دابینكردنی جلوبەرگی زستانە بۆ خزمەتگوزارەکان
دابینكردنی جلوبەرگی زستانە بۆ خزمەتگوزارەکان
November 25, 2025

حکوومەتی عێراق جلوبەرگی زستانەی بۆ خزمەتگوزارەکانی هەردوو لیوای هەولێر و کەرکووک دابین کردووە.
موتەسەڕفیەتی لیوای بەغدا لە ١١/١١/١٩٣٣، بە نووسراوێک موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێری ئاگەدار کردووەتەوە، کە چاکەتی زستانە بۆ خزمەتگوزار (فەڕاش)ـەکانی لیوای هەولێر لە ڕێی بەڵێندەرێک دابین کردووە و بەڕێی بەڵێندەرێکی گواستنەوە دەینێرێتە هەولێر. هەروەها داوای کردووە، موتەسەڕفیەتی لیوای بەغدا لە گەیشتنی چاکەتەکان، ئاگەدار بکاتەوە.
بەپێی نووسراوێکی دیکە، کە موتەسەڕفیەتی لیوای بەغدا ڕۆژی ١٢/١١/١٩٣٣ ئاراستەی بەڵێندەرێکی گواستنەوە بەناوی حەییم ئەفەندی ناسائیلی کردووە، داوای لێ کردووە دوو کارتۆن چاکەتی زستانە کە ٢٠ چاکەت بووە، بگوازێتەوە کەرکووک و کارتۆنێکیش کە دە چاکەت بووە، بگوازێتەوە هەولێر.
چاکەتەکان بۆ خزمەتگوزارەکانی هەردوو لیوای هەولێر و کەرکووک دابین کراون و موتەسەڕفیەتی لیوای بەغدا داوای لەو بەڵێندەرە کردووە نرخی گواستنەوەکە بنێرێتە موتەسەڕفیەتی لیوای بەغدا تاوەکو بۆی خەرج بکرێت.
دوای گەیشتنی چاکەتەکان، موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر بەنووسراوێک لە ٢٠/١١/١٩٣٣، موتەسەڕفیەتی لیوای بەغدای لە گەیشتنی چاکەتەکان ئاگەدار کردووەتەوە بۆ ئەوەی کرێی گواستنەوە بۆ بەڵێندەرەکە خەرج بکەن.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved