وەزارەتی دادی عێراق، حاکمی ڕواندز لە سنووری لیوای هەولێر خانەنشین دەکات، سەرەڕای داواکاریی موتەسەڕیفی لیوای هەولێر، بەنووسراوێک ڕەتی دەکاتەوە بیگەڕێنێتەوە سەر کارەکەی.
موتەسەڕیفی لیوای هەولێر، ڕۆژی ١٦/٥/١٩٤٠ لە نووسراوێكدا بۆ وەزارەتی دادی شانشینی عێراق، نیگەرانیی خۆی بۆ بڕیاری خانەنشینکردنی محەمەد تۆفیق بەندنچی حاکمی قەزای ڕواندز نیشان داوە.
موتەسەڕیفی لیوای هەولێر حاکم محەمەد تۆفیقی بەکەسێکی (پاک) وەسف کردووە و ڕای گەیاندووە، بەهۆی پێویستیی قەزاکانی لیوای هەولێر بەحاکم و کارامەییی ئەو حاکمە و نەبوونی هیچ گلەیییەک لە کارەکانی، داوا دەکەین بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی لە ڕواندز یان سەنتەری هەولێر یان هەر قەزایەکی لیوای هەولێر.
لەو کاتەدا كە ئەو نووسراوە کراوە، لیوای هەولێر لە پێنج قەزاکانی هەولێر (سەنتەری لیوای هەولێر)، کۆیە، ڕانیە، ڕواندز و مەخموور پێک هاتبوو. لەو کاتەدا هەردوو قەزای ڕانیە و مەخموور حاکمیان نەبووە و موتەسەڕیفی لیوای هەولێریش هۆکاری ئەوەی بۆ نەبوونی حاکم گەڕاندووەتەوە، بۆیە داوای کردووە حاکم محەمەد تۆفیق بگەڕێندرێتەوە سەر خزمەتی حاکمیەتی.
وەزیری دادی ئەو کاتی عێراق، ڕۆژی ٢٨/٥/١٩٤٠ وەڵامی نووسراوەکەی موتەسەڕیفی لیوای هەولێری داوەتەوە و ڕای گەیاندووە، ”بە داوای لێبووردنەوە“، دوای ئەوەی بەڕێز محەمەد تۆفیق خانەنشین کرا، ناتواندرێ بگەڕێندرێتەوە سەر خزمەتەکەی.
ئەمەش لە دۆخێكدا بوو كە ناوچە کوردستانییەکان بەدەست کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی دادوەر و پزیشک و مامۆستاوە كێشەی زۆریان هەبوو، خانەنشینکردنی حاکمی ڕواندز دۆخەکەی قورستر كرد، کاریگەری لەسەر ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتیان بەجێ هێشت، سەرباری ئەوەی دوو قەزای دیكە (ڕانیە و مەخموور) هەر لە بنەمادا حاکمیان نەبوو. ئەمەش نیشانەیەكی ڕوونی بێباکیی حکوومەتی ئەو كاتی عێراق و ئاوڕنەدانەوەی بوو لە ناوچە کوردستانییەکان.