دەیان سارە لەبن سێبەری قەراتێ، بەنەفەسی بەخشندەییی جارانی، حەكایەتی ناودارەكانی لەناو دری كۆران بە كۆرانی خۆیدا هەرگرتییە، دەرێی هێشتا ڕۆحی تاهیر ئاغای تێدا ماوە، بەردەوامە لە بەخشین و جێگیر بوون، لۆ وەی بارتەقای ئەو گۆڕانە گەورانەی سەردەمی نوێ بەسەر شاریدا دەینی، تەیراوە ڕەگوڕیشەی خۆی توندتر لە عاردی هەولێرێ بچەسپێنی.
بەردی بناغەی گەڕەكی تەیراوە لەو زەوییە لێ درا كە تاهیر ئاغای ئیسماعیل ئاغای لەدایكبووی دەوروبەری ١٨٩٠ی گوندی چه‌مەدوبس، لە ساڵی ١٩٢٣دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاعوون لە ناوچەكەیان، لەودیوی قەڵاتێ كڕیبووی. بنەماڵەی ئەو ئاغایە، خاوەنی هەردوو گوندی چەمەدوبس و مەلا عەوڵای نێزیک گوندی بێریات و کەلەکی یاسین ئاغای بوون.
ئەو پیاوە كە ساڵی ١٩٧٣ مردووە، هەتا تەمەنی گەنجی لە گوندەكەی خۆیان ژیاوە، دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعوونەوە، تەواوی زەوییەكانی دەفرۆشێت و زەوییەكی زۆر لە ناوەندی هەولێرێ دەكڕی.
لوئەی سابیر نه‌وه‌ی تاهیر ئاغا، چیڕۆكی دروستكردنی گه‌ڕە‌كی ته‌یراوه له‌سه‌ر زاری باوكی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و باسی هاتنی باپیری بۆ هه‌ولێر دەكات و ده‌ڵێت ”بیدایه‌تی كه باپیرم دێته هه‌ولێرێ، ماوه‌كی كه‌م له‌گه‌ر داكی له‌سه‌ر قه‌راتێ دەژی، دری بە خانییە گچكە و كۆرانه تەسكە‌كان توند دەبی، لۆیێ لە ساری بیست و سێ عاردەكی زۆر له خوار قه‌راتێ دەكڕیت“.
تاهیر ئاغا ده‌ست بەدروستكردنی خانووەكی گه‌وره دەكات له‌سه‌ر ڕووبه‌ری زیاتر له دوو هه‌زار مه‌تری دووجا، كە دیوه‌خانه‌كی فرەوان و حه‌سارەكی گەورە بۆ مه‌ڕوماڵات لەخۆ دەگرێت، له‌به‌رئەوەی كەسێكی به‌خشنده و ده‌ست و دڵ فرەوان بووە، له چوارده‌وری خۆیدا، ٤٥ خانوو بۆ خزم و كه‌سوكار و سه‌پان و پیاوانی خۆی دروست ده‌كات.
بەپێی گێڕانەوەی لوئەی، تاهیر ئاغا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه نوێیەكەی بن قەڵاتی، ڕای گەیاندووە كە هەر كەسێك ده‌یه‌وێت خانوو دروست بكات، پارچه زه‌وییەكی دەداتێ، ئەو بەخشینە تایبه‌ت بووە بە خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت، دواتر لە قۆناغی دووەمدا، دەستی بە فرۆشتنی زەوییەکان کردووە و بە گوریس پارچە زەویی فرۆشتووە، له دروستكردنی خانووه‌كانیشدا قوڕ و خشت و كاریته و شێلمانیان به‌كار هێناوە.
تاهیر ئاغا سەرباری ئەوەی گوندی بەجێ هێشتووە، دەستبەرداری عادەتی میوانداری نابێت و وەكو جاران لە گەڕەكە نوێیەكەی بن قەڵاتێش دیوه‌خانه‌كی گه‌وره دروست دەكاتەوە. لوئەی دەڵێت ”هەموو دەمێ دیوه‌خانەكە جمه‌ی هاتییه له مێوانان، ئێوارانیش له پاش نانی، لاوك و حه‌یران و په‌ندی پێشینانی تێدا گۆترایه، باپیرم سه‌پانه‌كی هه‌بووه به‌ناوی عەلی پاڵانی به عه‌لۆ مه‌شهور بووه، یه‌كەك بووه له حه‌یرانبێژه ده‌نگخۆشه‌كانی ئه‌و وەختی، هه‌تا كاوێس ئاغاش له دیوه‌خانەكەی حه‌یرانی گۆتییه“.
تاهیر ئاغا له‌گه‌ڵ چین و توێژه جیاوازەكانی سه‌رده‌می خۆیدا پەیوەندیی پتەوی هەبووە، له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تیش ڕێزی لێ گیراوه. لوئەی لە زاری باوكیەوە دەگێڕێتەوە كە سەعید قەزاز ئەو كاتەی وەزیری ناوخۆی عێراق بووه، له سه‌رده‌می پاشایه‌تی بروسکەیەکی بۆ تاهیر ئاغا كردووە، بۆ ئەوەی ئيداره‌ی شاری هه‌ولێر بدات، لەو كاتەی چەند كێشه‌یه‌ك لەناو بازاڕ و كاسبكاران ڕووی دابوو.
لە خانووەكەی تاهیر ئاغادا، هۆدەیە‌كی پڕچەک هه‌بووه، هه‌روەها حکوومەت بۆ ماوه‌یه‌ك بەندیخانەی ئافرەتانی به ماڵی تاهیر ئاغا سپاردووه، چونكە ماڵەكەی زۆر گەورە بووە و جێی متمانەی خەڵك و دەسەڵاتدارانی شاریش بووە.
تاهیر ئاغا هەروەها یه‌كه‌م چایخانه‌ی بۆ حەسەن قەوان دروست کرد و بۆ یه‌كه‌م جاریش قەوانی هێنایه هه‌ولێرێ و له‌و چایخانه‌ی دانا، لەبەرئەوەی خەڵك ناوەكەیان نەزانیوە، چایخانەكە بە حەسەن قانوون ناوی دەرکردووه.
دەیگێڕنەوە جارێكیان موتەسەڕیفی هه‌ولێرێ هەڕەشەی شاربەده‌ركردنی لە تاهیر ئاغا كردووە، یاریدەرێكی موتەسەڕیفیش پێی دەڵێ ئەو ئيشه ڕێی تێ ناچێت، خۆ بەشەكی ئەملاكی هەولێرێ ئی تاهیر ئاغایە.
له‌به‌رئه‌وه‌ی تاهیر ئاغا خاوه‌ن تەواوی زه‌ویوزارەكانی ته‌یراوه‌ی بووه، یه‌كه‌م كه‌س بووه خانووی بۆ خۆی و ده‌وروبه‌ری تێدا دروست كردووە، خه‌ڵك ناویان لەو گەڕەکە ناوە تاهیرئاوا، له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی خه‌ڵكیش بۆ ئەو پیاوە، پێیان گوتییه ته‌یرۆ ئاغا، له‌و سه‌رده‌میدا موتەسەڕیفی هه‌ولێرێ داوای له تاهیر ئاغا كردووه ناوی ته‌یراوه بکەن بە ئیبن مستەوفی، تاهیر ئاغاش پێی گوتووە ئەگەر دەتوانن بیگۆڕن.
