بەپێی بەڵگەنامەیەكی ساڵی ١٩٣٣، قایمقامی قەزای کۆیە داوای دامەزراندنی کارگوزارێک بۆ باڵەخانەی قایمقامیەتی قەزاکە لە موتەسەڕیفی لیوای هەولێر دەکات. قایمقامی ئەو کاتی کۆیە لە مانگی تەمووزی ١٩٣٣دا نووسراوێکی بە زمانی کوردیی ئەو کات، ئاراستەی موتەسەڕیفی لیوای هەولێر کردووە بۆ دامەزراندنی کارگوزارێک. لە نووسراوەکەدا هاتووە، قایمقامی کۆیە جەختی لە گرینگیی دامەزراندنی کارگوزارێک بۆ باڵەخانەی قایمقامیەتی کۆیە کردووەتەوە بۆ هەڵگرتنی پیسایی و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و خزمەتکردنی باخچەی قایمقامیەت و ئاوڕشێنکردنی حەوشەکەی، کە خۆڵ بووە.
بەڵگەنامەکە بەزمانی کوردی نووسراوە، ئەمەش بۆ ساڵی ١٩٣٣ گرینگییەکی زۆری هەبووە.
