زانایەکی ئیسلامی لە سێبەری دارگوێزەکانی باڵەکایەتی
زانایەکی ئیسلامی لە سێبەری دارگوێزەکانی باڵەکایەتی
November 25, 2025

ئیبن ئاده‌م (ئاده‌می كوڕی عه‌بدوڵڵا)، یەکێک لە بلیـمەتترین زانایانی ئاینی و گەردوونناسی کورد بووە کە ساڵی ١٧٤٧ی زاینی لە گوندی «ڕوستێ»ی باڵەکایەتی لەدایک بووە. نەک هەر وەک زانا، بەڵکو وەک دامەزرێنەری یەکێک لە مەدرەسە گرینگەکانی ناوچەکە ناسراوە، کە تا ئێستەش پاشماوەکانی شایەتی میراتە زانستییەکەی دەدەن.
سەرەتا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان لەلای زانای ناودار (مەلا عەبدوڵڵا بایەزیدی) درێژەی بەخوێندن داوە. بۆ فراوانکردنی زانست و فێربوونی زمانی فارسی، لە ١٧٧٨ ڕووی کردووەتە شاری مەهاباد.
دوای تەواوکردنی خوێندن، گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە ڕواندز نیشتەجێ بووە. بەهۆی لێهاتوویی و زانستە فراوانەکەیەوە، محەمەد پاشای ڕواندزی ڕێزی زۆری لێ ناوە و کردیتییە یەکێک لە ڕاوێژکارە تایبەتەکانی خۆی. لەو ماوەیەدا، ئیبن ئادەم دەستی داوەتە وانە گوتنەوە و دانانی کتێب.
دوای ماوەیەک، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان ئیبن ئادەم و محەمەد پاشا. لە ئەنجامدا، ئیبن ئادەم شاری ڕواندزی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە گوندی «ڕوستێ». لەوێ بەردەوام بووە لە خزمەتکردن بەزانست و مەدرەسەیەکی لە گوندی (کۆنەخانان) كردەوە کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شارۆچکەی چۆمان. هەموو تەمەنی دواتری خۆی بەفێرکردن و پەرەپێدانی زانست لەو مەدرەسەیەدا بەسەر برد، تا لە ساڵی ١٨٣٦ لە گوندی «دێڵزە» کۆچی دواییی کرد.
پاشماوەی ئەو مەدرەسەیە تا ئەمڕۆش ماوەتەوە. بەشێکی کە پێک هاتووە لە سێ ژوور، بە دیواری پتەو و بەجوانی ماونەتەوە. ژوورەکان، هەروەک سروشتی تەلارسازیی ناوچەکە، بە بەردی شاخ دروست کراون. هەرچەندە بەشێکی زۆری بیناکە نەماوە، بەڵام شوێنەواری حەوشەیەکی گەورەی پێوە دیارە.
شوێنی مەدرەسەکە دەکەوێتە نێو سروشتێکی جادوویییەوە؛ هەموو بیناکان لەژێر سێبەری داری گوێزدا بوون و لە لای باکوریشیەوە ڕووبارێکی ئاو هەیە کە بەردەوام هاژەی دێت و ژینگەیەکی ئارامی بۆ خوێندن و زانست ڕەخساندووە.
میراتی زانستی و قوتابییە ناودارەکان و ناوبانگی زاناییی ئیبن ئادەم بەهەموو لایەکی کوردستان و جیهانی ئیسلامیدا بڵاو بووەوە. چەندین زانای ناوداری کورد لە لای ئەو خوێندوویانە، دیارترینیان «مەولانا خالیدی شارەزووری» (مەولانا خالیدی نەقشبەندی)، «مەلا محەمەدی خەتێ» و «مەلا عەلی وەسانی» بوون.
تاکو ئێستە ٢٧ پەڕتووکى بەنرخی ئیبن ئادەم تۆمار کراون کە لە بوارە جیاجیاکانی وەک زانستی ئاینی، فیقه، ڕەوانبێژی، لۆژیک، زمانەوانی، جوگرافیا و گەردوونناسیدا نووسراون.
زۆربەی ئەم پەڕتووکانە لە گوندەکانی ڕوستێ و دێڵزە نووسراون، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە دانیشتوانی تەسەوف لەو سەردەمەدا ڕێگر بوون لەوەی پەڕتووکەکانی بە هەموو لایەکدا بڵاو ببنەوە.
جگە لە بلیـمەتی لە زانستەکاندا، ئیبن ئادەم دەستێکی باڵای لە هۆنراوە نووسینیشدا هەبووە. ئەم چەند دێرەی خوارەوە، نموونەیەکە لە شیعرەکانی کە باس لە داگیرکاری و بێهێزبوونی میرنشینی سۆران و بابان دەکات.
هه‌وران كرده گۆڵه‌ گۆڵ، میكائیلا ئه‌تۆش ده‌ی
تووتن و ماشان بڕشێنه ده‌با نۆش بێته سه‌ر ده‌ی
ڕۆمی ئه‌وا په‌یا بوون كوتبخانان ده‌كه‌ن ئه‌ی!
میری سۆران و بابان لەناوچوون بەدەسیسەی
کوردستانمان چی لێ هات، کوردان ماتن هەتا کەی؟

وێنەی گڵکۆی ئیبن ئادەم لە باڵەکایەتی

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved