بڕوانامەیەکی دەرچوونی قوتابییەک لە قوتابخانەی سەرەتاییی ئەربیل ئولا بۆ یەکەم جار بڵاو دەکرێتەوە.
بڕوانامەکە لە وەزارەتی مەعاریفی شانشینی عێراق (وەزارەتی پەروەردە) دەرچووە، مۆری ئەو کاتی شانشینی عێراق و وێنەیەکی قوتابیی عادل محەمەد ئاغای لەسەرە و بە واژووی بەڕێوەبەری مەعاریفی ناوچەی هەولێر (بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێری ئێستە) دەرچووە.
بەپێی بڕوانامەکە، عادل محەمەد ئاغا لە ساڵی خوێندنی ١٩٢٥ - ١٩٢٦ قۆناغی سەرەتاییی لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا بەسەرکەوتوویی تەواو کردووە و شایستەیە لە قوتابخانەی ناوەندی وەربگیرێ.
قوتابخانەی ئەربیل ئولا، یەکەم قوتابخانەی پەروەردەیە لە هەولێر، پێشتر قوتابخانەی ئاینی لە مزگەوتەکانی هەولێر هەبوون.
ئەو قوتابخانەیە لە ساڵی ١٩٢٠ لەسەر داوای خەڵکی هەولێر، لە لایەن وەزارەتی مەعاریفی عێراق، لەسەر قەڵات دروست کراوە.
دواتر بەهۆی زۆریی قوتابیان و گەورەبوونی هەولێر، لە ساڵی ١٩٢٦ بینایەکی نوێ بۆ ئەو قوتابخانەیە لە خوارەوەی قەڵات لە بەرامبەر بازاڕی ئێستەی نیشتمان دروست کراوە، قوتابیانی کورد، تورکمان، موسوڵمان و مەسیحی و جوولەکە لێیان خوێندووە.
لە ساڵی ٢٠١٢ەوە، ئەو قوتابخانەیە کراوەتە مۆزەخانەیەکی پەروەردەیی و تێیدا کەلوپەل و بابەتە مێژوویییەکانی تایبەت بە مامۆستا و قوتابیانی هەولێر، نمایش کراون.

