تیمێكی شوێنه‌وارناسیی بیانی كه ده ساڵ زیاتره له ده‌شتی هه‌ولێر سه‌رقاڵی كنه‌كردنن، شارێكی دێرینیان به‌ناوی «كابورستانی كورد» دۆزیوه‌ته‌وه، شوێنه‌وارناسان به «گه‌وهه‌ری ده‌شتی هه‌ولێر» وه‌سفی ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ڕۆڵی له نووسینه‌وه‌ی مێژووی میزۆپۆتامیا و هه‌ولێردا هه‌بێت.
«كابورستانی كورد» Kurd Qaburstan ده‌كه‌وێته دووریی ٢٢ كیلۆمەتری باشووری خۆرئاوای هه‌ولێر، یه‌كێكه له گرینگ‌ترین دۆزینه‌وه شوێنه‌وارییه‌كان له مێژووی نوێی میزۆپۆتامیادا و به‌گوێره‌ی نووسین یاخود نه‌قشه مێژوویییه‌كان، شوێنی ده‌وڵه‌ته شاری «كابرا»یه Qabra.
تیمێكی پسپۆڕی شوێنه‌وارناسی به‌سه‌رۆكایه‌تیی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر خاتوو تیفانی ئیرلی-سپادۆنی له زانكۆی سێنتراڵ فلۆریدا، كه شاره‌زایییه‌كی قووڵی له پلانی شارستانیی میزۆپۆتامیا و سووریادا هه‌یه و خولیای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه له ڕێی شوێنه‌وارناسییه‌وه، چه‌ند ساڵێكه له‌و شوێنه كاری هه‌ڵكه‌ندن و كنه‌كردن ده‌كه‌ن.
خاتوو سپادۆنی له باره‌ی (كابورستانی كورد)ەوە دەڵێت “گه‌وهه‌ری ده‌شتی هه‌ولێره، ئێمه شارێك ده‌دۆزینه‌وه كه له ده‌ور‌به‌ری ١٨٠٠ی پ.ز گه‌شه‌ی كردووه، باوه‌ڕمان وایه شوێنی ده‌وڵه‌ته شاری كابرا Qabraیه، كه بە نووسینە مێژوویییەكانە‌وه دەناسرێتەوە».
ڕووبه‌ری ئه‌و شاره دێرینه پتر له ١٠٠ هێكتار زه‌وییه و یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ناوه‌نده شوێنه‌وارییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه، به‌هۆی هه‌ندێك شێوازی جیۆفیزیایییه‌وه، توێژه‌ران توانییان نه‌خشه‌ی نزیكه‌ی ٨٠٪ی شاره‌كه بكێشن و تێیدا ته‌لای گه‌وره و گه‌ڕه‌ك و سیستمی ئاڵۆزی ئاوه‌ڕۆ و شه‌قامی فراوان بدۆزنه‌وه.
نیشانه‌ی ئابڵووقه‌یه‌كی توند
باوه‌ڕ وایه شاری كابورستانی كورد شوێنی ده‌وڵه‌ته شاری دێرینی كابرا بێت، كه شارێكی ناسراوه و له هه‌ردوو نه‌قشی «ستێلی Stele دادوشا و ستێلی شامشی-ئه‌داد»دا ئاماژه‌ی پێ دراوه. ئه‌و تێكستانه چیڕۆكی گه‌مارۆدانێكی سه‌خت و دژوار له لایه‌ن هاوپه‌یمانیی پاشاكانه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه به‌وێرانبوونی كابرا كۆتاییی هاتووه.
سپادۆنی به (گڵكه‌ند)ی ڕاگه‌یاند «لێكچوونێكی سه‌یر هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ی ئێمه كنه‌ی تێدا ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی له‌و ده‌قه كۆنانه‌دا هاتووه. كۆشكی گه‌وره گه‌وره، شوێنه‌واری وێرانبوونێكی به‌رفراوان و شوێنه‌كه‌ی له نێوان زێی سه‌روو و خواروودا، هه‌موو ئاماژه بۆ كابرا ده‌كه‌ن».
هه‌یكه‌لی دوو كۆشكی گه‌وره دۆزراونه‌ته‌وه، یه‌كێكیان له‌سه‌ر گردی خواروو و ئه‌وی تریان له‌سه‌ر گردی سه‌روو، ڕووبه‌ری هه‌ریه‌كه‌یان نزیكه‌ی هێكتارێك زه‌وییه. كۆشكی خواروو به‌ڵگه‌ی ترسناكی له باره‌ی ڕووخانیه‌وه ئاشكرا كردووه.
