتەکانی پشت گەڕەکە نوێیەکەی ”ڕووناکی“یان دەگوت ”شاربزر“، ئێستە بوویتە شانێکی گەورەی شارەکە!
ڕاستە شارەکە گەورە بووە، بەڵام بەشارەوانی، پارێزگار و دەسەڵاتداران دەڵێم هێشتا یاریگە گەورەکەی شار، ئەوەی لە ڕۆژانی گەمەکردن هەزارەها کەس بەخۆشییەوە ڕووی تێ دەکەن، سەرگەردان و لەناو کۆڵانەکانی جەمهوری، ئیسکان، ئازادی بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمۆبێلەکانیان پەریشان دەبن، چونکە یاریگەکە هەر ئەوەی سەردەمی عەبدولکەریم قاسمە!
خەستەخانەکەی فێربوون ”كۆماری“، بناغەکەی لە سەردەمی پاشایەتی دانراوە، هەر ئەوە، ماندوو، بێزار ڕاکشاوە!
شارەوانییەکەی کۆنە، چەندان جار زیاد، کەم، بڵند کراوەتەوە، لەو ڕۆژانەش شوورەکەی پێشەوەیان نۆژەن کردەوە!
سەرمایەدار، سەرمایەگوزار، سەرمایەبازاڕ؛ زۆریان کردووە، زەوییان بەخۆڕایی وەرگرتووە، شار، گەڕەک، دەزگە، ئاوەدانیی زۆریان دروست کردووە، هەولێریان پان و بەرین، درێژ و پڕ کردیتەوە. بەڵام پارێزگەکەی هەر بینایە کۆنەکەیە؛ وەک مەخفەر و مۆڵگەیەکی ناشیرینی تاریکی بەکۆڵان و قاڵدرمەیە!
هێشتا زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنە باڵەخانەکانە، خنکاوی ناو گەراج و ڕیزی ئۆتۆمۆبێلەکانە، زۆر لە هۆبە و ژوورەکانی لەناو فارگۆن و کابینەی سەقەتی ناشیرینن، لەگەڵ زانکۆ ئەهلییەکان جیاوازییەکی زۆری هەیە! ئەگەرچی دیزاینی زانکۆیەکی نازداری نوێیان لە بەردەستە!
جەرگەی شارەکە، شانازییەکە، مێژووەکە، نەخشەسازییەکە، بیرەوەریی هەولێرییەکان؛ تەواو کەلاوەیە، وێرانەیە، لە کام شاری جیهان هەیە، کام پایتەخت هەیە، دەرەوەی شاری شووشە و ئاوەدانییەکانی نافوورە و باڵەخانەی نازدار، دوو سێ نهۆم پاڕکی تێدا بێت، لە ناوەوەش دوو سێ گەڕەکی کەلاوە، زبڵدان، ڕووخاوی هەبێت؟
گەشتیاران؛ لەناو کۆنە شار، کۆنە کۆڵان، خانووی کۆن، بازاڕی میللی نائومێد دەخولێنەوە، کۆڵانەکانی داخراون، یان بوون بە پاڕکی ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێلە سپییەکان!
لە کوێی جیهاندا هەیە، شاری کۆن هەبێت نۆژەن نەکرابێتەوە؟ لە کێ هەیە شارێکی گەورە، گەلەرییەکی گەورەی هونەریی هاوچەرخ، دوو سێ کۆشکی کۆن، ماڵی کەسایەتییەکان، دە دوازدە مۆزەی بچووکی نەبێت، بەداخەوە هەولێر نەبێت!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved