پێویستە دەوامی مودیر عام لە فەرمانبەر مەزبووتتر بی. ئەگەر وا نەبیت، ئاگای لە هیچ نابی و پشت بەڕاپۆرتچییەکان دەبەستی. ئێ ڕاپۆرتچییش خوای ناناسن.
ئەگەر مودیر عامی مرور سبەینان زوو بەڕێ بکەویت بۆ دەوام، قەرەبارغی و کەموکوڕییەکانی هاتوچۆ بەچاوی خۆی دەبینێت. بەڵام ئەگەر سەعات دە بچێتە دەوام، ئەو دەمی، جادەکان چۆڵن و قەرەبارغییەکە نابینێت.
یەک لە هۆیەکانی دروستبوونی جەنجاڵی، فلکەکانن، کە شۆفێری مە نازانن وەسووڕێنەوە، یاسای هاتوچۆش مەزبووت نییە. ئەگەر مودیر عام، سبەینان لە یەکێك لەو فلکانەی شەستی یان سەتی، بیست دەقە بوەستێت، هەنگینێ چارەی دەکات.
مودیر عام لە کوردستان درەنگ دەچنە دەوام و زووش دەچنەوە، لۆیێ ئاگایان لە هیچ نییە.
ئەمن حکوومەت بم، پەنجەمۆری هاتنە دەوام، یەکەم جار لەسەر مودیر عامەکان جێبەجێ دەکەم.
هیچ ماقووڵ نییە، فەرمانبەر سبەینان غارەغاری بی بگاتە دەوام، جەنابی مودیری گیرفان گەرمیش بە کاوەخۆ بێت. ئەگەر ئەوە ڕاست بکەینەوە، دە ساڵ پێش دەکەوین، زێتریش.
دینگەی بەڕێوەبردنی وڵات مودیر عامەکانن، ئەوان مەزبوت بن، ئیشەکان بەباشی دەڕۆن، مەزبوت نەبن، وەکی ئێستە، زۆربەی دائیرەکان دەبنە تەڕبەگە.
ئەمن تام دێتێ کە ئیشێکی دائیرەم دەبێت، دەزانم کو دەبمە فلیم بەدەست فەرمانبەر و مودیر عامان. زۆر جار بەس یەک تەوقیع مایە، دەچی، مودیر عام ڕۆیشتییە، یان کۆبوونەوەی هەیە.
ئەرێ ئەو هەموو کۆبوونەوەیە بووە چ؟ باوەڕ ناکەم کۆبوونەوە بێت، ئەوە میوانیان دێت. تێناگەم، لۆ مودیر عام لە کاتی دەوام میوانی دێت؟ خۆ میوانیش نییە، کاکم لۆ واستەی هاتییە.
ئەمن حکوومەت بم، هەر ئەمڕۆ دەیکەمە بڕیار و بەسەر هەموو مودیر عامەکاندا جێبەجێی دەکەم:
دەبێ مودیر سبەینان زوو لە دەوام بێت و هەتا کۆتاییی دەوام.
میوان قەدەغەیە لە کاتی دەوام.
نابێ جادە قەپات بکرێت بۆ مودیر عام، دەبێ وەک فەرمانبەر و هاووڵاتی بێت و بچێت.
هەر مودیر عامێک سبەینان بۆنی مەشڕوبی لێ هات، یەکسەر فەسڵ بکرێت.
هەر مودیر عامێک، دەوامی زوو بەجێ هێشت، یەکسەر نەقل بکرێت، یان پۆستەکەی لێ بستێنرێتەوە.
دیاردەیەکی ناشیرینیش هەیە، جاری وا هەیە چەند مودیر عامێک یان چەند مودیر بەشێک پێکەوە لە ژووری مودیر عامێک خڕ دەبنەوە، باشترین پاقڵاوە و قاوە دەخۆنەوە، جگەرەی دەكێشن و نوکتە دەگێڕنەوە، موڕاجیعی بەستەزمانیش لەبەر دەرکەی زەقەی چاوی دێت. کە قسەش دەکەی، کاکی پرسگە دەڵێت ئەوە مودیر کۆبوونەوەکی گرینگی هەیە.