خاتوو سپادۆنی گوتیشی «ئێمه له‌ناو كۆشكه‌كه‌دا پتر له ١٦ ئێسكه په‌یكه‌ری مرۆڤمان دۆزیوه‌ته‌وه، كه پێ ده‌چێت هی كه‌سانێك بووبن كه‌وتوونه‌ته دۆخی ترسناكه‌وه”. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كە هیچ نیشانه‌یه‌كیان نه‌دیوه له‌سه‌ر هه‌ژاریی نووته‌ك، دانیشتوانی ئه‌و ماڵانه ده‌ستیان به‌هه‌مان جۆری خواردن و سفره و خوان گه‌یشتووه كه له‌و كۆشكانه‌دا بوون، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕێكخراو و تا ڕاده‌یه‌ك خۆشگوزه‌ران بووه. شه‌قامه‌كان چه‌وڕێژ كرابوون، ماڵه‌كان تۆڕی ئاوه‌ڕۆیان هه‌بووە. هه‌ستكردنێكی ڕوون به پلانی شارستانی تێدا هەیە.
ئه‌رشیڤێك بۆ ژیانی دێرین
ڕه‌نگه سه‌رنجڕاكێشترین دۆزینه‌وه، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌رشیڤێكی خه‌تی بزماری بێت، كه كۆنترین و گه‌وره‌ترین ئه‌رشیڤی له‌و جۆره‌یه تا ئێستە له ده‌شتی هه‌ولێر دۆزرابێته‌وه. كنه‌كردنه‌كان ته‌نها له‌م وه‌رزه‌دا لانی كه‌م ١٨ تابلۆیان دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكیان هێشتا هه‌ڵگیراون، به‌ڵام هه‌ندێكیان وه‌رگێڕدراون.
خاتوو سپادۆنی له كاتێكدا سه‌رقاڵی پشكنینی ئه‌و تابلۆ بزمارییانه بوو كه له شوێنه‌كه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه گوتی ”ئێمه هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی كارگێڕی، وه‌سڵ، تۆماری گواستنه‌وه‌ی جۆمان دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌وانه له بنه‌ڕه‌تدا كۆمه‌ڵێك فۆرمی بیرۆكراسیانه‌ن كه ته‌مه‌نیان ٤٠٠٠ ساڵه“.
وێرانبوونی كابرا، وه‌ك به خه‌تی بزماری تۆمار كراوه و كنه‌كردنه‌كه‌یش دووپاتی كردووەته‌وه، ده‌رفه‌تێكی ده‌گمه‌ن ده‌داته توێژه‌ران بۆ لێكۆڵینه‌وه له كاریگه‌ریی جه‌نگه دێرینه‌كان له‌سه‌ر دانیشتوانی شاره‌كان.
چاره‌نووسی شاره‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كی جیۆسیاسیی فراوانتره. چاخی برۆنزیی ناوه‌ڕاست (٢٠٠٠ - ١٦٠٠پ. ز)، سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته‌شاره به‌هێزه‌كان بوو، كه كابرا یه‌كێكیانه، به‌ڵام ئه‌و قۆناغه به‌سه‌رهه‌ڵدانی ئیمپراتۆرییه‌ته‌كان كۆتاییی هات و دیمه‌نه سیاسییه‌كه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تایه گۆڕی.
سپادۆنی جه‌ختی له‌وه كردەوە ”ئه‌م شوێنه یارمه‌تیمان ده‌دات تێ بگه‌ین له‌وه‌ی چۆن میزۆپۆتامیا لەسه‌ر زه‌ویی ده‌وڵه‌ته‌شاره‌كانه‌وه گۆڕا بۆ جیهانێكی ئیمپراتۆری. ئه‌وه به‌شێكی گرینگی نهێنییه‌كه‌یه“.
پڕۆژه‌ی كابورستانی كورد له لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی نیشتمانیی ئه‌مریكی بۆ زانسته‌كانه‌وه پاره‌دار كراوه و تیمێكی هه‌مه‌جۆری نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات. سه‌ره‌تا ساڵی ٢٠١٣ له لایه‌ن د.گلێن شوارتز له زانكۆی جۆنزه‌وه ده‌ستی پێ كرد. پڕۆژه‌كه له ساڵی ٢٠٢٢ەوە له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی ئیه‌رلی سپادۆنی دایه.
له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی شفره‌ی تابلۆی زیاتر و به‌رده‌وامیی كنه‌كردندا، «كابورستانی كورد» مزگێنی ده‌دات كه به‌رده‌وام پێوه‌رێك بێت بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌گوڕیشه‌ی ژیانی شاستانی، حوكمڕانیكردن و ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی له میزۆپۆتامیای كۆندا و فه‌سڵێكی ته‌وه‌ره‌یییه له مێژووی ٥٠٠٠ ساڵه‌ی هه‌ولێردا.

