وەختەك شار بێدەنگ دەبێت، بازاڕ و شوێنە گشتی و كافێیەكانی هەولێرێ دەست بەکۆکردنەوەی کورسییەكانیان دەكەن، بازاڕەکی جیاواز وردە وردە كڕیاری لێ كۆ دەبتەوە. فرۆشیارەكان لە ژوورەكی ماڵەكەیان یان لە دوكانەكانیانەوە بەدیار ڕووناكیی گڵۆپەوە كەلوپەلەكانیان دەخەنە بەر كامێرای مۆبایل، بۆ ئەوەی چاوی بینەرانی ڵایڤی تیكتۆكیان بچێتە سەر و كڕیار بۆ ئەو ئامێر و پێداویستییانە بدۆزنەوە كە لەناو كارتۆنە داخراوەكانی ئەمازۆن بۆیان دەرچووە.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه شه‌وانه هەزاران کەس لە سۆشیاڵ میدیا و بەتایبه‌ت لە تیکتۆکەوە، لە بازاڕێكی ئۆنڵاین بەناوی ئه‌مازۆن ده‌ئاڵێن و كاڵای جۆراوجۆر ده‌كڕن، كه به‌گوته‌ی كڕیار و فرۆشیارانی ئه‌مازۆن كوالێتیی باش و خراپیان تێدایه.
زاگرۆس ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ دانیشتووی هه‌ولێره و دوو ساڵە لە ڕێگەی ئەکاونتەکەیەوە له تیكتۆك سەرقاڵی فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانەیه كه بەکارتۆنی كه‌پس له كۆگه‌كانی ئه‌مازۆن له هه‌ولێر ده‌یانكڕێت و دەڵێت ”هه‌ر جارەی باییی ملیۆنەك بۆ ملیۆن و نیوەكی لەو مەخزەنانە شتی ده‌كڕم، له سەعات ١١ی شەوێوە هەتا سێی سبیانێ له ڵایڤی تیكتۆك ساغیان دەكەمەوە“.
ئەو كه‌لوپه‌لانەی زاگرۆس دەیانفرۆشێت، جۆراوجۆرن، وەك ئامێری كاره‌بایی و یاریی ئەلیكترۆنی و جلوبه‌رگ و كاتژمێر و شتی دیكەی ناو ماڵ. به‌گوته‌ی خۆی، به‌شێك له كه‌لوپه‌لەكانیان بڕاندی جیهانین و ئۆڕجیناڵن، هەندێكیشیان دروستكراوی وڵاتی چینن و به‌ناوی ئه‌ما‌زۆنه‌وه ده‌فرۆشرێن.
نرخ و كوالێتیی كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌مازۆنیش جیاوازیی زۆریان هەیە، ئەو گەنجە دەڵێت ”له مه‌خزه‌نه‌كان به كیلۆ ده‌كڕم، له‌ناو كارتۆنی كه‌پسن، خۆر و زبر خۆت و به‌ختی خۆت، سعرەكانیش فه‌رقیان هه‌یه، هه‌نده‌كیان كیلۆی به پێنج هه‌زارە، هه‌شه به ١٣ هه‌زارییه“.
هه‌ر كارتۆنێكی كەلوپەلەكانی ئەمازۆن ٢٠ تا ٣٠ كیلۆگرامن، فرۆشیارەكان دوای كڕینیان، لە ماڵ یان دوكان كارتۆنه‌كان دەكەنەوە و له ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە بابەتەكان دەكۆڵنەوە داخۆ ئۆڕجیناڵن یان نا، نرخیان چەندە و بەچەند بیخەنە بازاڕەوە و گەرەنتی بدەن یان نا.
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا، كڕیارێكی كه‌لوپه‌لی ئه‌مازۆنە و به‌نیازه ئه‌ویش ده‌ست به‌و كاره بكات، ده‌ڵێت ”شته‌كان به‌ناوی به‌ریتانیاوه دێن، زۆربه‌یان له بازاڕه‌كانی هه‌ولێرێ نین، ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپای شتی ده‌كڕن هه‌نده‌ك جار خه‌له‌لی هه‌یه یان ڕه‌فزی وه‌رگرتییه، ده‌به‌نه‌وه شه‌ریكه‌ی، ئه‌وانیش ده‌یاننێرن لۆ مەنتیقەی مە“.
ئەو كەلوپەلانە هەندێك جار باش دەردەچن و هەندێك جاریش خراپ، جاری وا هەیە كەلوپەلی بە نرخیش لەناو كارتۆنەكان دەردەچن، عومەر دەڵێت ”جاره‌ك كارتۆنەكم كڕی، سێزده سه‌عات و مایكرۆیه‌ك و درۆنه‌كی تێدا بوو“.
سارا عه‌لی ژنی ماڵه‌وه‌یه، چه‌ندین پێداویستیی ماڵه‌كه‌ی بۆ خۆی و منداڵه‌كانی له ئه‌مازۆن كڕیوه، به‌بۆچوونی ئه‌و، كه‌لوپه‌لەكانی ئەمازۆن زۆر باشن و سوودی لێ بینیون، ته‌نانه‌ت پێی وایە نرخیشیان له كه‌لوپه‌لی بازاڕ هه‌رزانتره، دەشڵێت ”له ئه‌مازۆنی سه‌عاته‌كم لۆ مێردەكه‌م كڕی به په‌نجا هه‌زاری، وه‌كی له ئه‌نته‌رنێتی لێم دا دیتم له ئه‌وروپای به ٦٥٠ یۆرۆیە“.
ئه‌مازۆن یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بازاڕگەی ئەلیکترۆنییە لە جیھاندا و له ساڵی ١٩٩٤ دامه‌زراوه، ناوه‌ندە سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له ویلایه‌تی واشنتۆنی ئه‌مه‌ریكایه، لە کوردستانیشدا به‌و دوکان و شوێنانە دەگوترێت ئەمازۆن كە کەلوپەلی کارەبایی و پێداویستیی ناوماڵی دەستی دوو ده‌فرۆشن.
ئێستە له هه‌ولێر زیاتر له ١٠ كۆگەی ئه‌مازۆن هەن، زۆربەی كاڵاكان له وڵاتی چینه‌وه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كەن.
بەم شێوەیە، هەموو شەوێك، لەگەڵ خامۆشبوونەوەی بازاڕ و شاردا، بازاڕی دیجیتاڵی بەئاگا دێتەوە، کارتۆنەکان ئامادەن بۆ كردنەوە، كەلوپەلە نەزاندراوەكانیان دەردێنن و پیشانی بینەرانی تیكتۆك دەدرێن.