لەگەڵ یەکەم تیشکی بەرەبەیاندا، كە هێشتا بەشێکی شار لە خەو دایە، وەرزشوانان خۆیان دەگەیەننە پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان و ڕۆژەكەیان بەڕیتمێکی جیاواز و خێراتر دەست پێ دەکەن.
دەنگی پێی وەرزشوانان لەسەر ڕێڕۆی تارتانە درێژەكە، لەگەڵ خشپەی گەڵا و چریکەی چۆلەکاندا، بووەتە سیمفۆنیای نەبڕاوەی بەیانیانی ئەو بەشەی هەولێر، کە تەنیا ئارەزوومەندانی لەشساخی و وەرزشوانان لێی تێ دەگەن.
لێرە، لەم سییە سەوزەی شاردا، پیر و گەنج، ژن و پیاو، کارمەندی حکومی و کەرتی تایبەت، وەرزشوان و کاسبکار، هەمووان لەژێر ئاسمانی کراوە و لە هەوای پاکدا یەک دەگرنەوە.
ئەمە چیڕۆکی شوێنێکە کە لە ڕێڕۆیەکی سادەی وەرزشەوە بووەتە دڵی کۆمەڵگەیەکی چاڵاک و تەندروست.
پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان تەنیا باخچەیەکی گشتی نییە، بەڵکو ژێرخانێکی وەرزشیی گرینگە بۆ دانیشتوانی شارەكە. گرینگترین بەشی ئەم پاڕکە، ئەو ڕێڕۆیە تایبەتەیە کە بووەتە قیبلەی ڕاکەران و پیاسەکەران.
جەمیل حوسێن، بەڕێوەبەری پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان، وردەکاریی زیاتر لە بارەی ڕێڕۆکەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێت ”بە نزیکەیی درێژیی ڕێڕۆکە سێ کیلۆمەترە و لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت. ڕێڕۆیە سەرەکییەکە، کە گەورەکەیانە، درێژییەکەی هەزار و سێسەد مەترە و دوو ڕێڕۆی دیکەی بچووکتریشی تێدایە“.
ئەم ڕێڕۆیە کە بە ماددەی تارتان ڕووپۆش کراوە، بەناو دارستان و باخچە جوانەکانی پاڕکەکەدا تێ دەپەڕێت، کە وای کردووە ژینگەیەکی ئارامبەخش و دوور لە ژاوەژاوی شار بۆ وەرزشکردن فەراهەم بێت.
لەسەر ئەم ڕێڕۆیە، چیڕۆکی جیاوازی نەوەکان بەیەک دەگەن. یوسف محەمەد پیاوێکی تەمەن ٥٧ ساڵە و فەرمانبەری حکوومەتە، ماوەی پێنج ساڵە لە سەردانیکەرە هەمیشەیییەکانی ئەم شوێنەیە و حەفتانە دوو بۆ سێ جار، پێش دەوامی فەرمی، ڕووی تێ دەکات. ئەو دەڵێت ”بەیانیان زوو دێم بۆ ئەوەی وەرزش بکەم و ڕۆژەکەم بەشێوەیەکی باش دەست پێ بکەم. ڕاستە ئێستە هۆڵی وەرزشی زۆرە، بەڵام هیچ شوێنێک وەک پاڕک نابێت، لێرە هەناسەیەکی خاوێن هەڵدەمژیت، شوێنەکەش پاک و ڕێکوپێکە“.
ئەوەش ناشارێتەوە کە وەرزشکردن لەم ژینگە کراوەیەدا نەک تەنیا لە ڕووی جەستەیییەوە، بەڵکو لە ڕووی دەروونیشەوە سوودی زۆری پێ گەیاندووە و یارمەتیی داوە لە نیگەرانی و دڵتەنگی دوور بکەوێتەوە.
