حەفیز عەلیم
حەفیز عەلیم
December 03, 2025

حەزرەتی یوسف بە فیرعەونی گۆت بیکات بە بەرپرسی دارایی چونکە حەفیزون و عەلیمە (دەستپاک و شارەزا)، فیرعەونیش کردیێ، یوسف پلانێکی چاردە ساڵیی دانا، وڵاتی لە قەیران ڕزگار کرد.
داوا لە بڕیاربەدەستان دەکەم، بۆ کابینەی دەیەم و کابینەی نوێی عێراق و هەردوو پەرلەمان، دەستپاک و شارەزا بکەن بە وەزیر و بەرپرس. کەسی دەستپاک، داوێنپاک و دڵسۆزیشە. کەسی شارەزا فشارتان لەسەر کەم دەکاتەوە و کارەکان باشتر ڕایی دەکات.
با لە کابینەی دەیەم، سیستەمی دەرکردن و دەستلەکارکێشانەوە پەیڕەو بکرێت، واتە ئەگەر وەزیرێک قەباحەتێکی لێ ئاشکرا بوو، دەربکرێت، یان دەست لە کار بکێشێتەوە. بە دەیان گەنجی دەستپاک و شارەزامان هەن، تکایە با هەلێک بەوان بدەین. با کوردبوون و دڵسۆزی و شارەزایی بکەینە پێوەر، نەک حیزبایەتی.
کەسی حیزبی تەنیا بۆ ڕازیکردنی بەرپرسی سەروو خۆی ئیش دەکات، تا بن پیلانیش دەکەوێتە ناو گەندەڵی. کەسی حیزبی ئابڕووی حیزبەکەی خۆی دەبات، بەڵام کوردپەروەر و دەستپاک و شارەزا سەری حیزب و هەموو لایەکیش بەرز دەکاتەوە.
وڵات بە داوێنپیس و دەستپیس و نەشارەزا وەپاش دەکەوێت. دەبێ بڕیاربەدەستانی حیزبییش شانەکانی خۆیان پاک بکەنەوە لەو جۆرە ڤایرۆسانە.
هەردەم ئەوە حیزبییەکەیە بە ناوی حیزب گەندەڵی دەکات و غەدر لە خەڵکی دەکات. ئەوە حیزبییەکەیە دەستی دەڕوات نەک کارمەند و کاربەدەست.
بڕۆ هەر فەرمانگەیەکی حکوومی، بەرپرسی حیزب لەوێ، دەستی زیاتر دەڕوات لەوانی دیکە.
هەیە دووسێ ئەستێرەی لەسەر شانیە، لە بن دەستی مفەوەزێکی حیزبییە. ئاخر وەڵاهی وڵات ئەوها پێش ناکەوێت.
لە کۆلێژەکان، نوێنەری حزبەكان، مامۆستای زانکۆت لۆ هەڵدەسووڕێنن و قسەیان زیاتر دەڕوات. توخوا ئەوە ڕاستە نوێنەری حزبەكان تەمبەڵترین و گەندەڵترین بن؟ ئەوێ ڕۆژێ برادەرێکی منداڵیم بووە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک. لێیم پرسی ئەوە کو حیزبییەکان هێشتییان؟ گۆتی بەڕێوەبەرێکی گشتی، داوێنپاک و دەستپاک و شارەزا و دڵسۆز، ڕووبەڕووی حیزبییەکان وەستا و گۆتی ئیللا دەبێ ئەو کوڕە دەستپاک و شارەزایە ببێتە بەڕێوەبەر. شەڕەکەی بردەوە.
ببینن، بەڕێوەبەر و وەزیری دەستپاک و شارەزا لە دوای کەسی وەک خۆیان دەگەڕێن، بێ شکیش، کەسی دەستپیس و نەشارەزا ئی وەکی خۆی دەبینێتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved