پێش چەند ڕۆژێك، دڵێكی گەورە لە جەستە و خانووێكی لاتەریكدا، لە یەكێك لە كۆڵانە بەرتەسكەكانی ناوجەرگەی شار ماڵئاواییی كرد، لە كۆڵانێك كە هەر خشتێکی دیوارەكانی بۆنی سەتان ساڵ مێژوو و پێكەوەژیانی هەولێرییانی هەڵگرتووە. لە ناخی تەنكی هەر دەرگەیەکیدا، سەدای تەقەتەقی بەركەوتنی پشتە پەنجەی سەتان میوانی ئازیزی پیر و كۆچكردوو مت بووە.
دڵی ژنێك كە بەبڕیارێكی بێ دەنگ، بەتەنها مانەوەی لە نێوان كەلاوەكانی كۆڵانی عارەبانی هەولێرێ پێ باشتر بوو لە ژیان لەگەڵ كەسوكاریدا لە شارە گەورەكانی ڕۆژئاوای دنیا. پێش چەند ڕۆژێك دڵی ژنێكی ئەرمەنی لە لێدان كەوت كە نیشانەیەكی زیندووی ڕۆحی پێكەوەژیانی هەولێرییان بوو.
ئەو گەڕەکە هەژارنشینە کۆنەی پێی دەگۆترێت كۆڵانی عارەبان، مێژووەكی دوورودرێژی لە دروستبوون و بنیاتنانی لەسەر دەستی جوولەکان و پێکەوەژیانی سەتان ساڵی نەتەوەکان و جێهێشتنی دەیان و هەزاران یادگاریی تاڵ و شیرین لەو مێژووە و هەڵکەوتنی چەندین ناو و کەسایەتیی دیار و بەرچاوی لە بزاڤی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەری و سیاسی و ئاینیی كوردستاندا هەیە.
یەکێک لە جوانترین سیماكانی ئەو گەڕەکە ئەوە بوو، قەت خەڵکەکەی جیاوازییان لە نێوان نەتەوەکان نەدەکرد و هەر کەسێک لە کۆڵان و نێزیک کڵێسا و حەمامەکەی عەسری ژیا بووایە بەکەسی خۆیان زانیوە، هەژاری و دەوڵەمەندی نەیدەتوانی وایان لێ بکات دەست لەو خانووە کۆن و گەڕەکە هەژارە هەڵگرن، چونکە سروشتەکەی وا بوو، ئەوەی پێیدا تێپەڕ بووایە دەبووایە جارێکی دی سەر لەو گەڕەکە بداتەوە، چونکە هەستی بەڕابردووەکی جوان و مێژووەکی دەوڵەمەند لە پێگەیاندنی کەسایەتییەکانی شار دەکرد.
یەکێک لە بەخشندەترین و جوانترین كەسەكانی ئەو گەڕەكە، ژنێکی عەبابەسەری ئەرمەنی بوو، کە کچی پیاوێکی خێرخواز بوو، ئەویش خاتوو ئیپەک ئەردەواس بوو، کە هەمیشە جیاواز لە ئافرەتانی دیکەی گەڕەک دەردەکەوت، بەو پێیەی قژێکی زەردی زێڕین و ڕووخسارێکی ڕەشتاڵەی لێو بەخەندەی هەبوو، کە هەموو کات لە چاوەڕوانی کوڕە تاقانەکەیدا بوو، چونکە خودای مەزن یەک دیاریی خۆی پێ بەخشی بوو، ئەویش ناوی (ئارا) بوو، بووبووە سەلوای ژیانی.
ئەپۆ نازناوی ئەو ژنە ئێسک سووکە خۆشمەحشەرە بوو، کە بە زمانێکی پاراوی هەولێرییانە هەموو ڕۆژێک هەواڵی هاوڕێیانی دەپرسی و باسی یادگارییە شیرینەکانی خۆی و خانەوادەکەی بۆ هاوڕێكانی دەگێڕاوە، باسی ئەوەی دەكرد كە لەو گەڕەکەدا چۆن ژیاون و چۆن باوکی وەک پیاوێکی بەهەڵوێست و خێرخواز لە ناوەڕاستی سەتەی ڕابردوودا لە کاتی قاتوقڕی و بێ ئاویی هەولێر، بە تانکەر ئاوی هێناوەتە ئەو گەڕەکە و بەسەر خەڵکی هەولێری دابەش کردووە، تەنانەت چەند جارێکیش باسی لەوە دەکرد، کە باوکی وەک ڕێزێک لە ئاینی ئیسلام و جەژنی قوربان و ڕەمەزاندا، قوربانیی دەکرد و گۆشتەکەی دەدایە خەڵکی هەژارنشینی كۆڵانی عارەبان، کە ئەو کات دانیشتوانی زۆربەیان هەژار بوون و نەیانتوانیوە قوربانی بکەن، ئەمەش وەک خەسڵەتێکی جوانی ئەو خانەوادەیە هەژمار دەکرا و هیچ کات خەڵکی گەڕەکەکە هەستیان بە جیاوازیی نێوان ئاینەکەی ئەردەواسی باوکی ئەپۆی ئەرمەنییان نەدەکرد، چونکە ئەو خانەوادەیە بڕوایان وا بوو ویژدان و ڕەحم و بەزەیی هاتنەوە بەمرۆڤ، بەشێکە لە ئاین.
ئەپۆ لە دوای کۆچەكەی، تاسەی لە دڵی هەموواندا بەجێ هێشت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە بەردەم ماڵەکەیدا تێپەڕیم، ژوورە ڕووناکەکەی ئەو ئافرەتە عەبابەسەره خامۆش بوو، ئەویش کاروانی خۆشەویستی و یاد و یادەوەرییە جوانەکانی لە كۆڵانی عارەبانەوە بەرەو گۆڕستانی عەنکاوە جێ هێشت و کۆچێکی بێ دەنگی کرد، بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک جوانتر بوو لەو ئافرەتەدا ئەوە بوو کە وێڕای ڕۆیشتنی برا و خوشک و کەسە نزیکەکانی بۆ دەرەوەی وڵات و جێهێشتنی ئەو وڵاتە، ئەو بڕیاری دا تا دوا هەناسە لە خانووە بچکۆلانەکەی كۆڵانی عارەبان بمێنێتەوە، کە ساڵانێکی زۆر بوو سەرمایەدارێکی ڕەسەنی هەولێر وەک وەفایەک بۆ ئەو خانەوادەیە و ڕێزگرتن لە سیمای پێکەوەژیان لەو گەڕەکە، کرێی خانووەکەی لێ وەرنەدەگرت، بگرە چەندین جار هاوکاریشی دەکرد، بۆ ئەوەی هەست بە غوربەت و ئازارەکانی ژیان نەکات، ئەویش بڕیاری دابوو، دوا هەناسە لە بەردەم قەیسەری و باتا و مەچکۆ و منارەی سەرکەشی هەولێر بدات، کە بووبووە لانکەی هەژاران و پێکەوەژیانی کلدان و ئاشووری و عەرەب و کورد و هەموو ئەوانەی لە زێدی باب و باپیرانیان ڕوویان لەم شارە شیرینە کرد بوو.
ئەپۆ تا ئەو ڕۆژەی مرد، خۆی بە قەرزاری هەولێر و پیاوێکی خوا پێداوی بەخشندەی ئەو شارە دەزانی، کە نانێک لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ ئەو ژنە ئەرمەنستانییە قژ زەردە ڕەشتاڵە بەش دەکرد.