حیکایەتی ئەسلی و کەرەم
لە هەولێرێ، قۆریات و کەرەم، بێجگە لە گۆرانییە ئاسایییەکان، دوو کلیلى ڕەسەنى ئەدەب و هونەرى گۆرانیبێژییە بە تورکى، بووەتە بەشێک لە فۆلکلۆر و کولتوورى شار.
گۆرانیبێژ، قۆریاتخوێن و مەولوودخوێنە ناودارەکانی هەولێرێ، وەكی نوورى مەلا قادر و سەید ئیسماعیل و جەمیل قەپقاپچى و حەیدەر بەقاڵ و مام جبرائیل و مەحموود عەبدولوەهاب و جامیلە و مشکۆ هەولێرى، بەوەی بەناوبانگ بوون کە لە بۆنە ئاینى و کۆمەڵایەتییەکاندا وەک مەولوودى ژنهێنان بەشدار دەبوون، كە ئەو دەمی بووبووە کولتوورێک لە شەوى پێش گواستنەوەى بووک، مەولوود دەخوێندراوە، بەمەش بنەماڵەى بووک و زاوا، خزمان و نزیکەکانى خۆیان و جیرانەکانى گەڕەکیان بە کارتێکى دەعوەتنامە، لە شوێن و کاتى مەولوود و ئاهەنگەکە ئاگەدار دەکردەوە، لەگەڵ دەعوەتنامەکەشدا هەندێک شیرینى و نوقڵیان هاوپێچ دەکرد، ئەگەر خێزانێک دەعوەت بکرابایە دەبوایە ئامادە بێت، دواى نوێژى عیشا دەست دەکرا بەئامادەسازى بۆ خوێندنەوەى مەولوودەکە.
لە میانى خوێندنەوەى مەولوودەکەدا هەندێک لە مەولوودخوێنان تایبەتمەندییان هەبوو لە گوتنەوەى (کەرەم)، دواى دەستپێکردنى خوێندنەوەى مەولوودەکە ئاماژە بە ناوى زاوا دەکرا و سەڵەواتیش بۆ ڕوحى پاکى محەمەد لێ دەدرا و «سەیدى عالەم محەمەد سەڵەوات» بانگ دەدرا، ئینجا چایە و نوقڵ دەبەخشرایەوە، گەنجان و هاوڕێیانى زاوا پەلەپەلیان دەبوو بۆ تەواوبوونى خوێندنەوەى مەولوودەکە، بۆ ئەوەى بکەونە ناو بەزمى ئاهەنگگێڕان و گۆرانى و گوتنەوەى قۆریات و مەقام و بەستەى خۆش، بۆ دڵخۆشکردنى هەمووان، بەتایبەتى بنەماڵەى بووک و زاوا، کە ژمارەیەکى بەرچاو لە خەڵکانى تایبەتیان بانگهێشت دەکرد، لە هەولێر پێى دەگوترا (ئەگلەنجە).
ئەو خەڵکە کۆ دەبوونەوە، بە جۆش و خرۆشێکى هەولێرییانەوە ئاهەنگیان دەگێڕا، لەو میانەشدا لە بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتی و بۆنە تایبەتییەکاندا، لە شارەکانى وەک کەرکووک و تەلەعفەر و کفرى خوازیاران و بیسەرانى قۆریات و گۆرانیى تورکى ئامادە دەبوون، هەندێک جاریش قۆریاتبێژ و گۆرانیبێژانی ئەم شوێنانەش بەشدارییان دەکرد لە بەزمى گوتنەوەى قۆریاتەکان بەرامبەر بە یەکتر.
قۆریات، هۆنینەوە و گوتنەوەى شیعر و هۆنراوەیە، لە چەند بابەتێکى جیا جیادا بە بەکارهێنانى شێوازى تیباق و جیناس، کە هەر دوو وشەى کۆتاییى شیعرەکە لە بەیتى یەکەم و دووەمدا هاوشێوەن و یەک وشەن لە پێکهاتەدا، بەڵام دوو ماناى جیاواز دەبەخشن، ئەم شێوازە شیعرییەش کە پێى گوتراوە (قۆریات) تایبەتە بە تورکمانەکانى هەولێر، بووەتە کولتوورێکى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتیی ئەوان، بە هەمان شێوە چەندین وەستاى قۆریاتچى لەم شارەدا هەڵکەوتوون، سەرەڕاى ئەوانەى لە سەرەوەدا باسمان کردن، چەندین گۆرانیبێژ و قۆریاتچیى دیكەش لە نەوەکانى دووەمدا دواى ساڵانى هەشتاکان بەدیار کەوتوون و چەندین ئاهەنگیان لە بۆنە جیاکاندا تۆمار کردووە، وەک سالم فەتاح و یەشار مشکۆ، سەرەتاى سەرهەڵدانى ئەم قۆریاتانەش لەلایەن کەسایەتییە گۆرانیبێژ و قۆریاتچییەکان لە گەڕەکى خانەقا و تەعجیل لە چایخانە و ماڵە تایبەتەکان سەرى هەڵداوە و ئاهەنگى تایبەتیان بۆ ئەنجام دراوە.