یوسف، دوو کوڕە گەنجەکەشی هان داوە بۆ وەرزشکردن و دەڵێت ”گوناحە گەنج بی و وەرزش نەکەی، هەتا لە پێ نەکەتی قیمەتی تەندروستیت بزانی باشە“، بەدڵخۆشییەوە باس لەوەش دەکات کە دەبینێت خەڵکێکی زۆر لە تەمەنە جیاوازەکاندا، بەتایبەت ژنان و بەساڵاچووان، گرینگی بەتەندروستیی خۆیان دەدەن و بەیانیان زوو ڕوو لەو پاڕكە دەكەن.
ساکار عوسمانی تەمەن ٢٥ ساڵیش، کە کارمەندی کەرتی تایبەتە، زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە لە وەرزشکردن و ڕێكردن لەو پاڕكە. باس لەوە دەکات کە وەرزشی بەیانیان وای لێ دەکات ڕۆژانە بە وزە و چاڵاکییەکی زیاترەوە ڕوو لە کارەکەی بکات. دەشڵێت ”وەرزش لەشێکی ڕێکوپێکی پێ بەخشیوم، لە کارکردنیشدا چاڵاکتری کردووم“.
ئەو كچە، جگە لە سوودە تەندروستییەکان، ئاماژە بە لایەنی کۆمەڵایەتیی پاڕکەکەش دەکات و بەپێکەنینەوە چیڕۆکی هاوڕێیەتیی خۆی لەگەڵ کچێکی بەغدایی دەگێڕێتەوە کە لەم پاڕکە ناسیویەتی ”لێرە بووینە برادەر، تەقریبەن یەک - دوو ساڵ دەبێت. زۆر جار پێکەوە پلانی وەرزشکردن دادەنێین، بەتایبەت ئەگەر ڕۆژەك بمانەوێت ئێوارەكەی بێین. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خۆی وزەیەکی دیکەیە“.
ساكار پێی وایە بینینی بەساڵاچووان کە بەردەوامن لەسەر وەرزش لەو پاڕكەدا، هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەو و دەڵێت ”کاتێک پیاوێکی بەتەمەن دەبینم بەو حەماسەوە ڕادەکات، ئیتر من وەک گەنجێک هیچ بیانوویەکم نامێنێت“.
ئەوەی پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان لە شوێنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەو تێکەڵاوییە کۆمەڵایەتییەیە کە لە خۆی گرتووە. وەک یوسف محەمەد و ساکار عوسمان ئاماژەیان پێ كرد، لێرە، کورد، عەرەب و بیانی پێکەوە وەرزش دەکەن.
ئەمەش جگە لەوەی گۆڕەپانێکی تایبەت بە کەلوپەلی وەرزشیی ئاسنیشی تێدایە کە دەرفەتی زیاتر بۆ وەرزشوانان دەڕەخسێنێت.
جەمیل حوسێن بەڕێوەبەری پاڕکەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە داتایەکی وردیان لەسەر ژمارەی سەردانیکەران نییە، بەڵام پاڕکەکە لە دوو کاتی سەرەکیدا دەگاتە لووتکەی قەرەباڵغی، بەیانیان لە کاتژمێر شەشەوە تا حەفت و نیو، ئێوارانیش لە دوای عەسرەوە تا نزیکی عیشا، زۆرترین خەڵکیش بۆ وەرزشکردن ڕوو لە پاڕک دەکەن.
دەرگەی پاڕکەکە (کە بە دەرگەی هوتێل دیڤان ناسراوە) لە دوای نوێژی بەیانییەوە بە ڕووی هاووڵاتیاندا کراوەیە و تا درەنگانی شەو بەردەوامە، ئەمەش وای کردووە ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ هەموو چین و توێژەکان.
بۆیە ئێستە ئەو پاڕکە لەوە زیاترە کە تەنیا شوێنێکی سەوزایی بێت، بەڵكو بووەتە شانۆی ژیانێکی تەندروست و ناوەندێکی کۆمەڵایەتی کە چیڕۆکی هەزاران کەسی تەندروستی لە خۆ گرتووە. لەم شوێنەدا، وێنەیەکی زیندوو لە پێکەوەژیان و گرینگیدان بەتەندروستی دەبیندرێن.