دارتاشەکەی كۆیە لە هەموو شوێنێک کڕیاری هەیە
دارتاشەکەی كۆیە لە هەموو شوێنێک کڕیاری هەیە
November 20, 2025

لە كارخانەیەكی مۆدێرندا لە ناوجەرگەی کۆیە، هونەرمەندێك كە شوێنبرینی دەستەكانی چیڕۆكی عەشقی نیو سەدەی ژیانی دەگێڕنەوە، بە ڕیتمێکی هێواش لەناو بۆنی دارگوێز و سندیاندا، نۆستالژیای ماڵەكانی وەك حەمە ئاغای كۆیە و مەلای گەورە دەژیێنێتەوە، ماڵەكانی ئەوڕۆی كوردستانی پێ دەنەخشێنێت.
سەردەمانەك کارخانە و وەستایەکانی كۆیە، لە هەموو پیشەیەکدا کوردستانیان بە بەرهەمەکانیان خەنی كردبوو. ئەو شارە لە مێژووی نێزیکدا، ناوبانگی گەورەی لە پیشەوەریی دەستیدا هەبوو، لەناویشیاندا دارتاشی.
جاران دەستکردەکانی بەهرەمەند وەستا حوسێنی نەجاڕ لە تەخت و کورسی و مێز و سندووق و ئیغدان و تەختی نووستن، لە ماڵە ناودارەکانی کۆیە، وەک ماڵی حەمە ئاغا و حاجی بەکر ئاغا و مەلای گەورە دەبینران.
وێنەی بەرهەمەكانی وەستا عومەری نەجاڕ لەو سەردەمەیدا کە ئینگلیز لە کۆیە بوون، لە ڕۆژنامەی بێگاناندا بڵاو دەکرایەوە، داهێنانی لە دارتاشیدا کردووە.
وەستا سوورەی نەجاڕ، بەدروستکردنی جەنجەڕ و هەوجاڕ و هەرچی پیشەوەرانی وەک ئاسنگەر و بەننا و مزگەر و چەخماچی پێویستیان بووایا، بۆی دروست دەکردن، واتا بەیەکەوە دوودەو و بیور و داس و توغماغ و دەرگە و پەنجەرەیان دروست دەکرد و تەواوکەری پیشەی یەکتری بوون.
ئەم كەسە دەستڕەنگینانە تا شەستەکانی سەدەی ڕابردووش بەرهەمەکانیان لە زۆر ماڵی کۆیێ دەبیندران.
هێشتا وەستای ناوداری دارتاشی لە كۆیێ ماون، یەكێكیان وەستا دلێر غەفوورییە كە دارتاشێکی دەستزێڕینە، هونەرمەند و عەشقەدارە، لە منداڵییەوە لە هەولێرێ فێری پیشەكە بووە و ئێستەش لە کۆیە بەردەوامیی پێ دەدات.
ئەو كە تەمەنی (٥٦) ساڵە، لەسەر ڕێوشوێنی دارتاشە ناودارەکانی کۆیە، خەریکی بەرهەمهێنانی دەستکردی ناوازە و گرانبەهایە. بەسەلیقە و لێزانی و هونەری خۆی، بایەخ بە کارەکانی دەدات و دەیانگەیێنێتە ئاستی بەرهەمی وڵاتانی دەرەوە.
لە زاخۆوە تا کفری و سلێمانی و پشدەر و شەقڵاوە و کەرکووک، لە تكریت و خانەقین و پێنجوێنیشەوە، خەڵک داوای بەرهەمەكانی دەکەن.
جاری وا هەیە تەختێکی نووستن بە دوو مانگ لە جوانترین و باشترین دار دروست دەکات، زۆربەی دارەکانیشی خۆماڵیین. كارەكانی لە کارگەیەكی گەورەدا ئەنجام دەدات كە تیایدا سوودی لە تەکنەلۆژیای سەردەم بینیوە و چەندین ئامێر و کەرەستەی مۆدێرنی دارتاشی لەبەردەستە.
ئەو وەستایە لە بارەی ئەزموون و پیشەکەی خۆی بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”بەمنداڵی ماڵمان لە هەولێرێ بوو، لە بیرمە لە پۆلى پێنجى سەرەتایی، بە دزیى بابم دەچووم شاگردیی دارتاشیم دەکرد، چونکە زۆر حەزم لە بڕین و چاكردنی دار بوو، سەرەتا بوومە شاگردی وەستا عوسمان، كە ئەویش وەكی مە كۆیی بوو، دوكانەكەی لە جادەی ئیسکان بوو، لەبن قەسرى شیمال“.
دواى ئەوەی باوكی دلێر پێی دەزانێت، تووڕە دەبێت و سزای دەدات، ناچاری دەكات خوێندنەكەی تەواو بكات و واز لە دار بێنێت، بەڵام دواتر وەستا عوسمان دەچێتە لای باوكی دلێر و تێی دەگەیەنێت كە كوڕەكەی بەهرەی هەیە و داوای لێ دەكات ئیزنی بدات بەردەوام بێت، بەو شێوەیە دلێر دەچێتەوە دوكانەكە و واز لە خوێندن دێنێت، تا ساڵى ١٩٨٨ تەمەنی دەبێتە هەژدە ساڵ، لە هەولێر دوكانێكی دارتاشی دادەنێت، دوای ١٩ ساڵ دەچێتەوە کۆیە و لەوێ دوکانێكی نوێی دارتاشی دەكاتەوە.
کارەکانى ئەو وەستایە زیاتر بە دارى سندیانە، كەرەستەی تورکى و چینى بەکار ناهێنێت، دەرگە و محەجەرە و کورسیی تاخمی خەو و کتێبخانە و زۆر شتى دیکەش لەسەر داواى كڕیارەكانی دروست دەكات، وەك خۆی دەڵێت ”مۆدیلی زۆربەى کارەکانم کلاسیکن، ئەوانەى دێنە ئێرە، شتی کلاسیکیان دەوێت، زۆربەى كڕیارەكانم لە دەرێی هەولێرێن، بەشەكیان لە دهۆک و زاخۆ و پێنجوێنەوە دێن، ئەو كەلوپەلانەی لە منیان دەوێت، لە بازاڕەكان دەست ناكەون“.
وەستا دلێر ئارەزووی دروستكردنی شتی نوێی هەیە لە دار، ئەو شتانەی پێشتر نەکراون. ئێستە خەڵك لە ڕێگەی هەژمارەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیدۆزنەوە و پەیوەندیی پێوە دەكەن.
هەروەها كەلوپەلی شێوە شوێنەوارییش دروست دەكات، نموونە بە كارێكی پار دەهێنێتەوە، كاتێك فازڵ شەوڕۆ داوای دروستكردنی هەندێك ئامێری وەكو خەڕەکی جووڵایی و دۆڵاب و دەستەکورژن و ئامێری کۆنی چنین و تەونی كریستیانەكانی لێ كردبوو، ئامێرەكانی بۆ دروست كردووە و ئێستە لە کولتوورخانەی لەپزێڕینی کۆیێ داندراون.
ئەو دارەی وەستا كۆیییەكە بەكاری دەهێنێت نرخی گرانە، بە زۆری لە ئەمەریکا و ئەفریقیاوە دێت، بۆیە ناچارە بەرهەمەكانی بە نرخی گران بفرۆشێت، ئەوەش وای كردووە كڕیارەكانی لە دەرەوەی كۆیە بن، ئێستەش خەریكی دروستكردنی کتێبخانەیەكە، خاوەنەكەی لە خانەقینەوە داوای لێ كردووە، هەروەها كارێكی دیكەی لە بەردەستە بۆ كڕیارێكی سلێمانییە.
تەواوكردنی كارەكانی وەستا دلێر كاتی زۆری دەوێت، هەندێك جار كڕیارەكان تووڕە دەبن و گلەیی دەكەن، بەڵام ئەو كە بەردەوام بە ڕیتمی هونەرمەندانە كاری كردووە، ئارام دەگرێت تا ئەو ڕۆژەی بەرهەمەكەی پێشكێش دەكات، ئەو وەختی كڕیار دەزانێت بۆچی زۆری پێ چووە. وەك خۆی دەڵێت زۆر جار دوای تەواوبوونی بەرهەمەكە، كڕیار داوەتی دەكەن و دیاریی تایبەتیشی بۆ دەنێرن.
ئەم ئێوارەیە كە تیشكی ڕووناكیی خۆر بەهێواشی دوكانەكەی بەجێ دێڵێت، هێشتا بۆنی گوێزی پۆلێشکراو هەوا پڕ دەکات، وەستا دلێر بەهەمان حەز و سۆزی منداڵی، دوای كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانی، مێزەكەی بەردەمی پاك دەكاتەوە و ئەو تەختە دارانە بەهێواشی لە شوێنی خۆیان دادەنێتەوە كە خەریكی بڕین و خۆشكردنیان بووە، دەڵێی لە ماوەی چەند مانگ كاركردن لەگەڵیاندا بووە بە هاوڕێیان و هەست بەدەنگ و هەست و ڕۆحیان دەكات، هەر بۆیەشە دەتوانێت لە ڕێگەیانەوە چیڕۆكی جاران بگێڕێتەوە، ئەگەر وا نەبووایە، وەك هەر دارتاشێكی دیكە تێكەڵی جیهانی مۆدێرن دەبوو، نەیدەتوانی ببێتە میراتگری وەستا لەبیرکراوەکان.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved