گۆڤارێكی گەشتیاریی ئه‌مریكی، شاری هه‌ولێری له پله‌ی یه‌كه‌می شاره‌كانی ئاسیا ده‌ستنیشان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاران لە ساڵی ٢٠٢٦دا سه‌ردانی بكه‌ن، بۆ ئەوەش پشتی به ئەزموون و بۆچوونی ئه‌و گه‌شتیاره بیانییانه بەستووە كه له ساڵانی ڕابردوودا سه‌ردانی پایتەختی هەرێمی كوردستانیان كردووه.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، بۆ (گڵكەند) ده‌ڵێت، ده‌ستنیشانكردنی هه‌ولێر له لایه‌ن گۆڤاره‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند پێوه‌رێكه، بەتایبەتی سه‌قامگیریی ئاسایشی شاره‌كه.
گۆڤاره‌كه ئاماژەی به‌وه داوە، له ناوچه‌یه‌كی پڕ له ئاڵۆزی، ئارامترین شار هه‌یه بۆ گه‌شتیاران كه ده‌توانن سه‌ردانی بكه‌ن، ئه‌ویش هه‌ولێره. ئه‌وه‌شی نووسیوه كه هه‌ولێر تێكه‌ڵه‌یه‌كی ناوازه‌یه له شارستانیه‌تی مێژووی كۆن و ژیانی مۆدێرن، باڵه‌خانه‌ی به‌رز و به‌ره‌وه‌پێشچوونی وه‌به‌رهێنان له هه‌موو سێكته‌ره‌كان خاڵێكی دیكەیە كه گۆڤاره‌كه ئاماژه‌ی پێ داوە، له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین بڕاندی جیهانی له كافێ و ڕیستۆرانت و هۆتێل، له هه‌مووشی گرینگتر بۆچوون و خۆشحاڵیی ئه‌و گه‌شتیاره بیانییانه‌یه كه ساڵانی پێشوو سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه، جگه له‌مانه‌ش گۆڤاره‌كه باسی له دامه‌زراوه‌ی ”ڤیزیت كوردستان“ی كردووە كه كار له‌سه‌ر به بازاڕكردنی گه‌شتوگوزار و ڕێبه‌ری گه‌شتیاران لە كوردستان ده‌كات.
لە ڕیزبه‌ندیی شاراندا، كە لە گۆڤاره‌كه‌دا هاتووە، هه‌ولێر بە پێش شارە گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌نده‌نووسیا و هیندستان و یابان و كۆریای باشوور كەوتووەتەوە، ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید ده‌ڵێت، گرینگی‌دان به كه‌رتی گه‌شتیاری له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی پلان و ستراتیژ نه‌ماوه، به‌ڵكو له زەمینەی واقیعدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار باس له سوودی ڕاپۆرته‌كه‌ی گۆڤاری (Condé Nast Traveler)ی ئه‌مریكی ده‌كات، كه له ئه‌وروپا و ئاسیا بڵاو ده‌بێته‌وه و تایبەتە بەده‌ستنیشانكردنی شوێنه نایابه گه‌شتیارییه‌كان بۆ گه‌شتیاران له سه‌رتاسه‌ری جیهان، پێشبینی دەكات ببێتە هۆی ئه‌وه‌ی لە ساڵانی داهاتوودا سه‌رنجی گه‌شتیاری بیانیی زیاتر بكه‌وێته سه‌ر هه‌ولێر، هه‌روه‌ها هاندانێكی باشیش دەبێت بۆ سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆیی و بیانی كه وه‌به‌رهێنانی زیاتر له كه‌رتی گه‌شتیاریدا بكەن، بەم شێوەیە لە ڕێگەی بە‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌كانیان ده‌رفه‌تی كاری زیاتر بۆ دانیشتوانی هەولێر دەڕه‌خسێت و ئابووریی شارەكە زیاتر دەبووژێتەوە.
ئەمەش لە كاتێك دایە مانگی ڕابردوو كۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی نێوده‌وڵه‌تیی گه‌شتیاری له به‌ریتانیاوە، زنجیره پڕۆژه‌ی ڕێچكه‌كانی چیای زاگرۆسیان وه‌كو باشترین پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ستنیشان كرد، كه درێژییه‌كه‌ی ٣٦ كیلۆمه‌تره له ناحیه‌ی دینارته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته بناری هه‌ڵگورد، كه به‌شی زۆری ده‌كه‌وێته سنووری پارێزگەی هه‌ولێر.
له مانگی شوباتی ئه‌مساڵیشەوە به به‌شداریی ١٥٠ یاریزانی پیشه‌گه‌ر له سنووری قه‌زای چۆمان یاریی خلیسكانێی سه‌ر به‌فر ئه‌نجام درا، بڕیاریشه بۆ زستانی ٢٠٢٦ یارییه‌كان فراوانتر بكرێن، وه‌ك سه‌ركێشی گه‌وره و پێشبڕكێی یاری ئۆتۆمۆبێل و ماتۆڕسكیل و په‌ڕه گلایده‌ر و خلیسكانێ و كه‌مپینی مانه‌وه‌ی شه‌و له‌ناو به‌فر.
به‌پێی زانیارییەكانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، جگه له شوێنه مێژوویییه‌كان، له هه‌ولێر ١٦٩٠ بنكه‌ی گەشتیاری به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه هه‌ن، لەگەڵ ٢٨٠ هۆتێل، ٩٥ مۆتێل و ٧٦٥ كافتریا و ڕێستۆرانتی گه‌شتیاری، له‌و ژماره‌یه ٢٢ هۆتێل پێنج ئه‌ستێره و بڕاندن، ٣٠ ڕێستۆرانت و كافێی پله نایابن، هه‌روه‌ها له پێنج ساڵی ڕابردوودا ٨٠ پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری به‌گوژمه‌ی حه‌فت میلیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار له لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی و بیانی له هه‌ولێر ئه‌نجام دراوه.

