بێجگە لە دایك و باوك، هەمووان وزەت لێ دەبەن، لە هیچ بازنەیەكی ئەم ژیانە كەس پێت ناڵێ نرخت هەیە، نە لە خێزان و نە لە كۆڵان و نە لە شار و نە لە نەتەوە و نە لە جیهانیش، لەوانەیە هی ئەوەش بێت هەموومان غەریبیی منداڵیمان دەكەین، چونكە بەس لەوێدا وەكو بێچووی ناو هێلانە سێ ژەمە دەممان دەكردەوە و باوكەكانمان لە دەرەوە، بێ ئەوەی هەست بكەین ئەو دەرەوەیە چەند غەدارە، پارووە نانێكیان دەهێنایەوە.
نەك خەڵكەكان، خودی ئەم گەردوونەش بێ بایەخیی خۆتت نیشان دەدا، سەرەتا مەراقە دەروونییەكان و دواتر خەفەتە جەستەیییەكانیشی دێتە سەر، چاوی كز و ددانی كەوتوو و پەنكریاسێك كە بەنیوەی تاقەتی كار دەكا.
مرۆڤەكان زیاد لە پێویست هەست بەزیندووبوونی خۆیان دەكەن، ئەمەش خاڵی لاوازیانە، بۆیەش ناتوانن خۆیان بەسەنتەری ژیان دانەنێن و لە بازنەی ئیرەیی و یەكترشكاندن ڕزگاریان بێت.
دارپرتەقاڵێك تەنها بە دارپرتەقاڵبوونی خۆی ڕازییە، بۆقێكیش لە كەناری ئاوێكدا، ئاوێك ڕەنگە گۆمێك بێت بەهۆی شكانی بۆڕیی ڕەئیسیی كۆڵانێك، ڕازییە و بەدەنگە زیقنەكەشی گۆرانی بۆ بۆقێكی مێیینەی ئەوبەر گۆمەكە دەڵێت.
تەنها مرۆڤ بە بەشی خۆی ڕازی نییە، فریشتە و ئیبلیسە لە یەك كاتدا، ئاو و سەراب، چاكە و خراپە و منداڵی و گورگێك لەناو یەك جەستەدا كۆ دەكاتەوە، كۆترێك هەتا دەمرێت خۆی و نەوەكانی، كۆترن و بەس، پێناسە كراوە و دەیناسین، تەنها مرۆڤ گرەنتی نییە سبەی دەبێت بە چی؟!
زۆربەی نووسەرە مەزنەكان دركیان بەو زیاد لە پێویست زیندووبوونەی مرۆڤەكان كردووە، «مێرسۆ»ی ڕۆمانی «نامۆ»ی ئەلبێر كامۆ، «زۆربا»ی نیكۆس كازانتزاكیس، پاڵەوانی ماڵئاوا لە چەكی هێمنگوای، «ئۆرلیانۆ بویندیا»ی سەد ساڵ تەنیایی ماركیز، «نالی»ی شارەزووری، ئەبونەواس و هەتا دوایی.. دەیگوت پەڕی باڵی باڵندەیەكی بریندارن و بەئاسماندا دەسووڕێنەوە، قاچیان لەناو چیمەنتۆی زیاد لە پێویست زیندووبوونەوە نەچەقی بوو، خاوەنی سیمایەكی دیاری ئایدیۆلۆژی نین، خۆیان لە سەرووی سروشتەوە نابینن، تەنانەت نالی خۆی لە سەرووی كەرێكیشەوە نابینێت كە دەڵێت:
چەند خۆش بە زمانی حاڵی
دەیگوت نالیا
هەردوو حەیوانین
ئەتۆ گوێ كورت و ئەمن گوێدرێژ
ئەو مرۆڤانەی پێیان وایە گەردوون لەگەڵ لەدایكبوونی ئەوان دەستی پێ كردووە و بە نەمانی ئەوانیش كۆتاییی دێ! هەر ئەم زیاد لە پێویست زیندووبوونەش كۆیلەكانی ئایدیۆلۆژیای هێناوەتە بەرهەم.
مرۆڤەكان خۆیان بە هەڵۆ دەزانن و لە ڕاستیدا لە شێوەی ئەو مریشكە بەستەزمانانەن كە لە دوكانێكی سێ بەدووی پلاستیكیدا بە دیار شیشێك هیتەرەوە، لە تەنیشت یەكتر گرمۆڵە بوون و چاوەڕێی سەربڕین دەكەن.. هەر زانینی ئەم چارەنووسەیە وای كرد هێمنگوای خۆی بكوژێت و كامۆ ئۆتۆمۆبێلەكەی خێرا لێ خوڕێت و بمرێت، كازانتزاكیس تۆبە بكات و یەكشەممان بە هەنگاوی قورسەوە بڕواتە كڵێسا، ماركیز تووشی زەهایمەر بێت و نالی سەری خۆی هەڵگرێ و ئەبونەواسیش شەو و ڕۆژ ئەلكهول بخواتەوە.