هەرچەندە کاتی خۆی گڵکەند بەشێک بوو لە گەڕەکی سەعدوناوە، بەڵام دانیشتوانەکەی بەگەڕەکێکی سەربەخۆیان دەزانی، خێزانەکانی ناو گڵکەند هەژار و کەمدەرامەت بوون، بەڵام شوێنێکی سەر بە ڕزقیش بوو، خانووەکانی بە خشتی قوڕ و بانەکەشی بە شەقرە و كاریتە گیرابوو.
ماڵمان لە گڵکەند بوو، پیاوێک هاوسێمان بوو، بەتەنیا لە خانووێک دەژیا، قەلەندەرخانەیەک بوو بۆ خۆی، نەمدەدیت کەس سەردانی بکات، بەیانیان دەڕۆیشت و دەمەوئێوارە دەگەڕاوە قەلەندەرخانەکەی، نەشمدەزانی چ کارەیە، ئەو کات تەمەنی پەنجا ساڵ دەبوو، کورتەک و شەرواڵێکی شڕ و پەستەکێکی شڕتریش بە زستان و هاوین بەسەر کورتەکەکەیدا لەبەر بوو، کەسێکی بێ وەی بوو، دەرودراوسێ خۆشیان دەویست، ناوی مام عەلی بوو.
مام عەلی خووێکی جوان و سەرنجڕاکێش و دڵتەزێنی هەبوو، کە شەو دادەهات و گڵکەند لە بێ کارەبایییان تاریک دادەگەڕا تا ماڵنووستنان، یان تا کاتی خەوی خۆی، یان هیلاکبوون، شمشاڵی دەژەند، ئەوجا چ هەوا و نەوا و چ ئاوازێک!؟ ئێستەکێ دەڵێم شتێکی ئەوتۆی لە (قالە مەڕە) کەمتر نەبوو، دەنگی هەوا و نەوای شمشاڵەکە بە هەر گوێچکەیەک بگەیشتایە دەیزانی غەم و کەسەری دڵ و هەناویەتی لە قوڕگی خۆیەوە بەقوڕگی شمشاڵە ڕەقوتەقەکەدا بە بای دەکات، دەنگی شمشاڵەکە دەیگوت (مام عەلی) غەمبارە، بێ کەسە، لێقەوماوە، غەم کردوویەتی بەم شمشاڵەژەنە لێهاتووە، دەردەدڵیەتی، غەمی دڵیەتی، ئازاری تەنیایییە، بێ کەسییە لە بۆشاییی سینگیەوە بە بۆشاییی شمشاڵەکەیدا ڕەتی دەکات و دەری دەبڕێت، دیار بوو غەمێکی بێ دەوا، کۆستێکی گەورەی لێ کەوتبوو، ڕەنگە ژەنینی شمشاڵەکە نەبوایە، بەرگەی غەمەکەی نەگرتایە.
دراوسێکانی مام عەلی شەوانە خۆیان بۆ دەنگی شمشاڵەکەی قوڵاغ دەکرد، ئەوانیش غەمی خۆیان لەگەڵدا بە با دەدا. پێم وایە کاریگەریی غەم بەتەنیا فرمێسکی لە چاوانی (مام عەلی) نەدەهێنایە خوارەوە، بەڵکو لە سەری پەنجەکانیشیەوە فرمێسک دەهاتنە خوارێ و دەڕژایە نێو کونەکانی شمشاڵەکە و لە کۆتاییی شمشاڵەکەش تێکەڵەی غەم و فرمێسک بە حەوادا دەچوو و بە دەروونی هاوسێکانیەوە دەپڕژا.
ئەمە خووێک بوو مام عەلی شەوبێری لێ نەدەکرد، بۆ منیش بووە مەراق و لە گەورەکانم پرسی چ هۆکارێکە مام عەلی شەوانە شمشاڵ دەژەنێت؟ لە وەڵامدا گوتیان لە کارەساتێکدا ژن و منداڵەکانی لەدەست داوە و تەنیا خۆی دەرچووە، ئەوسا زانیم و تێگەیشتم مام عەلی کە فوو بەشمشاڵەکەیدا دەکات دەڵێت: هۆ هۆ ژنەکەم، هۆ هۆ منداڵەکانم، هۆ هۆ تێکەڵەی جەرگ و هەناوم، ئێوە ڕۆیشتن و منتان بێ کەس کرد، منتان بۆ غەم و کەسەران جێ هێشت، ڕۆیشتن و منتان داماو و قەلەندەر کرد، ئەی بۆ منیشتان لەگەڵ خۆتاندا نەپێچاوە؟ هۆ هۆ ژنەکە بێ کەسی هی خودایە، هۆ هۆ خۆشەویستەکانم چۆن بارانە سەر بەکڵاوەکە لە شەوە تووشە ڕەزاقورسەکە گۆشت و ئێسک و خوێنی تێکەڵاو کردن، خوێن و فرمێسکم بۆ ئێوە ئاوا تێکەڵاوە.
خاووخێزانی مام عەلی لە شەوی زستانێکی نەگریس و سەختدا کە چەند ڕۆژ بووە باران لێی نەکردبووەوە و مەرگەمووشی بە سەربانەکەیاندا باراندبوو و بانەکە بەسەریاندا دەڕووخێ و کاریتەیەک لە ئاستی جێ خەوەکەی ئەودا لە دەلاقەیەک گیر دەبێت و بۆ ڕۆژە ڕەشی خۆی ڕزگار دەبێت و ئەوانیش تێدا دەچن.
لەگەڵ چۆڵکردن و تێکدانی گڵکەند، دەنگ و چریکە و هەوا و نەوای شمشاڵی مام عەلیش لەوێوە هەناسەی لەبەر بڕا و لێی بێ خەبەر و هەواڵ مامەوە.