برادەرەکەم گۆتی دوای ڕاپەڕین ئێمە چەند کەسێک سەرقافڵەی کۆچکردن بووین بۆ هەندەران، لە وڵاتی نەرویج وەک پەنابەر وەرگیرام، لە نهۆمی سێیەمی ئاپارتمانێک خانووێکیان دامێ و مانگانە لە سۆسیال پارەمان وەردەگرت.
پایز هات، ڕۆژێک دەگەڕامەوە ماڵ، خەڵکی گوندەکەم بینی هەریەک بەدلە لەبەر و پەنجەوانە لە دەست، هەندێکیان خاکەناس و قازمەیان بەکار دەهێنا، هەندێک عارەبانەی پڕ زبڵ و خاشاکیان پاڵ دەدا، ئەوانی دیکە خەریکی بۆیاغکردنی شۆستە و تاتۆک و ستوونی کارەبا و دیوارەکان بوون، بەلایان تێپەڕین خۆم لە کەسیان نەگەیاند، ئەو هەڵمەتە دوو ڕۆژی خایاند.
سەری مانگ کە مووچەکەم وەرگرت، نزیکەی ٤٠٠ یۆرۆ کەمتریان دامێ، کە پرسیم بۆ کەمترتان دایمێ؟ گۆتیان لەبەرئەوەی ئامادە نەبووی بەشداریی هەڵمەتی پێش هاتنی زستانی پاککردنەوەی گوندەکەت بکەی، ئێمە وەک شارەوانی کرێکارێکمان لە جیاتیی تۆ گرتووە و پارەکەمان داوەتێ، گوتم خۆ من خەڵکی ئەو وڵاتە نیم، چۆن خزمەت بکەم؟
گوتیان کە لەم وڵاتە دەژی هەموو ماف و ئەرکێکی سەرشانی هاووڵاتیانەت هەیە. هەرچەندە پارەلێبڕینەکە زۆر خەفەتی دامێ، بەڵام کە گوتیان لە ماف و ئەرک لەگەڵ هاووڵاتیان یەکسانی، زۆر خۆشحاڵ بووم، لەو کاتەوە هەست و وەلائی هاووڵاتیبوونی نەرویجیم لا دروست بوو. ساڵی دواتر پێش خەڵکی گوندەکە بەپەرۆشەوە خۆم ئامادە کرد و زۆر بە گەرمی بەشداریم کرد و هەستم بەخۆشییەکی زۆر کرد. تا ئەمڕۆ، کوردستان وەک وڵاتی یەکەمم و نەرویجم وڵاتی دووەمم، خۆش دەوێن.
ئێمەش كە لە هەرێمی کوردستان دەژین، زۆربەمان وا تێ دەگەین پاککردنەوەی جۆگەلەکان، لادانی زبڵ و ڕێگرییەکانی سەر کونە مەنهۆڵەکان، بۆیاغکردنەوەی ستوونەکانی کارەبا و چاککردنەوەی کورسییە شکاوەکانی ناو پاڕک و شوێنە گشتییەکان و سەرجەم کارە خزمەتگوزارییەکان، کاری شارەوانی و تیمەکانیەتی، تا دەگاتە ڕادەی دزینی سەرە مەنهۆڵەکان لە لایەن هەندێك بەناوی کەونەفرۆشی و لە کاتی پچڕانی تەوژم و تەزووی کارەباش هەندێک دەرفەتیان دەبینی کێبڵ و وایەری نێوان ستوونەکانیان دەبڕی و لێ دەکردەوە و لە کورە قاچاغەکانی تواندنەوەی سفر و فافۆن دەیانتواندنەوە و وەک قالب ڕەوانی وڵاتانی دراوسێیان دەکرد و ڕۆژانە لە دادگەکان دۆسیەی ئەم جۆرە دزییانە دەبیندرێ.
ئێستە لەسەر شەقامە گشتییەکان و ناو بازاڕ و گۆڕەپانەکانی هەولێر سەدان زبڵدانی وا دانراون بۆ زبڵ تێ کردن، شوێنی زبڵی دووبارەنەبووەوە لەگەڵ ئەو زبڵ و ئەو پاشماوانەی دەکرێ دووبارە بەکار بێنەوە و کەڵکیان لێ وەربگیرێتەوە جیا کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە دەوروبەریان خەڵکانێک هەن زبڵ و پاشماوە فڕێ دەدەن، بۆیە پێویستە هەر هاووڵاتییەک خۆی بەخاوەن و خەمخۆری شار و وڵات بزانێت و پارێزگاری لە خاوێنی بکا و ڕێگری لە کەسانی دیکەش بکات کە شارمان پیس دەکەن.