ژوورەكەی «نیفەرتیتی»ی من
ژوورەكەی «نیفەرتیتی»ی من
November 20, 2025

دوای دوو هەزار و پێنجسەد ساڵی تر، هەموو ئەوانەی ئێستە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین، ناویان لە تۆماری شەجەرەی بنەماڵەكان نەماوە، لە ڕەگی ئەو شەجەرەیە ناوی دیكە چرۆیان كردووە و ناوی دیكەش بوونەتە لق و گەڵا.. وەكو فیرعەونەكان ماڵی هەموومان دوازدە مەترێك كەوتووەتە ژێر خۆڵەوە، بەداخەوە ماڵەكەی تۆش دەكەوێتە ژێر هەولێری دواڕۆژەوە، وەك چۆن گەنجینەكانی ئەسكەندەری مەقدۆنی پێش دوو هەزار و سێسەد ساڵ كەوتە ژێر قاهیرەی ئێستەوە، وەك چۆن گەنجینەكانی تووت عەنخ ئاموون و ژنەكەی حەچپسووت دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ لەمەوپێش كەوتنە ژێر لمی شاری سەقارەوە.
ڕۆژێك، دوای دوو هەزار و پێنجسەد ساڵی تر، دوور لە قەبری من، كە بڕوا ناكەم هێندە بێنێت دوازدە مەتر خۆڵم بۆ هەڵدەنەوە، شوێنەوارناسەكان دەتدۆزنەوە، وەكو موعجیزەیەك جەستە مۆمیانەكراوەكەت دەبینن، ڕاستە كەمێك تۆزی لەسەر نیشتووە، لەو تۆزەی كە هاوینان لە خۆڵی هاتنی من بۆ كۆڵانەكەتان هەڵدەستا كە هێشتا قیڕ نەكرابوو.
بەڵێ پرچت شێدارە، نەك لەبەرئەوەی ئەو هەموو سەدەیە لە شوێنێكی فێنك ڕاكشابوویت، نەخێر، بەڵكو لەبەر ئەو فرمێسكانەی دوای ئەوەی نائومێد بوون لە بەدەستهێنانت لەسەر دنیا، خۆیان خزاندبووە كارێزەكانەوە و كانی كانی بەشوێنتدا گەڕابوون..
وەكو ژنە فیرعەونێكی نادیار، ژوورەكەت پڕ كرابوو لەو شتانەی یارمەتیت دەدەن بەجوانی بمێنیتەوە: لانكێك بۆ ئەو كچەی نەتبوو، كەچی ناوت نابوو هەنار، كەروێشكێكی پەڕۆیینی پەمەیی كە شایەتی ئەو قسانەت بۆ دەدا هی گوتن نین، هەرسێ بەرگی مەحرەمی ڕازی حافزی شیرازی، سینییەك پاقڵاوە كە لە بەیانییەكی زووی سەردەمانێك دروستت كردبوو بۆ یەكەم هاتنی ئازیزەكەت، پەیكەری ئەسپێك كە هەتا مابووی بەتەمای گەیشتنی سوارچاكێك بوویت، تیروكەوانێك كە دیار بوو بەهەڵە دانرابوو، چونكە برژانگەكانت هێشتا وەكو خۆیان بوون، دوای دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ هێشتا پێویستیان بە ماسكارا نەبوو..
لەسەر دیوارەكاندا نەخشی زۆر هەبوون، بە هێڵكاری وێنەی ماسییەك دەبینرا كەس نەیدەزانی هێندە گریاوە یان لەناو ئاودایە؟ وێنەی چۆلەكەیەك لە ساتی فڕیندا، كە دیار بوو دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە دەیویست بێتە سەر شانت. وێنەی مامزێك كە دوای خواردنی بێچووەكەی هیچ دڕندەیەك داوای لێبووردنی لێ نەكرد. وێنەی مارێك تا كەس نزیكت نەبێتەوە. وێنەی كلیلێك دیارە زانراوە دەرگەی بەختەوەریت ون كردووە..
لە ژوور سەریشت یەك دێر شیعر هەبوو، دێرێك و بەس:
لەناو ئاودا، كێ شایەتی بۆ فرمێسكی ماسی دەدا؟!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved