بەریتانییەکان شانازیی زۆر بەداستانی (ڕۆبن هوود)ی خۆیانەوە دەکەن، كە شەوانە ڕۆبن هوود ئەو پارە و گەنم و چەوەندەر و کەلوپەلانەی لە بەرپرسە خراپەكارەكانی وڵاتەكەی دەدزی، كە بە ڕۆژ بەناوی باجەوە بەزەبری هێز لە خەڵکیان دەستاند، ئەویش بۆ خەڵكی دەگەڕاندنەوە.
لە كوردستانیش، لاوكبێژ کاوێس ئاغا (١٨٨٩ - ١٩٣٦) بەهەڵسوکەوت و هەڵوێستەكانی، هیچی کەمتر نەبوو لە کارەكتەری ئەفسانەییی ڕۆبن هوود. کاتێك لە ساڵی ١٩١٦دا، لە دەورانی جەنگی یەکەمی جیهان، بەریتانییەکان شارۆچکەی ڕەواندز داگیر دەکەن، کاوێس ئاغا لەگەڵ بنەماڵەی حاجی نەورۆز دەربەدەر دەبن و لە ناحیەی شەقڵاوە دەگیرسێنەوە، عوسمانییەکان لە ناحیەكەدا حاجی نەورۆز دەکەنە بەڕێوەبەر و کاوێس ئاغاش وەک فەرمانبەر و سەرپەرشتیاری کۆگەی دانەوێڵە و بەروبوومی کشتوکاڵی دەستبەکار دەبێت.
کاوێس ئاغا دەبینێت ڕۆژانە چۆن خەڵکی شەقڵاوە بە کولەمەرگی و نەخۆشی ژیان بەڕێ دەکەن و دەسەڵاتدارە عوسمانییەکانیش ویژدانیان ناجووڵێت.
بەم شێوەیە لە پێناو خەڵکی برسی و ڕەشوڕووتدا، لە عوسمانییەکان یاخی دەبێت، شەوانە دەرگەی کۆگەی خۆراک و گەنم و بەروبوومی کشتوکاڵی دەخاتە سەر گازی پشت و خەڵک سوودی زۆر لەو هەڵوێستەی کاوێس ئاغا دەبینێت، تەنانەت پاسەوانی شەوان و جەندرمەکانیش ئەم کارەیان بینیوە، بەڵام نەیانوێراوە هیچ کاردانەوەیەک بنوێنن.