هونەرى گوتنەوەى (کەرەم)یش، تایبەتمەندییەکى هەولێرییانەى وەرگرتووە، بنەما و ڕەچەڵەکى ئەم هونەرە دەگەڕێتەوە بۆ داستانێکى خۆشەویستیى میللی بەناوى (ئەسلى و کەرەم) کە لە تورکیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا ناوبانگى دەرکردووە، قۆریاتبێژان و کەرەمبێژانى هەولێر و حەز و ئارەزووى خەڵکان و بیسەرانى ئەم چیڕۆکە واى کردووە زۆر بە شەوقەوە گوێبیستى ئەم چیڕۆکە ببن و هەندێکیان تایبەتمەندى وەربگرن لە شێوەى گوتنەوەیدا، ئەم داستانە باس لە چیڕۆکێکى خۆشەویستی خەمناکى نێوان گەنجێکى موسوڵمان و کچێکى ئەرمەنیى مەسیحى دەکات، ئەو جیاوازییە لە ئایندا دەبێتە هۆکارى دروستبوونى بەربەست بۆ هاوسەرگیرییان، باوکى ئەسلى کە بەپەیوەندیى خۆشەویستییان دەزانێت، بە بەردەوامى ڕەتى دەکاتەوە، بەڵام (کەرەم)ى گەنجى عاشقى (ئەسلى)، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانى و زیاتر خەڵکان دەخاتە نێوان بۆ ئەوەى بەخۆشەویستەکەى شاد بێت، هەروەک لە هەندێک شوێن وا باس کراوە کە دایکى ئەسلی پیشەى پزیشکى میللیى کردووە، کەرەمیش ئەو هەلەى قۆستووەتەوە و هاتوچۆى ماڵیانى کردووە، بە بیانووى ددانکێشان، تەنها بۆ ئەوەى چاوى بە ئەسلی بکەوێت، چەند جارێک ددانەکانى دەرهێناوە، لە کۆتاییدا، باوکى (ئەسلى) بەهاوسەرگیرییەکە ڕازى دەبێت، بەو مەرجەى کراسێکى سیحراویکراو دەبەخشێتە (ئەسلی) لە ڕۆژى گواستنەوەیدا لەبەرى بکات و قۆچپەکانى لەلایەن (کەرەم)ەوە بکرێتەوە، بەمەش لە شەوى گواستنەوەکە کە (ئەسلی و کەرەم) بەیەک دەگەن، کەرەم هەوڵ دەدات قۆچپەى کراسە سیحراوییەکەى ئەسلى بکاتەوە، دەست دەکات بە کردنەوەیان تا کۆتا قۆچپە، لەو کاتەدا قۆچپەکان هەموویان دادەخرێنەوە، کەرەم لە تاوى عیشقى ئەسلیدا دووبارە و سێ بارە هەوڵ دەدات قۆچپەکان بکاتەوە، بەڵام قۆچپەکان بە هۆى سیحرەوە هەر دادەخرێنەوە.
ئەسلى و کەرەم لەو میانەدا لە تاوى عیشقى یەکتردا ئەوەندە حەسرەتبار دەبن ، تا بۆ یەكدی دەسووتێن، بەمەش ئەم دوو عاشقە دەبنە نموونەیەکى خۆشەویستى کە لە چیڕۆکەکانى خۆشەویستى و هەموو ناوچەکاندا ناوبانگیان دەبێت، لە تورکیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا دەنگۆیان دەگاتە ناوچەکانى دەوروبەریش، ئەم داستانە لە ١٩١٢ دەکرێتە ئۆپرا و لە زۆربەى خانەکانى ئۆپرادا پێشکێش کراوە، وەک شانۆى ئەکادیمیاى ئازەربایجانى و قەوقاز و ئاسیاى ناوەڕاست و چەند شارێک لە ئێران، لە چەند سەرچاوەیەکیشدا باس لەوە دەکرێت کە سەرچاوەى ئەو داستانە تەورێز بووە، هەندێکیش دەیگەڕێننەوە بۆ ئەسفەهان و هەندێکیش دەڵێن لە شارى کنجەدا، لە سەرەتاکانى سەدەى شانزەهەمدا سەرى هەڵداوە.