ویستم تەنها دێرێكی شاعیرێكی ئینگلیز بنووسم كە ناوی كیتسە، ڕابەری شێوازی ڕۆمانتیكییە و لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەم لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا بە نەخۆشیی سیل مردووە، ئەو دێرەی ئەو لەگەڵ چارەنووسی پەیوەندییە مرۆیییەكان یەك دەگرێتەوە:
(من ترسنۆكم، توانام نییە بەرگەی ئەو ئازارە بگرم كە ناوی بەختەوەرییە).
بەردەوام بەو شاعیرە ژنێكی بە تەمەنی بازاڕی كورانم بیر دەكەوێتەوە..
دایە نەخشین، سبەینان زوو لە نزیك دوكانەكەمان دوو گونیەی بەیەكەوە دووراوی ڕادەخست و تەڕەپیاز و سڵق و تووری دەفرۆشت، چەقۆیەكی پێ بوو كە هەمیشە تیژی دەكردەوە، بڕوا ناكەم ڕۆژێك دوو دیناری قازانج كردبێت، چونكە لاسكی توور و لاسكی تەڕەپیاز و سڵقی هێندە لێ دەكردەوە، گەر بتكێشایە چارەگێكیان مابوویەوە، وەكو ئەوەی لە ڕێگەی لەتوپەتكردنی سەوزەكانەوە تۆڵەی خۆی لەو هەتیوە نەناسراوە بكاتەوە كە سبەینەك لەو سبەینانەی بۆ فڕین نەدەشیا، لەسەر جووتێك كۆتری نەجەفی كوڕەكەی بەچەقۆ كوشتبوو..
دایە نەخشین لەبەر خۆیەوە سەردوولكەی بۆ خالیدی كوڕی دەهۆنییەوە و منیش لە تەنیشتی دادەنیشتم و گوێم دەگرت، بە قافیەی جوان و داڕشتنی خوساو لەناو فرمێسكەوە لۆكەی كۆ دەكردەوە، لۆكەی لە بالیفی بچووكی ساوایانی ناو بێشكە دەهێنا، لۆكەی لە گوێی پیرەمێردانی لە ماڵ دەركراوی بەردەم مزگەوتەكان دەهێنا كە لە دەوری تەختەی دامەوە كۆ دەبوونەوە و لەبەر گوێگرانییان كەس قسەی ئەوی دیكەی نەدەبیست و هەمووان لە یەك كاتدا گلەیییان لە یەكتر دەكرد، لۆكەی لەناو دۆشەكی شەوی یەكەمی بووك و زاواكان دەهێنا، لەناو ئەو لێفانەی دەهێنا كە ئاوارەكانی قوشتەپە بە منداڵەكانیان دادابوو، لۆكەی لەناو قەمسەلە شینە لەماعەكەی دایكمەوە دەهێنا..
دواتر لە نووزانەوەكەیدا، ئاوی كۆ دەكردەوە، ئاو لە كوپەی هەیوانی ماڵێك لە ئاواییی شێركاوە كە دواتر زانیمان گوندێكی نزیك چۆمانە و ماڵی باپیرەی خۆی بووە، ئاوی لە چاوی بریسكاوەی ئەو ژنانە دەهێنا كە یەكەم منداڵیان لەدایك بووە، فرمێسكی لە تەعزیەكان و جیابوونەوەی عاشقەكان كۆ دەكردەوە، فرمێسكی شەرمنانەی مێردەكەی لەو سبەینە شوومەدا..
لە كۆتاییی لاواندنەوەكەیدا، لۆكەكانی دەخستە ناو ئاوەكان و بەهێواشی یەكە یەكە شوێن چەقۆكانی سەر سینگ و لاملی خالیدی پێ تەڕ دەكرد.