جاران لە هەولێرێ زیندانی ژنان نەبوو، بۆیە كە ژنێك سەرپێچیی دەکرد و لە یاسا لای دەدا، دەیانبرد بۆ ماڵی كەسایەتییەكی ناوداری شارەكە و لەوێ دەستبەسەر دەكرا.
بەهۆی بەهێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و متمانەی خەڵک لەو سەردەمە بەموختاری گەڕەکەکان، ژنان دەبران بۆ ماڵی موختار، تا چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەوێ دەمانەوە، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە هەولێر سێ موختار هەبوون، لە گەڕەکی تەعجیل مەجید موختار هەبوو، لە گەڕەکی تەیراوەش ئەبو عەلی موختار و حاجی حەمە عەزیزیش موختاری گەڕەکی سەیداوە بوو.
ئەحمەد محەمەد حەمە عەزیز موختار کە دانیشتوویەکی کۆنی گەڕەکی سەیداوەیە و شایەتحاڵی بەشێک لە ڕووداوەکانی پەنجاکان بووە، بۆ (گڵکەند)ی گێڕایەوە كە زۆر بەباشی لە بیریەتی کاتێک ژنێك سەرپێچییەکی دەکرد یان بەهۆکارێک تاوانبار دەکرا، حکوومەت هیچ شوێنێکی نەبوو بۆ بەندکردنی و دەیاننارد بۆ ماڵی موختار و لەوێ دەمانەوە.
ئەو پیاوە ڕووداوێك بەنموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت ”لە بیرمە ساری ١٩٦٧ قوتابخانەکی تێکەراو هەبوو لە سەیداوە، ڕۆژەک زۆپایەكی گڕی گرت، چەند مندارەك و بەشەكی قوتابخانەکەش سووتا، ١١ مامۆستای ژن و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش هەر ژن بوو، لەو ڕووداوە تۆمەتبار كران و دەستگیریان کردن، حاکم دوو حەفتە تەوقیفی كردن، چ جێ نەبوو مامۆستایەكانی لێ بەند بکەن، ناچار بردیاننە ماری حاجی حەمە عەزیزی موختاری سەیداوە کە دەیكردە باپیری من، هەتا ئازاد كران لەوێ بوون“.
ژنان لەگەڵ ئەوەی وەک بەندکراو دەنێردرانە ماڵی موختارەکان، بەڵام مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ دەکرا و لە ژووری دیوەخانی ماڵە موختارەکان دایان دەنان و بەڕێزەوە خواردن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەکردن، لەو سەردەمە تاکو دوای ساڵی ١٩٩٢ لە هەولێر هیچ بەندیخانەیەكی ژنان نەبووە، تەنیا ڕاگرتن هەبووە.
لە هەندەك ناوچەی دیكەی دەرێی شاری هەولێریش، ژنان لە ماڵی ئاغا و کوێخاکان بەند دەکران، زۆر جار کێشەی گرتنی ژنان لە لایەن حکوومەتەوە چارەسەر نەدەکرا و موختارەکان لەبەرئەوەی لە لایەن خەڵکەوە ڕێزی زۆریان لێ دەگیرا، کێشەکانیان چارەسەر دەکرد.
دلێر ئاکۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی هەولێریش باسی بەندکردنی ژنان دەکات و دەڵێت پێویستە بەندکردن و ڕاگیران لەیەک جیا بکرێنەوە، هەر کەسێک دادگە بڕیاری لەسەر نەدا و بەپێی بڕیار نەبێت، بەند ناکرێت، ئەوە تەنیا ڕاگیرانی پێ دەگوترێت، لە کۆندا لە کوردستان و هەولێریش بەندیخانە نەبووە، تاکو دوای ساڵی ١٩٩٠ ژنان ئەگەر بەبابەتی کوشتن یان کۆمەڵایەتی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرابان، بۆ پاراستنی ژیانیان دەیانناردن بۆ ماڵی موختار، لەوێ بەند دەکران، بۆ نموونە ژنێك کە بەزۆر بەشوو دەدرا، ڕای دەکرد و بۆ پاراستنی ژیانی؛ خۆی ڕادەستی پۆلیس دەکرد و ئەوانیش دەیانبردە ماڵی موختارێك، دوای ١٩٧٠ لەناو قائیمقامیەتی ئێستەی هەولێر کە ئەو کات سەرای هەولێریان پێ دەگوت، هەموو دائیرەکان لەوێ بوون، وەک پارێزگە و پۆلیس و بەندیخانە، یەک ژووریان بۆ ژنان دروست کردبوو، بۆ ڕاگیرانی ژنان تاکو چارەسەری کێشەکانیان.