تکایە، هەموو شارەکە بکەن بەپەیکەر، خۆ ئەوەندە سەخت نییە، چ زۆرە هونەرمەندمان زۆرە، بەردمان زۆرە، پاڕک، سەنتەر و چوارڕیانمان زۆرە! شارەکە گەورەیە، پاڕکمان هەیە، دەزگەی کولتووریمان زۆرە! هەموو کۆڵانە کۆنەکان، بەردەم قوتابخانەکان، ناو وەزارەتەکان، هەورازەکان، نشێوەکان، باڵەخانە کۆنەکان و زانکۆ زۆرن! بەردەرگەکان، باخەکان بکەن بەپەیکەرستان، بە موزەی میللیی شارستان!
لە سەری هەموو کۆڵانێک، لەناو باخچەکاندا، لەگەڵ ڕەنگی سووری ترافیک لایتەکان، پەیکەری سەرکردەیەکی سووری چەپ ماندووی تێکۆشەر.
لەگەڵ زەردێک بەژنی تێکۆشەرێک؛ وەک چنار شکۆدار بچێتە ناو ئەستێرە. لەگەڵ سەوزیش بیر لە حزبایەتی مەکەنەوە، پەیکەرێکی کەسک دروست بکەن!
لەبەر سێبەرێک با (بورهان جاهید)ی شاعیری یاخی، شەیدای مەی، با پشوووێک بدات، گوناحە لە ژیانی زۆر ماندوو بوو، ئەو لە ژیانی وەک بەگزادەیەکی ‹›دۆغرەمەچی››ی قەڵاتی، قەڵەمێکی تووڕە و ناوازەی لەناو دەستدا بوو، قبووڵیشی نەبوو بە زمانی تورکی بنووسێت! پەیکەرێکی لاوازی بۆ بکەن، وەک شمشاڵێک بەردەوام نوزەی سۆزی عیشقی لێوە بێت!
پەیکەرێک بکەن، بۆ (چوار پۆلیس)ەکەی بەر لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ هەموو تفەنگ و تەقەمەنییەکانی مەشجەبی پۆلیسی هەولێریان، بە جێبێکی شڕی حزب بردە چیای سەفین. با ئەو پەیکەرە، لەناو قشڵە کۆنەکە بێت، بەرانبەر پارێزگە، لەناو ئاوەدانییەکەی شەو و ڕۆژ گرمەی دێت!
پەیکەرێک بۆ (ڕەسووڵ گەردی) بکەن، زۆر مەغدوورە، بێ کەسە، ناوی نییە، باسی ناکەن، ئەگەرچی ئەو لە هەموو شتەکانی شارەکە پێشەنگ بووە، بە بەستە و حەیرانەکانی گوندەکانی بە شار گرێ داوە، جلی کوردیی پیاوانە پوخت و شانازیی لەبەر کردووە، وەک موکریانییەکان دەستماڵ و چەفیەی بەستاوە! شیعرەکانی خۆی، بە ئاوازی سووتانی هەناسە و عیشقە پیرۆزەکەی لە بەغدا گوتووەتەوە!
بەرد و چیمەنتۆ و دەزگە زۆرن، پەیکەرێک بۆ کۆچڕەوەکە، بۆ تەقینەوەی کەبابخانەکەی (مام سەید) لە ساڵی ١٩٧٤ دابنێن.
پەیکەرێکی بەرز بۆ هەولێر بەرانبەر قەڵات دروست بکەن، پێکەوە قسە بکەن؛ باسی دێرینی شارەکە، مێژووە درێژەکەی، شکۆی سەنحاریب بگێڕنەوە! پەیکەرێک بۆ حاجیلە، تۆڵکە، کەنگر، سەرتوو، ماستفرۆشەکان!
پەیکەرێک بۆ دەستڕەنگینیی جووەکان، بۆ مەسیحییەکانی مامۆستا، پەرستار و شارستان بوون! یەکێک بۆ عەرەبەکانی نانی تەندووریان پەیدا کرد! نازانم کێ شایستەی پەیکەرێکی گەورەیە دابنرێت لە چەقی شار!؟