کێشکەی کوڵای
کێشکەی کوڵای

”لە ئەڵمانیا و بەریتانیاوە لۆ خواردنی ڕەشۆرە دەگەڕێنەوە“

لە كۆڵانێكی شاردا، کە دیوار و دەرگە و بالكۆنیە كۆنەكانی شایەتی سەردەمێكی جیاواز دەدەن و بوونەتە پەنجەرەی میراتی هەولێرێ، لە بەرەبەیانەوە بۆن و بەرامی باڵندەی كوڵاو لەسەر عارەبانە و چێشتخانە میللییە ناسراوەكان بەرز دەبێتەوە.
زیاتر لە سەدەیەکە گەڕەکی تەعجیل یەکێک لە سەیرترین و بەردەوامترین نەریتەكانی خواردنی ناوچەكەی بەزیندوویی هێشتووەتەوە، كە پێشكێشكردنی گۆشتی كێشكەی كوڵاو و کۆتری کوڵاوە. جاران فرۆشیاری گەڕۆك لەسەر سینی و بە عارەبانە گەڕاون و لە بازاڕی هەولێردا كێشكەی كوڵاویان فرۆشتووە و بەناو خەڵكدا هاواریان دەكرد “چێشكەی كورای… چێشكەی كورای”. ئەمڕۆش نەوەکانیان لەناو مەنجەڵی گەورەدا كێشكە و كۆتر و باڵندەی دیكە دەكوڵێنن، لە بازاڕە قەرەباڵغە میللییەكەی ناو گەڕەكی تەعجیل، لەسەر عارەبانەكان و لە دوكانەكان پێشكێشی میوانەكانیان دەكەن.
مام کاکل و مام جەمال و منداڵەکانیان، هەروەها مام حەمیدی باوکی شەهاب کە بە ئەبو شەهاب ناسراوە، لە کۆنترین ئەو کەسانەن کە دەستیان داوەتە ئەو پیشەیە، نەوە لە دوای نەوە، پتر لە ١٠٠ ساڵە گۆشتی كێشكەی كوڵاو و کۆتر و ڕیشۆڵە و پۆڕ و مراویی کێوی دەكوڵێنن.
ئەحمەد شەهاب، خاوەن کارێکی کۆنی تەعجیلە و لە حەفتاكانی سەتەی ڕابردووەوە چێشكەی كوڵاو دەفرۆشێت، لە بارەی کارەکەی و مێژووی فرۆشتنی ئەو خواردنانەوە بۆ (گڵکەند) گوتی ”جاران دوکان نەبوو، كێشكەی كورامان لەسەر سینی و عارەبانە دەفرۆشت، ئەو وەختی دەیانگۆت کۆتری كورای و سەلکە چێشکە“.
ئەحمەد و برایەکی لە منداڵییەوە لەسەر سینی لەناو قەسران (لە نێزیک سینەما سەڵاحەدینی جاران) ڕیشۆڵەی کوڵاویان دەفرۆشت، تا ساڵی ١٩٩٢ لەو كارەیان بەردەوام بوون، ئینجا چوونە كۆڵانی تەعجیل و دوكانیان دانا. ئەحمەد دەڵێت “لەو وەختیەوە لەو دوكانەیمە، ئیختیساسی مە زیاتر گۆشتی ڕەشۆرەیە، بەس خەرك پێی دەرێن کۆتری کورای”.
بەپێی وەرزەکانی ساڵ، خواستی كڕیار لەسەر جۆری گۆشتەكان دەگۆڕێت، بەتایبەتیش كە ڕیشۆڵە لە وەرزی پایزەوە کۆچ دەکەن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر، چەند ڕاوچییەک ڕیشۆڵەكان دەگرن و لە تەعجیل بەدوكاندارەكان دەفرۆشنەوە، ئەوانیش بۆ پایز و زستان بۆ كڕیارەكانیان دەكوڵێنن، هاوینان گۆشتی باڵندە كەمتر بازاڕی هەیە. ئەحمەد دەڵێت ”موشتەری زیاتر لە وەرزی سەرمادا ڕوو لە مەتعەمەكانی تەعجیل دەكەن“.
بەگوتەی كاسبكارەكەی تەعجیل، جگە لە ڕیشۆڵە، گۆشتی کەو، پۆڕ، مراویی کێوی، هەوێردە و سووسکەش دەفرۆشرێن، گۆشتی ئەو جۆرە باڵندانە كڕیاری تایبەت بە خۆیان هەیە، هەموو کەس حەزیان لێ ناكەن. ئەحمەد دەڵێت ”موشتەری هەیە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لەكنە مە گۆشتی دەخوات. موشتەری لە هەموو شارەکانی کوردستان و لە عێراقیشەوە دێن بۆ خواردنی گۆشتی ئەم جۆرە باڵندانە، هەیە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا لە وەرزی ڕەشۆرە دەگەڕێتەوە، لۆ وەی بێتە تەعجیل“.
بێجگە لە گۆشتی باڵندە، لەو بازاڕەی تەعجیل تكەی گۆشتی مەمک و حلێوەی ماسی و گۆشتی فاتەڕەشەش بازاڕیان گەرمە. بەگشتی نرخی گۆشتی باڵندە لە گۆشتی دیكە گرانترە، بەڵام كڕیارەكان گوێی نادەنێ، بۆ نموونە نرخی کۆترێکی بچووک بە شەش هەزار دینارە، پۆڕێک نرخەکەی ١٧ هەزارە، لە کاتێکدا کێشی ٢٥٠ غرامە، کەوێکی خۆماڵی بە ٢٠ هەزار دینارە، مراویی کێوی و تورکی بە ٢٠ هەزار دینارە. شێوازی لێنان و ئامادەكردنی گۆشتی باڵندە جیاوازە، چەند ماڵێک هەن ئیشی سەربڕین و پاکكردنەوەی باڵندەكان دەکەن، دواتر گۆشتەكانیان دەبردرێت بۆ تەعجیل و دوكاندارەكان بە چەند شێوازێک ئامادەیان دەکەن و دەیانکوڵێنن، ئەحمەد دەڵێت گۆشتی ڕیشۆڵە درەنگتر لە باڵندەكانی تر دەکوڵێت و گۆشتەکەی چیڕە، هەندێک جار زیاتر لە سێ کاتژمێری پێ دەچێت، سووسکە و پۆڕ ناسکترن و کوڵانیان زۆر ناوێت.
دوكاندارەکەی تەعجیل بە پێویستی دەزانێت پارێزگاری لەو کولتوورە كۆنەی هەولێرێ بکرێت، چونکە تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە و لە شارەكانی دیكەی دنیایێی جوێ دەكاتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved