لە هەولێری پایتەختدا، کە مۆڵ و بازاڕە نوێیەكان دەیانەوێ بەخێرایی ڕابردووی شارەكە قووت بدەن، هێشتە دڵی چەند بازاڕێكی كۆن لە لێدان نەكەوتووە، بەڵكو بازاڕێكی وەكو كۆنەی شێخ مستەفا بەر لە شار بەخەبەر دێت، هێشتە لە بەیانیانی زووی ڕۆژانی هەینیدا قەرەباڵغترین ڕووگەی كڕیارانە.
جاران لە دەشت و ئاوایییەكانی دەوروبەری هەولێرێ قسەکی باو هەبوو، دەیگۆت ئەگەر چوویە هەولێرێ و کەبابت نەخوارد، حیساب بكە نەچوویە شاری. بەس ئێستە وەكی كەباب گەیشتیتە هەموو كەرخەكی، ئەو قسەیە باوی نەمایە، ئێستە لە جێی ئەوە خەركی قەدیمی هەولێرێ دەرێن ئەگەر جومعەكی نەچییە بازاڕی شێخ مستەفای، حیساب بكە ئەو جومعەت فت.
بازاڕی شێخ مستەفا، کە بازاڕی سورچیانیشی پێ دەڵێن، بازاڕێکی دێرینی هەولێرێیە، ئەگەرچی ڕۆژانە هەیە، شتی تێدا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت، بەڵام ڕەسەنیەتی بازاڕەکە لە ڕۆژانی هەینی وەدیار دەکەوی.
پێنجشەممان، لە دوازدەی شەوێوە فرۆشیار لە گەڕەکەكانی شار و لە قەزا و ناحیەکانی چواردەوری هەولێرێش شوێن دەگرن و شتەکانیان ئامادە و دەردەخەن بۆ بەیانی.
لەو بازاڕەدا، هیچ کەسێک خاوەنی هیچ شوێنێک نییە، ئەوەش تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاكێشە، چونکە تەواوی شەقامەکە دەبێتە بازاڕ و هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێلی تێدا قەدەغە دەکرێت، کێ زووتر بچێت، شوێنە دیار و بەرچاوەکان بۆ خۆی دەگرێت.
یەکێک لە فرۆشیارەکان دەڵێت ”پیاو ئەو پیاوەیە لۆ خۆی زوو بێت، حەز دەکەی با سەت مەتر مڕەبەع لۆ خۆی حجز بکات، کەس ناتانی پێی برێ لەل“. فرۆشیارێکی دیكەش لە بارەی تێكەڵاوی و زۆریوبۆریی شتومەكی بازاڕەكەشەوە دەڵێت ”لێرە بەس بەشەر نافرۆشرێت، دەنا هەموو شت لێرە دەفرۆشرێت و پارەی دەکات“.
بازاڕێكی سەرنجڕاكێشە، ژن دەبینی چەند بزگوڕەكی لە پێشە و شت دەفرۆشێت. پیرەمێرد لەولاوە لبادی ڕاخستووە، بە دەیان بڕغووی گەورە و بچووک و پاک و ژەنگاویی داناوە بۆ فرۆشتن. سەدان شتی بە کەڵک و بێ کەڵک لەو بازاڕە دەبینییەوە، کەس نییە ئەو پرسیارەی بۆ دروست نەبێت داخوا کێ ئەو شتانە دەیانکڕێت؟ بەڵام ئەگەر هەتا ئێوارێ بمێنییەوە، دەبینی هیچ شتێک نییە لەو بازاڕە کڕیاری بۆ پەیدا نەبێت.
بەهۆی ئەوەی لەگەڵ مەلا بانگدانێوە خەڵک ڕووی تێ دەکەن، لەو بازاڕەدا نانی سبەینانیش بەبڕستە. کڕیارێک دەبینی لەفەیەکی لە دەستە، بەهۆی پارووی ناو دەمیەوە قسەی بۆ ناکرێت، بە ئاماژەی دەست دەپرسێت ئەو شتە بەچەندە؟ دوای نانی سبەینێش، كڕیار دەبینی بە دەم گوڵەبەڕۆژەخواردنەوە نرخی درێلێک لە حاجییەکی فرۆشیار دەپرسێت. فرۆشیاری زۆریش هەن، قۆرییەکی کارەبایییان لە تەنیشتە و بەدەم خواردنی نۆک و لۆبیاوە، وەڵامی کڕیار دەدەنەوە. بۆیە ئەوانەی بەیانیان زووتر دەچنە ئەو بازاڕە، بێ بەش نابن لە دیتنی دیمەنە سەرنجڕاكێش و ناوازەكانی ئەوێندەرێ.
مەیدانی مریشكان و كۆتران دیوەكی دیكەی یان تەواوكەری ئەو بازاڕی كۆنەیەی شێخ مستەفایە، چونكە زۆربەی ئەوانەی دەچنە بازاڕی كۆنەكە، دەچنە مەیدانی كۆتر و مریشكانیش، كە چەند سەت مەترەك لەولاترە و كەوتووەتە سەرەتای بازاڕی شێخەڵڵا و سەر پردی سەیداوە.
لە بازاڕی شێخ مستەفا دەیان کەس دەبینی مامەڵەی كەلوپەلێكی کۆنە دەکات و قەفەزێکیشی لە دەستە بەچەند بولبولێکەوە كە لە مەیدانی كۆترانی كڕیوە، یان گەنجەكی دەبینی لایەكی فانیلە بۆرەكەی بەرز بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی چەند کۆترەكی لەناو دانایە و هاتیتە بازاڕی شێخ مستەفا دەرنافیسەكی بكڕی. بە هەمان شێوە لەسەر پردی سەیداوەش، زۆر جار دەبینی ئەوانەی خەریکی کڕینی قەل و قازن، ئامێرێکی کۆنەیان لە دەستە كە تازە لەسەر كۆنەی شێخ مستەفا كڕیتیان.
کەمال هۆرمزیار، پیاوێکی شەست و پێنج ساڵەی تەقاویتە، یەکێکە لەوانەی هۆگری ئەو بازاڕە بووە و بەقسەی خۆی ”نیو قەڕن دەبی هۆگری ئەو بازاڕەیمە، لەخۆڕا ڕات دەکێشی، ناتانی نەچی، هەر جومعە دادێت قەلبم بەخورین دێ. جومعە هەیە لە گوندی سمایلاوەیڕا لە بەینی مەلا قەرە و گوێڕێوە، سبەینە زووەكەی سولفەکی لێ دەدەم و شۆڕی دەکەمەوە لۆ هەولێرێ. دێم لەو بازاڕەی فڕەكی لێ دەدەم، وەكی درم داكەت، دەچمە دەشتێ“.
بازاڕی شێخ مستەفا كە دەکەوێتە گەڕەکی خانەقا و ناوەکەشی بۆ مزگەفتەكەی ماڵی شێخ مستەفای نەقشبەندی لە ناوەندی بازاڕەکە دەگەڕێتەوە. سەردانیكردنی لە هەولێرێ بوویتە نەریت، بە جۆرێك ئەگەر خەڵك هیچ شتێکیشیان نەبێت بیفرۆشن یان بیکڕن، هەر دەبێت ڕۆژانی هەینی سەرەكی لێ بدەن.